ئيرۆ رۆژا ئالايێ کوردستانێ يه‌

ئيرۆ رۆژا ئالايێ کوردستانێ يه‌

باسنيوز:

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی١٢ی وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەستنیشان کراوە و لە هەرێمی کوردستان و لە دامودەزگا فەرمییەکان ساڵانە ئەو بۆنە بەرز ڕادەگیرێت و بۆنە و ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەچێت.

مێژووی ڕۆژی ناودێرکردنی ئاڵای کوردستان بۆ ساڵی ١٩٤٥ و ٣٥ ڕۆژ بەرلە دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە کاتێک دوایین دامودەزگای حکوومەتی پاشایەتی لە مەهاباد لابرا و لەسەر شارەوانیی مەهاباد ئاڵای کوردستان هەڵکرا، لەو کاتەوە، واتە لە ١٧ی ١٢وە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە شۆڕشەکانی کورددا هەبووە.

دواتر ئاڵای کوردستان کە لەلایەن سەیدزادە فاتمە حوسێنی ژنە تێکۆشەری خەڵکی مەهاباد کە یەکەم کەس بووە بەدەستی خۆی ئاڵای کوردستانی دووەیوە، لە ڕێکەوتی ٢٢ی ١ی١٩٤٦ و لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و بە ئامادەبوونی بارزانیی نەمر بە فەرمی هەڵکرا و وەک شکۆ و هێمای نەتەوەیی بە فەرمی ناسێندرا.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بە دەستی دوژمنانی کورد، ئاڵای کوردستان لەلایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە ڕادەستی بارزانیی نەمر کرا و هەتا ئەمڕۆ لە شۆڕشەکانی باشووری و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هێما و سیمبۆلی نەتەوەی کورد پارێزراوە و بە فەرمی بەکار دەهێندرێت.

هاوكات پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك ئاڵای فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند و بە بڕیاری ژمارە 48 لە 19/6/2004 بڕیاری داوە ڕۆژی 17\12ی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ئاڵا دیاری بکات، بۆ ئەوەی نەوەکان و رۆڵەکانی ئەم گەلە بەرزیی ئاڵاکەیان لەبیر نەکەن لەپێناو بەرز هێشتنەوەی  تێ بکۆشن و هەموو ساڵێک لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان نوێ بکرێتەو و بۆنەی تایبەتی بۆ ساز دەکرێت.

 مانای چوار ڕەنگەكەی ئاڵای كوردستان

سوور: هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لەپێناو مافەكانیاندا.

سپی : هێمای ئاشتیی و ئاساییشە كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخواز بووە.

سەوز : لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.

زەرد: مەبەست لە ڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كورد و هاوکات وەک هێمای٢١ی ٣ یە کە دەبێتە نەورۆز ڕۆژی نەتەوەیی کوردستان.

تعليقات

المشاركات الشائعة