خانا ئێزی بۆچی هاتيه‌ پشتگوهـ هاڤێتن ؟

خانا ئێزی بۆچی هاتيه‌ پشتگوهـ هاڤێتن ؟

باسنيوز:

 شوێنەواری خانا ئێزی، دەکەوێتە نزیک پەرستگەی لالش بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک. ئەم باڵەخانە مێژووییە پێکهاتووە لە سێ بەش، بەشی یەکەمی، تەلارێکە پێش بەجێهێشتنی بە رێڕەوێک دەگەیتە هۆڵەکە.

ئەم هۆڵە بە شێوازی یەک پارچە دروست کراوە و لە ناوەندی باڵەخانەكەدا چەندین ستوون هەن بۆ راگرتنی میچەكەی، کە بە شێوازی گۆمبەزی بەرز دروست کراوە. ستوونەکان، کە لە تاشە بەردی گەورە دروست کراون و لە بەشی سەرەوەی بە زیادکردنی بەردی بچووک، دیزاینێکی ئەندازەیی جوانی بەخۆیەوە گرتووە.

بەشی دووەمی شوێنەوارەکە پێکهاتووە لە دوو ژووری بچووکتر. لە یەکێک لە ژوورەکان رێگایەکی سەرەکی بۆ چوونە ژوورەوە بۆ ناو باڵەخانەكە هەیە، بەڵام بەشێک لە دیوار و میچەكەی رووخاوە و لە لایەن هاووڵاتییانەوە بە پارچە ئاسن و دار راگیراوە، بەڵام ئەگەری رووخان و تێکچوونی زۆرە.

لەپشت ئەم بەشە، رێڕەوێک هەیە، کە بەشێکە بۆ گەیشتن بە هۆڵە سەرەکییەکە، کە ئەمیش بە هۆی رووداوە سروشتییەکانەوە، بەشێک لە دیوارەکەی رووخاوە.

لەناو بەشە سەرەکییەکەی، کە هۆڵێکی گەورەیە، بۆ گەیاندنی رووناکی بۆ ناوەوەی بیناکە سوودیان لە دروستکردنی پەنجەرە بە شێوازی چوارگۆشە وەرگرتووە، کە ئەویش بە شێوازی چوارگۆشە دانانی بەردەکان و دروستکردنی بۆشایی لەناو دیوارەکان دروست بووە، لە هەر دیوارێک نزیکەی دوو تا سێ پەنجەرە هەیە.

بە گوتەی شوێنەوارناسان و بەڵگە مێژووییەکان، تەمەنی ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان، واتا نزیکەی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و شوێنێک بووە کە لە سەرەتا وەک پەرستگەیەکی ئایینی بەکار هاتووە، بەڵام دواتر بۆ میوانداریکردنی بڕوادارانی ئایینیی ئێزدی، کە لە شوێنە جیاوازەکانەوە، بەتایبەت لە هیندستانەوە بۆ لالش، لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی جەژنی جەمای دەهاتن، دروست کراوە. باسێکیش هەیە دەڵێ: ئەم شوێنەوارە دواتر وەک مەڵبەندێکی ئایینی بۆ راستکردنەوەی تێکستە ئایینییەکان بەکار هاتووە.

خەڵکی بەتەمەن و پیاوە ئایینییەکانی ئێزدی پێیان وایە، کە خانا ئێزی یەکێکە لە دەگمەنترین شوێنەوارەکانی ئێزدییەکان، کە وەک خۆی ماوە و دەستکاری نەکراوە.

ئەم شوێنەوارە دەگمەن و دێرینە، ئێستا وەک شوێنی راگرتنی مەڕ و ماڵات بەکار دێت و ئەمە ئەگەری رووخان و تێکچوونی زیاتر دەکات، گرنگییەكەی وا دەخوازێت كە لایەنە پەیوەندارەكان بایەخی زیاتری پێبدەن.

تعليقات

المشاركات الشائعة