نۆژداره‌كا ئێزدى تراژیدیترین دیمەنێن ئازاردانا ژنه‌كا ئێزدى ڤه‌دگه‌رينت

نه‌وا:
پزیشكێكی كوردی ئێزدی ئاشكرای دەكات، تائێستا زیاتر لە دوو هەزار كچ و ژنی رزگاربووی ژێردەستی داعش چارەسەری دەروونییان وەرگرتووە، دەشڵێت "گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی ئەوەی داعش بەرانبەر بە كوردی ئێزدی كردویەتی، بە خەیاڵی هیچ كەسێكدا نەهاتووە".

نەغەم نەوزاد حەسەن ژنە چالاكوانی كوردی ئێزدی، كە خاوەنی خەڵاتی بوێرترین ئافرەتی جیهانە، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ باسی لە رەوشی كچ و ژنانی رزگاربووی ژێردەستی داعشی كردوە و دەڵێت "ژیانی هەر رزگاربوویەكی ژێردەستی تیرۆریستانی داعش چیرۆكێكی تراژیدیای لەخۆگرتووە، كچانی ئێزدی وەك شووشە شكێندراون و هەر پارچەیەكیان بەسەر چەكدارێكی داعشدا دابەشكراوە، سەركێشیەكی گەورەیە كە ئەو كچ و ژنانە دوای ئەو هەموو ئەشكەنجە و ئازارە چارەسەر وەردەگرن و باری دەروونییان ئاسایی دەبێتەوە".

وتوشیەتی "هەر لەو كاتەی داعش شنگالی داگیركرد و هەزاران كچ و ژنی كوردی ئێزدی كەوتنە دەست ئەو رێكخراوە، لە سەرەتادا ژمارەی كچ و ژنانی رزگاربوو كەمبوون، ئەو ژمارە كەمەی هەبوون لە نێو كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك نیشتەجێكرابوون، منیش لە رێگەی چەند هاوكارێكم بەردەوام سەردانی كەمپەكانمان دەكرد، بۆ ئێمە كارێكی زۆر قورس بوو، چونكە سەنتەرێكی تایبەت نەبوو كە ئەو كچ و ژنانەی تێدا چارەسەر بكەین، بەردەوام هاتوچۆمان دەكرد، رزگاربووانیش هەر لەوكاتەوە تا ئێستا لە توانایاندا نییە سەردانی نەخۆشخانە بكەن بۆئەوەی چارەسەر وەربگرن، چەند مانگێك بەبێ بوونی سەنتەرێكی تایبەت لە سەردانەكانمان بۆ كەمپەكان بەردەوام بووین".

نەغەم وتیشی "پێش كردنەوەی سەنتەرێكی تایبەت دەیان كچ و ژنی رزگاربووی دەست داعشمان چارەسەر كرد، دواتر داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك كرد كە پێویستیمان بە سەنتەرێكی تایبەت بۆ چارەسەركردنی لایەنی دەروونی و جەستەیی كچ و ژنانی رزگاربووی ژێردەستی تیرۆریستانی داعش هەیە، خۆشبەختانە بەدەم داواكارییەكەمان هاتن و لەو سەنتەرە زیاتر لە 950 كچ و ژنی رزگاربووی تەمەن 8 ساڵی تا 75 ساڵیمان چارەسەركردووە".

ئەو دەڵێت "یەكێك لە نهێنی سەركەوتنی من لە بوارەكەم ئەوەیە ئافرەتم و چارەسەری دەروونی بۆ ئافرەتە رزگاربووەكان دەكەم. ئەو كچ و ژنانەی لە دەست داعش چەوسێندراونەتەوە و تاوانیان بەرامبەریان ئەنجامداوە، بەبێ شەرم، ترس و دوو دڵی هەموو چیرۆكەكانم بۆ دەگێڕنەوە، جگە لەمەیش كەسوكاری رزگاربووانی دەست داعش لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ ئێمە لە حاڵەتە نەخوازراوەكان ئاگادارمان دەكەنەوە، ئێمەش لەگەڵ دەستەی كاركردنمان لە بوارەكە هەوڵمانداوە برینی رزگاربووان هەتوان بكەین، سەرەڕای چەندین بەربەست خۆشبەختانە تا ئێستا بە سەركەوتوویی كارەكانمان راپەڕاندووە".

