رزگاربوويه‌ك:ب هەزاران ژنێن ئێزدى د دەستێ داعشێ دان

وشه‌
لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا، خەلیفە كە ئافرەتێكی تەمەن ٢٠ ساڵی ئێزیدی بوو، لەگەڵ كوڕە تەمەن سێ ساڵەكەی لە لایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنرا و دواتر كرا بە كۆیلەی سێكسی، ئەو لە ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعش چەندان جار فرۆشراوە و كۆمەڵێك نەهامەتی بەسەر هاتووە. ئەو بەشێكی بچووك لەو نەهامەتی و ستەمانە بۆ VOA باس دەكات كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چێشتوویەتی.

كاتێك چەكدارانی داعش گەیشتنە شارەكەی ئێمە، من و خوشكم لەگەڵ ١٤ كەسی تر هەڵاتین. خۆم و خوشكم هەردووكمان دووگیان بووین و سەرەڕای ئەمە  ٤٥ خولەكمان بە پێ بڕی و هەوڵمان دا خۆمان لە دەستی چەكدارانی داعش رزگار بكەین، بەڵام كاتەكە زۆر درەنگ بووبوو. هەندێك هاوڕێ و خزم تەلەفۆنیان بۆ كردین و پێیان گوتین ئەگەر نەگەڕێنەوە داعش هەڕەشەی لێمان كردووە هەموومان دەكوژن. كاتێك بۆ شوێنی خۆمان گەڕاینەوە، چەكدرانی داعش گەمارۆیان داین و سەرجەممان گیراین.

رۆژی دواتر چەكدارانی داعش پیاوەكانیان لە ژنەكان جیا كردەوە و ئافرەتە گەنجەكانیان بۆ گرتووخانە گواستەوە. ئێمە بۆ ماوەی یەك هەفتە راگیراین چونكە فڕۆكەكان  بەخەستی گرتووخانەیان بۆردومان دەكرد. دواتر كە هێرشەكان وەستان ئێمەیان راگواستەوە بۆ گوندێك كە كەسی لێ نەمابوو. من بە چەكدارەكانم گوت تكایە رەچاوی من بكەن چونكە دووگیانم، بەڵام ئەوان متمانەیان بە قسەكەی من نەكرد. ئەوان گوتیان "ئێوە درۆ دەكەن تەنانەت هێشتا مارە نەكراون."


دوای چەند رۆژ من منداڵەكەم بوو و ئەوجار ئەوان زانیان من درۆم نەكردووە، ئەگەرچی هیچ شتێك لە پرسەكە نەگۆڕا چونكە هیچ شتێك بەلای چەكدارانی داعشەوە گرینگ نەبوو. من و كوڕەكەم و كچە كۆرپەكەمیان یان بۆ رەقەی سووریا گواستەوە.
  
لە رەقە چەكدارێكی داعش كە خەڵكی سعوودیە بوو بە منی گوت "من چاوم لەسەر تۆیە، یەكێكی تریش كە زۆر لە من گرینگترە تۆی دەوێت، بەڵام من تۆ دەبەمە هەر شوێنێك پێت خۆش بێت، دواتر دەتگەڕێنمەوە ماڵەكەت لە كوردستان." من لە گرتووخانە مامەوە و نەمدەزانی چەكدارانی داعش دەیانەوێت چی بكەن. دواجار باوەڕم بەو كەسە كرد ئەو قسانەی پێ گوتم. هەڵبەت هەڕەشەی ئەوەشی لێ كردم ئەگەر لەگەڵی نەچم ئەوا منداڵەكەم لێ دەستێنێت.

ئێمە نەچووینە كوردستان، ئەو منی بردە حەلەب و منی بە پیاوێكی تر فرۆشت كە ناوی محەمەد بوو پلەی ئەمیری لە نێو داعشدا هەبوو. منیان بردە نهۆمی دووەمی خانوویەك كە لە لایەن چەكدارانی داعشەوە دەپارێزرا و لە دوو بنكەی داعش نزیك بوو. ئەوان بڕیاریان دا ناوم لە خەلیفەوە بۆ لامیا Lameya بگۆڕدرێت.

محەمەد گوتی "لامیا سەیر بكە ئێمە چەندە بوێرین." ئەو گرتەیەكی ڤیدیۆیی پێ نیشان دام كە تیایدا خەڵكیان دەكوشت و دەیگوت ئێمە هەورەك چۆن سەری ئاژەڵ دەبڕین هەر بەو شێوەیەش سەری مرۆڤ دەبڕین. من پرسیارم لێی كرد "ئەو خەڵكە چییان كردووە تا بەو هۆیەوە سەریان لە لەشیان جیا بكرێتەوە." بەڵام ئەو وێنە و گرتەی تری نیشانی من دەدا و كاتێك زۆر دڵتەنگ بووم بە وێنەكان، پێی گوتم دەمانەوێت ئافرەتێكی بوێرت لێ دروست بكەین.

