ژاپۆن 3.6 ملیۆن دۆلار بۆ ئاڤەدانکرنا شنگال تەرخانكرن

رووداو- هەولێر
بەرنامەی نیشتەجێکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە یارمەتییەکی دارایی نوێی حکومەتی ژاپۆن کرد کە بە بڕی 3.6 ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی ژاپۆنەوە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە بۆ بنیاتنانەوەی شارۆچکەی شنگال کە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.

بەرنامەی نیشتەجێکردنی نەتەوە یەکگرووەکان رایگەیاندووە لەرێگەی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی هەرزان، یارمەتی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دەستی داعش دەکات.

لەوبارەیەوە هاشیمۆتۆ ناوفۆمی، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگەیاند، ژاپۆن بڕیاریداوە 41 ملیۆن دۆلار یارمەتی دیکەی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی عێراق تەرخان بکات بەو پرۆژەشەوە کە بۆ شنگال راگەیاندراوە.

باڵیۆزی ژاپۆن رایگەیاند کۆی یارمەتییە داراییەکانی حکومەتی ژاپۆن بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووکانی عێراق لە ساڵی 2014 وە تاوەکو ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 540 ملیۆن دۆلار.


لە 3ی ئابی 2014 چەکدارانی داعش پەلاماری شنگالیان دا، زیاتر لە 6000 کەس لە دانیشتووانی شارۆچکەکە و دەوروبەری کەوتنە دەست چەکدارانی داعش، زیاتر لە 2500 کەسیان تائێستا چارەنووسیان دیار نییە. 

شارۆچکەی شنگال لە کاتی شەڕدا زیانێکی زۆر بە ژێرخانەکەی کەوت. ئەگەرچی شارۆچکەکە لە مانگی نۆڤەمبەری 2015 لە دەستی چەکدارانی داعش دەرهێنرا، بەڵام بەهۆی ئاوەداننەکردنەوەی، تائێستاش زۆربەی دانیشتووانەکەی لە کەمپەکان و سەرچیای شنگال دەژین.

تعليقات

المشاركات الشائعة