ئەو ژنە چالاكوانە لەوەڵامی پرسیارێك لەبارەی بوونی بەربەست لەبەردەمیاندا؟ وتویەتی "كەمی پزیشكی پسپۆڕ لە بواری دەروونی یەكێكە لە كـێشە هەرە سەرەكییەكانی سەنتەرەكەمان، پێویستیمان بە پزیشكی تایبەتمەند هەیە بۆ چارەسەركردنی دەروونیی كچ و ژنانی رزگاربووی ژێردەستی داعش، چونكە رێژەی رزگاربووان لە بەرزبوونەوەدایە، ستافی كاری ئێمەیش تەنها لە سێ پزیشك پێكهاتووە، بۆیە داواكارین پزیشكی پسپۆڕ لە بواری دەروونی بۆ سەنتەرەكەمان دابین بكرێت بۆئەوەی لە كاتێكی كەمتر رزگاربووی زیاتر چارەسەربكەین، بەڕاستی چارەسەركردنی دەروونیی رزگاربووانی ژێردەستی داعش كارێكی ئاسان نییە، چونكە زۆرێك لە رزگاربووانی ژێردەستی داعش دەیان جار كڕین و فرۆشتنیان پێكراوە و بە كۆمەڵ دەستدرێژی سێكسیان كردووەتەسەر و تەنانەت دەیان كەسی وا هەیە هەموو ئەندامانی خێزانەكەی گیانیان لە دەستداوە تەنها خۆی ماوە، بۆیە چارەسەركردنی ئەو رزگاربووانە قۆناغێكی درێژخایەنی پێویستە".

باسی لە بەربەستی دیكەیش كردوە ودەڵێت " ئاستەنگێكی تر لەبەردەم كارەكانی ئێمە، نەبوونی بودجەی پێویستە، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم هاوكارییەكی تەواوی كرد لە كردنەوەی سەنتەرەكە لە مانگی یەكەم هاوكاری چارەسەریشی پێشكەش كردین، بەڵام لە ئێستا وەك دەزانین حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیرانی داراییدایە و بودجەی پێویستی لە بەردەستدا نییە، ئێمە ئەو رێژە زۆرەی رزگاربووان لەسەر تێچووی سەنتەرەكەمان چارەسەر دەكەین لە ئێستادا پێویستیمان بە دەرمان و كەلوپەلی پێویستە، تەنانەت كرێی هاتوچۆی رزگاربووانیش لەسەر ئێمەیە، چونكە رزگاربووانی ژێردەستی داعش لایەنی ئابووری، كۆمەڵایەتی و دەروونی زۆر زۆر خراپن، جاری وا هەبوو نەخۆشێك یان بڵێین رزگاربووێیكی ژێری دەستی داعش لە هەفتەی دووجار سەردانی سەنتەكەی ئێمەی پێویست بووە".

رووی قسەكانیشی كردە حكومەتی عیراق و وتی "حكومەتی عیراق هیچ هاوكاری كوردانی ئێزدی نەكردووە پێش داعش و لە ئێستاشدا، لەم ساتەدا ئێمە پێداویستی پزیشكی و مرۆیی و چەندین پێداویستی دیكەمان هەیە، ئێمە نازانین بۆچی حكومەتی عیراق وەك بابەتێكی مرۆیی لە رووداوەكانی شنگال و كوردی ئێزدی ناڕوانێت؟ بەڵێنی هەندێك پڕۆژەی وەك كردنەوەی فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتی بە ئێمەدا ئەویش تەنها مرەكەبی سەر كاغەز بوو".

هەروەها رۆڵی حكومەتی ئەڵمانیا بە باش وەسف دەكات لە هاوكاریكردنی كچ و ژنانی رزگاربووی ژێردەستی داعش و دەڵێت "جێگەی دەستخۆشی و خۆشحاڵی ئێمەی كوردانی ئێزدییە كە حكومەتی ئەڵمانیا بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵسا بە  گواستنەوەی هەزار و 80 كچ و ژنی كوردی ئێزدی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری دەروونی، من وەك سەرپەرشتیاری رێكخراوی خۆجێی و خۆبەخشی مرۆیی ئەڵمانیا بە ناوی (Luftburack irak ) پزیشك بووم لەم رێكخراوە كارمان لەسەر دەروونی هەزار و 80 كچ و ژنی رزگاربووی ژێردەستی داعش كرد، باری دەروونی رزگاربووان لە ئەڵمانیا جێگیرتر بوو لەوەی لە هەرێمی كوردستان چارەسەریان وەرگرتبوو".

