ئاسانكارى بۆ ڤهگهريانا 250ههزار ئاوارێن شنگال دئێنه كرن
ئاسانكارى بۆ ڤهگهريانا 250ههزار ئاوارێن شنگال دئێنه كرن
رووداو دیجیتاڵ:بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەتوانن ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی نزیکەی 250 هەزار ئاوارەی شنگال بکەین. هەروەها هاوشێوەی رێککەوتنی شنگال رێککەوتنێک بۆ ناوچەکانی دیکەی ماددەی 140 بە پێویست دەزانێت بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی رەشی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و ئەو خزمەتگوزارییانەی لەلایەن حکومەتەوە پێشکێشیان کراوە، هەروەها چەند حاڵەتێکی خۆکوشتن لە چەند رۆژی رابردوو لەنێو ئاوارە و پەنابەران، رایگەیاند: "لە رووی خزمەتگوزارییەوە، کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بەهیچ شوێنێک بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێی کە ئاوارەو پەنابەریان لەخۆ گرتووە، بەراورد ناکرێن".
بە بروای هۆشەنگ محەممەد رەنگە چەندین هۆکاری جیاواز هەبێت کە وای لەو گەنجانە کردبێت کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنابێت، لەوانە "هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئایینی، دەروونی، تەندروستی، سیاسی و هۆکاری ژیانی نێو کەمپ کە زیاتر لە 7 ساڵە لەنێو ئەو کەمپانەدا دەژین. لەگەڵ ئەوەش چاوەڕێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ئەوەی لە هۆکارەکەی بزانین، بۆ ئەوەی دواتر کار بۆ چارەسەرکردنیان بکەین و رێگربین لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوە نەخوازراوانە هەم لە کەمپەکان و هەم دەرەوەی کەمپەکانیش".
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەكان "پێشتریش ئەو حاڵەتانە روویانداوە، بەڵام ژمارەیەکی کەم بووە، بەڵام بەداخەوە لەو هەفتەیەی رابردوو ژمارەکە زیادبووە و لەنێو کەمپەکان 3 کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناو لە سنووری سنوونێ و شنگالیش 2 کەس".
سەبارەت بە ئاماری ئاوارەو پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، هۆشەنگ محەممەد گوتی: "958 هەزار ئاوارەو پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لەو ژمارەیە 700 هەزاریان ئاوارەی نێوخۆن، 258 هەزاریشیان پەنابەرانی سووریا، تورکیا، ئێران و فەلەستینن. سەرجەمیان لە 193 هەزار خێزان پێکهاتوون، کە 58 هەزار خێزانیان کە دەکاتە 30٪، لە 35 کەمپی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، 70٪یشیان لەنێو شارو شارۆچکەکان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن".
سەبارەت بە بەردەوامی هاتنی ئاوارەو پەنابەران، هۆشەنگ محەممەد دەڵێ: "پرۆسەکە هاوسەنگە بەو پێیەی رێژەیەکی بەرچاویان نەگەڕاونەتەوە، لەگەڵ ئەوەش هاتنی ئاوارەو پەنابەر بەردەوام بووە، بۆ نموونە لە ساڵی رابردوو سەرەڕای قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی سنوورەکان هاتنی ئاوارەو پەنابەران بەردەوام بووە، لەو ماوەی ساڵی 2020دا 1791 خێزان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەو ژمارەیە 953 خێزانیان ئاوارەی نێوخۆیی و 838 خێزانیش پەنابەرانی سووریا بوون، کە ژمارەیان 5 هەزار کەس بووە".
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەو پەنابەرانیش بۆ زێدی خۆیان هۆشەنگ محەممەد گوتی: "رێژەکە زۆر کەمە، ئەگەر بەراورد بکەین بە ساڵانی رابردوو تەنیا 37 هەزار ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە، کە دەکاتە 7 هەزارو 757 خێزان، کە 6 هەزارو 343 خێزانی ئاوارەی نێوخۆیی بوون لەگەڵ 1334 خێزانی پەنابەری سووریا".
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان پۆلێنی ئاوارە نێوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "65٪ی ئاوارەکانی نێوخۆی کوردستان خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ن، لە شنگال تاوەکو دەگاتە دەشتی نەینەوا، مەخموور، کەرکووک و سەلاحەدین. گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بۆ ناوچەکانیان پێویستی بە بەرنامەیەکی هاوبەش هەیە لەنێوان هەردوو حکومەت. لە ئاستی باڵاش کۆبوونەوەی هاوبەش بەردەوامە بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەو رێککەوتنەی شنگال کە واژۆکراوە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەش ئێمە دەتوانین ئاسانکاری بکەین بۆ گەڕانەوەی نزیکەی 250 هەزار ئاوارەی شنگال".
هۆشەنگ محەممەد، هاوشێوەی رێککەوتنی شنگال بۆ ناوچەکانی "دەشتی نەینەوا، مەخموور، کەرکووک و سەلاحەدین" بە پێویست دەزانێت "بۆ ئەوەی ئاوارەکانی نێوخۆ بە شکۆ و رێز و بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان".
هۆشنەگ محەممەد ئاماژە بەوە دەدات گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان بەردەوامن، بۆ چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە: "ئیدارەکان دابمەزرێنەوە، خزمەتگوزاری دابین بکرێت، ئەمن و ئاسایش دەستەبەر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین داوا لە ئاوارەکان بکەین بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە".
تعليقات