وەفدێكی نێودەوڵەتی پسپۆڕانی بواری جینۆساید بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی شنگال، پشكنینی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردی ئێزدی و كۆكردنەوەی دۆكیۆمێنتەكانی بەجینۆسایدناساندنی كەیسی كوردی ئێزدی، هەروەها بۆ وەرگرتنی چیرۆك و ژیانی رزگاربووانی ژێردەستی داعش، گەیشتوونەتە پارێزگای دهۆك.
لەبارەی گەیشتنی ئەو وەفدە نێودەوڵەتییەوە، حسێن قاسم حەسون ئەندامی لیژنەی باڵای بەجینۆساید ناساندنی كەیسی كوردی ئێزدی رایگەیاند، ئەو وەفدە نێودەوڵەتییەی گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان، سەردانی پارێزگای دهۆكیان كرد و لە نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ژێردەستی داعش لە نزیكەوە چەندین چیرۆكی ژیانی كچ و ژنانی رزگاربووی ژێردەستی داعشیان وەرگرت و لە رۆژانی داهاتوودا دەست دەكەن بەلێكۆڵینەوە لە رووداوەكان و سەردانی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگال و دەورووبەریشی دەكەن و بۆ ماوەی دە رۆژ لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە. دوای تەواوكردنی سەرجەم كارەكانیان و كۆكردنەوەی زۆرترین بەڵگە لەسەر تاوانەكانی داعش بەرامبەر بەكوردی ئێزدی، هەموو دۆكیۆمێنتەكان دەگەیەننە دادگای نێودەوڵەتی لاهای.
حسێن قاسم حەسون، كە هاوكات سەرپەرشتیاری دۆسیەكانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردی ئێزدییە بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە، ئەو وەفدەی هاتووەتە هەرێمی كوردستان، پسپۆڕی بەجینۆسایدناساندنن لە دادگای نێودەوڵەتی، یەكەم هەنگاوی كارەكانیان دەیان كچ و ژنی رزگاربووی ژێردەستی داعشیان لە نزیكەوە بینی و تەواوی تاوانەكانی داعشیان بەدۆكیۆمێنت كرد كە بەرانبەر ئەو كچ و ژنانە ئەنجام دراون، چیرۆكی هەر رزگاربوویەك بەڵگەیەك بوون بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی كوردی ئێزدی.
ئەو ئەندامەی لێژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی كوردی ئێزدی دەشڵێت "لە رۆژانی داهاتوودا تەواوی ئەندامانی ئەو وەفدە نێودەوڵەتییە كە لە شەش پسپۆڕی بوارەكانی بە جینۆساید ناساندن و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان پێكهاتوون، سەردانی شارۆچكەی شنگال دەكەن لە شوێن و چۆنیەتی رووداوەكانی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر بە كوردانی ئێزدی دەكۆڵنەوە و پشكنینی سەرجەم گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەكەن كە لەلایەن داعشەوە بە شێوەیەكی دڕندانە كۆمەڵكوژ كراون لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان ژێرخاك نراون، تا ئێستا ٢٨ گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە، گۆڕە بە كۆمەڵەكان تەڵبەند كراون و تا ئێستا هەڵنەدراونەتەوە و نازانین چەند رووفاتی تێدایە".
لەبارەی هۆكاری هەڵنەدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانیشەوە ناوبراو وتویەتی "ئەو بەربەستەی لە بەردەم كارەكانی لێژنەكەی ئێمە و وەفدە نێودەڵەتییەكانە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردی ئێزدی لە شنگال، نزیكی تیرۆریستانی داعشە لە گۆڕەكان، چونكە چەند جارێك سەردانی ئەو شوێنانەمان كردووە، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەچڕی بۆردومان كراوین، ئەمەیش وایكردووە كاری پێویست بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان نەكەین، چونكە ئەو زانا و پسپۆڕانەی لە وڵاتانی بیانی دێن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، دەیانەوێت گیانیان پارێزراو بێت و داعش لە ناوچەكە نەمێنێت".
حسێن قاسم حەسون ئاماژەی بەوەدا كە ئەندامانی ئەو وەفدە نێودەڵەتییەی بەجینۆسایدناساندن رەخنەی توند لە دادگای نێودەوڵەتی دەگرن و بەكەمتەرخەمی دەزانن لە جینۆسایدناساندنی كەیسی كوردی ئیزدی، بەهەمان شێوە رەخنە لە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەگرن و بەكەمتەرخەم ناوی دەبەن، پێیانوایە كە ئەو دوو دامەزراوە گرنگە بەبەرپرسیارییەتییە مرۆیی و یاسایی خۆیان هەڵنەستاون، چونكە لە روویی مرۆییەوە دەبوو هەموو كەمینە نەتەوەیی و ئایینیەكانی وەك كوردی ئیزدی و كریستیانەكان بپاراستبایە، لە رووی یاساییشەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنەوەیەكگرتووەكان كەمتەرخەم بوون چونكە ئەركی ئەوانە هەڵستن بەكردنەوەی دەرچەیەك لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی كەیسی بەجینۆسایدناساندنی كوردی ئێزیدی، بۆیە ئەو وەفدەی زانایانی نێودەوڵەتی لە بواری جینۆساید هەوڵدەدەن كارێك بكەن بۆ ئەوەی رێگەیەكی دیكە بدۆزنەوە رێگر بن لە كەمتەرخەمییەكانی دامەزراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان.
ئەو دەڵێت "دوای ئەوەی ئەو وەفدە كارە یاساییەكانیان تەواو كرد، بۆ ئەوەی لە رووی یاساییەوە كەیسی كوردی ئیزدی بەجینۆساید بناسێندرێت تاوتوێی ئەوە دەكەین كە دادگایەكی تێكەڵ بۆ بەجینۆساید ناساندنی كوردی ئێزدی بكەینەوە كە ئەم جۆرە دادگایە لەلایەن شارەزایانی نێودەوڵەتی لە بواری یاسا، داواكاری گشتی و دادوەرانی نێودەوڵەتی بواری جینۆساید سەرپەرشتی دەكرێت كە ئەمەیش قۆناغێكی گرنگ دەبێت بۆ باشتر بەڕێوەچوونی كەیسەكە".
دەشڵێت: "كەیسی كوردی ئێزدی لە رووی سیاسییەوە بەجینۆساید ناسراوە و پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، كۆنگرێسی ئەمریكا و پەرلەمانی بەریتانیا و چەندین دامەزراوەی دیكە داننیان بەجینۆسایدی كوردی ئێزدی ناوە، ئەوەی ماوە لە رووی یاساییەوە بەجینۆساید بناسێندرێت كە ئەمە روو بەهێزەكەیە. ئەو رابیتەی زانایانی جینۆساید هاتوون كە چۆن لە رووی یاساییەوە كەیسەكە بەجینۆساید بناسێنن".
لە كۆتاییدا رووی قسەكانی كردە حكومەتی عیراق و وتی: "حكومەتی عیراق لە هەموو روویەوەكەوە بەرامبەر بەكوردی ئیزدی كەمتەرخەم بووە، نە لە بواری یاسایی یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی كەیسەكە بەجینۆساید بناسێندرێت، نە لە رووی مرۆییەوە هاوكاری بەخشیوەتەوە كوردی ئێزدی. گلییەكانمان سەبارەت ئەو پەراوێزخستنە لەلایەن حكومەتی عیراق دەگەیەنینە لایەنی نێودەوڵەتی و سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین".
تعليقات