پشكه‌كا جۆتیارێن شنگال دراڤێ سالا2019 وەرنەگرتيە

رووداو - شنگال
جووتیارانی شنگال و دەشتی نەینەوا  لە کاتێکدا ئامادەکاری بۆ دروێنەی گەنم و جۆی ئەمساڵ دەکەن، بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق پارەی گەنمی ساڵی 2019ی نەداوەتە بەشێکیان.

ئەلياس ساڵح، جووتیارە و دەڵێت، "نزیکەی 100 تۆن گەنم و جۆمان لە سایلۆیە هێشتا هیچمان وەرنەگرتووە. ئێستا ئەگەر ئەمساڵ بەرهەمەکەمان لە ماڵەوە بهێڵینەوە، زیانێکی گەورەمان بەردەکەوێت".

10 مانگە 952 جووتیار چەکیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا پارەیان بۆ خەرج نەکراوە. بەشێک لە جووتیارانی سنووری شنگال دەڵێن، ئەگەر بەو جۆرە بێت، ناچار دەبین دەست لەو کارە بەربدەین.

خدر سەیدۆ، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەو گەنمەی داومانەتە حکومەت، هێشتا پارەی بۆ خەرج نەکراوە. ئەگەر سایلۆکە خاڵی نەکەن، جێ نابێتەوە گەنم و جۆی ئەمساڵمانی تێدا دابنێین".

نەک بە تەنیا لە شنگال، بەڵکو لە دەشتی نەینەوا بەگشتی ئەو کێشەیە هەیە. فەرمانگەی کشتوکاڵی ناوچەکە لەگەڵ پارێزگای موسڵدا هەوڵیان داوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

بەرەكات عيسا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە بە موسڵمان گوتووە. ئەوان بەڵێنیان داوە کە ئینشائەڵڵا لەم هەفتەیەدا ئەو کێشەیە نامێنێت. ئەو ڤایرۆسی کۆرۆنایە کێشەکەی دروستکرد کە تاوەکو ئێستا گەنم و جۆ هەناردەی دەرەوەی وڵات نەکراوە".

ئەو جووتیارانەی پارەیان لای حکومەتە، لە 20 تۆن بۆ 100 تۆن گەنم و جۆیان رادەست کردووە. 

پار لە گۆڕەپانێک 22 هەزار تۆن جۆ لە جووتیاران وەرگیراوە و 30%ـیان پارەیان لە حکومەت وەرنەگرتووە. لە گۆڕەپانێکی دیکەیش لە ناوەندی شنگال نزیکەی 30 هەزار تۆن گەنم و جۆ وەرگیراوە و 25%ـی ئەو جووتیارانەیش هێشتا پارەیان لە حکومەت وەرنەگرتووە. 

تعليقات

المشاركات الشائعة