سەبارەت بەوەی كاریگەرترین چیرۆكی ژیانی ژێردەسەڵاتی داعش وتی "هەموو چیرۆكەكان كاریگەر و تراژیدی بوون، دەیان چیرۆك هەن كە دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر منداڵانی تەمەن هەشت ساڵ و نۆ ساڵ، سەدان حاڵەتی دەستدرێژی بە كۆمەڵ هەبووە و كڕین و فرۆشتنیان پێكراوە، بەڵام لە هەمووی زیاتر كە زۆری گریاندم و لە بیرم ناچێتەوە ئەویش ئافرەتێكی تەمەن 70 ساڵی لە هەوڵدابوو رابكات لەژێردەستی داعش، كەچی تیرۆریستانی داعش دەستگیریان كردوە و بە بەرچاوی خەڵكەوە چەكدارانی خۆی ریزكردوە و هەر چەكدارێك پارچەیەك لە جلوبەرگی لەبەردا داكەندوە تا هەموو جلوبەرگیان لەبەری داكەندوە و بەڕووتی لە نێو خەڵكدا سوڕاندویانەتەوە، ئەمە بۆ من كاریگەرترین بوو كە ئافرەتێكی بەساڵاچو و قژ سپی بەو جۆرە سزا بدرێت".

نەغەم نەوزاد حەسەن ژنە چالاكوانێكی كوردی ئێزدییە و باری داراییان مامناوەندە. لە ساڵی 2002 كۆلێژی پزیشكی بواری ژنان و منداڵبوونی لە زانكۆی موسڵ تەواو كردووە، دوای رووخانی رژێمی بەعسی عیراق لە ساڵی 2003 لە نەخۆشخانەی كەركوك دامەزراوە.

دواتر بۆ ماوەی دوو ساڵ لە موسڵ كاری پزیشكی كردووە، بەهۆی بوونی رێكخراوی قاعیدە لەوكاتە ژیانی كوردانی ئێزدی لەژێر هەڕەشەدا بووە، هەر لەوكاتەوە دكتۆرە نەغەم نەوزاد دەست دەكات بە داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ بە گشتی و كوردی ئێزدی بە تایبەتی، لەبەر ناسەقامگیری دۆخی ئەمنیی شاری موسڵ روویكردۆتە شارۆچكەی شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆك، بۆ ماوەی حەوت ساڵ وەك چالاكوانێكی كوردی ئێزدی و وەك پزیشكێك لە چەندین رێكخراوی ناوخۆیی و بیانی كاری كردووە، چەندین خولی راهێنانی بەسەركەوتوویی لە چەندین وڵاتی عەرەبی لە بوارەكانی مافی مرۆڤ تەواو كردووە.

لە 3ی ئابی ساڵی 2014 دوای كارەساتی شنگال هەموو ژیانی خۆی تەرخان دەكات بۆ خزمەتكردنی رزگاربووانی ژێر دەستی داعش، شەو و رۆژی خستووەتە سەر یەك بۆ چارەسەركردنی لایەنی دەروونی و جەستەیی كچ و ژنانی رزگاربووی ژێردەستی داعش. لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی كوردستان بەردەوام چاودێری رزگاربووان دەكات.
بەهۆی ئەوەی سەركەوتووانە چارەسەری دەروونیی كچ و ژنانی رزگاربووی ژێردەستی داعشی ئەنجامداوە ، لە 29ی ئاداری ساڵی 2016 وەك یەكێك لە بوێرترین ژنانی جیهان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا خەڵات دەكرێت، هەر لە هەمان ساڵدا لە 14ی حوزەیران لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە خەڵاتی سەركەوتنی لە بواری چالاكوانی مافی مرۆڤی پێبەخشرا، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لەلایەن كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، بۆ رێزگرتن لە ماندووبوونی خەڵاتی رێزلێنانی پێشكەش بكرێت.

تعليقات

المشاركات الشائعة