میر تەحسین بەگ پیرۆزباهيێ ل نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دکه‌ت

رووداو - هەولێر 
بەبۆنەی بەربژێرکردنیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە، میر تەحسین بەگ پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەکات.

میر تەحسین بەگ ، میری کوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان دەڵێت، "بەو بۆنەیەوە گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە ئەرک و رۆڵی سەرکردایەتیتان لە پتەوکردنی پەیوەندی متمانەپێكراو و لێگەیشتن لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان لە رێگەی پێدانی مافەکانیان بە جیاوازی ئینتیما ئایینی و ئیتنییەکانیان، ئەوەش بۆ دەستەبەرکردنی پرەنسیپی هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و رێککەوتن بە جۆرێك کە ماف و خواستەکانی سەرجەم پێکهاتە کوردستانییەکان، بپارێزێت".

میری کوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان دەشڵێت، "ئێمە چاوەڕێی رۆڵی کارا و ناوازەی جەنابتان دەکەین بۆ ئەوەی هەوڵی خێر بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی متمانە و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانە، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و جێگیرکردنی دیموکراسی و فرەیی و بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و خێر بۆ گەلی کورستان لە ژیانی ئابڕوومەندانە و خۆشگوزەرانی بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە". 

میر تەحسین بەگ دەڵێت "ئێمە بە گەشبینییەکی گەورەوە، تەماشای رۆڵی سەرکردایەتیتان دەکەین لە پێدانی کورسییەکی وەزاری لە کابینەی داهاتوودا بە ئێزدییەکان و هەروەها گرنگیدان بە ئاوارەکانی شنگال و بەشداریکردن لە رزگارکردنی ئەو ئێزدییانەی کە تاوەکو ئێستاش لای رێکخراوی داعشی تیرۆریست ماونەتەوە و هەروەها بۆ بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەی ناوچەی ئێزدییەکان، بەمەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان". 
پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە رۆژی (3-12-2018) بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت بەربژێر کرد.

تعليقات

المشاركات الشائعة