پێنج مانگ لە ژیانی من لەگەڵ ئەو پیاوە تێپەڕیبوو كە جەژنی نەورۆز دەستی پێ كرد، لە یەكەم رۆژی نەورۆز لەسەر تەختەكەم پاڵ كەوتبووم و لەناكاو محەمەد هاتە ژوورەوە و پێی گوتم "لامیا ئەمڕۆ نەورۆزە تۆ لە نەورۆزدا چی دەكەی؟ ئایا دەكرێت تۆ كورد بیت و نەزانیت نەورۆز چییە!" منیش هەوڵم دا بێ دەنگ بم و وەڵامی پرسیارەكەی نەدەمەوە. دواتر پێی گوتم "ئێستە پێت دەڵێم كە ئێمە لە رۆژی نەورۆزدا چی دەكەین و چ بەرنامەیەكمان رێكخستووە، لامیا خێرا خۆت ئامادە بكە و منداڵەكانیش بهێنە و دەمەوێت بە بۆنەی یەكەم رۆژی نەورۆز سورپرازتان بكەم."

من سەرەتا خۆشحاڵ بووم چونكە دەمێك بوو كەس بەزەیی پێمدا نەهاتبوو، چ بگا بەوەی كە یەكێك بیەوێت هەواڵێكی خۆشم پێ بدات. كاتێك پەنجەرەم كردەوە چاوم بە ٢٥ كەس كەوت كە جلكی پڕتەقاڵییان لەبەردابوو، وەمزانی ئەوانە فەرمانبەری شارەوانین  و هاتوون ماڵەكەمان بۆ خاوێن بكەنەوە.

بەڵام دواتر كاتێك چاوم بە ئەمیرێكی داعش كەوت كە شتێكی بەدەستەوەیە، بۆم دەركەوت كە ئەوانەی جلكی پڕتەقاڵیان لەبەر كراوە پێشمەرگەن. ئەمیرەكە نووسراوەكەی دەستی كردەوە و لاپەڕەیەكی ئیمزا كرد، دواتر من زانیم ئەوە دەیانەوێت سەرجەمیان لە سێدارە بدەن و ئەمیرەكە فەرمانی لەسێدارەدانی ئیمزا كردووە.

محەمەد پرسیاری لێم  كرد  و گوتی، "پێت وایە بۆچی ئێمە ئەو خەڵكە سەردەبڕین و دەیانكوژین؟" لەكاتێكدا من زۆر ترسا بووم و لە ترسان دەلەرزیم، چاوم بە  كۆمەڵێك پیاوی جلك رەش كەوت كە دیلەكانیان خستە سەرچۆك و دەستیان بە سەربڕین كرد. دوایین كەس بەر لەوەی كە سەری ببڕدرێت، هاواری دەكرد تكایە مەمكوژن و رێگەم پێ بدەم بژیم. من پاڕامەوە لانی كەم ئەو پیاوە نەكوژرێت و بە بەزەیی بن بەرامبەری. 
ئەو گوتی من ناوم هەڤاڵ محەمەدە و خەڵكی كەركووكم لە كوردستانی عێراق و تەنیا دەمەوێت ئەوە ئاشكرا بكرێت لێرە چ شتێك رووی داوە. دوای ماوەیەكی كورت سەری ئەویشیان لە لەشی جیا كردەوە. ئەمیرەكە فەرمانی دا هەموو ئەو تەرمانە دەرخواردی سەگ بدەن.


ئافرەتەكە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت ئەوەی ئەو باسی كردووە، مشتێكە لە خەلوارێك نەهامەتی و دڕندەیی و ستەمەی لەو ماوەیەی لە نێویاندا بووە بە چاوی خۆی بینیویەتی یان هەستی پێ كرووە و ئەگەر باسیان بكات چیرۆكێكی زۆر درێژ دەبێت.

خراپترین بەشی ژیانم لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە بەكارهێنانی زۆر بۆ مەبەستی خراپ. ئەگەر یەكێك لەوان ویستبای دەستدرێژیم بكاتە سەر، بەزۆر دەستیان دەبەستم و دەستدرێژییان دەكردمە سەر. كاتێك لە شەڕێكدا ئەوان سەرنەكەوتبان یان زیانیان بەركەوتبایە، ئەوا دەهاتنەوە رق و كینەكەیان بەمن هەڵدەڕشت. كاتێك داعش لە كۆبانێ شكستی خوارد و شارەكەی لە دەست دا، من لە لایەن چوار چەكداری داعش دەستم بەسترا و دەستدرێژیم كرایە سەر.

كاتێك بۆ یەكەم جار گەڕامەوە كوردستان و بە پارە رزگار كرام، وەك مرۆڤێكی مردووم لێ هاتبوو. ئێستە من دووبارە دەستم بە ژیان كردووەتەوە و دووبارە ناوەكەم بووەتەوە بە خەلیفە. پێویستە ئەو شتانەی بەسەرمدا هاتووە دووبارە دەریانببڕم و ئاشكرایان بكەم، هەرگیز ناتوانم ئەو رۆژانە فەرامۆش بكەم. ئێستە بە هەزاران ئافرەتی تر لە دەستی داعشدان و هەموو رۆژێك ئەو نەهامەتییانەیان بەسەر دێت كە بەسەر منیشدا هاتووە. ئێمەی ئێزیدی هیچ شتێكمان ناوێ و پێویستیشمان بە هیچ شتێك نییە و هیچ ئارەزوویەكمان نییە جگە لە رزگاركردنی كچەكانمان لە دەستی داعش.

تعليقات

المشاركات الشائعة