دوو کوردێن ئێزدی ل ھندستانێ خەلاتێ دایکا تێرێزا دێ وەرگرن
رووداو-مۆمبای
بە پاڵپشتی نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ رفێندراوانی کوردی ئێزدی و هەروەها تۆڕی میدیایی رووداو، دوو کوردی ئێزدی خەڵاتی دایکە تێرێزا- 2018 لە وڵاتی هیندستان وەردەگرن.
کاتژێر 16:30 بەکاتی ھیندستان و 14:00 بەکاتی هەولێر لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبونی نزیکەی 700 کەسایەتی لە وڵاتانی جیهانەوە 10 کەس لەسەر ئاستی جیھان خەڵاتدەکرێن و ھەر یەک لە لەیلا تەحلو کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و ئێدیس پەشار رزگاربووی کومەڵکوژی گوندی کۆچۆ، لەنێو ئەو کەسانەدان کە ئەمڕۆ خەڵاتیان پێشکەشدەکرێت.
د. ئەبرایم ماثیا بەڕێوەبەری دامەزراوەی ھارموونی فادێشن کە ساڵانە ئەو مەراسیمە رێکدەخات، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە رێگەی بەشی ئێنگلێزی پۆرتاڵی رووداو زانیاریمان لەسەر رزگاربووەکانی دەستی داعش دەستکەوت، داوتر پەیوەندیمان بە ناسر عەلی (بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک) کرد و زانیاریی زیاترمان لێ وەرگرت. بە پشتبەستن و پێشنیازکردنی ئەو بوو کە ئێمە دوو ئێزدیمان لە ھەرێمی کوردستانی عیراقەوە پەسندکرن و دواتر داوەتنامەی فەرمیمان بو بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نارد".
شاندێکی کوردانی ئێزدی سەر بە نووسینگەی رەفێندراوەکان لە نوسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی چوونەتە وڵاتی ھیندستان و بەشداریی لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن. حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رفێندراوەکان لە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە بەناوی ھەموو کوردانی ئێزدی و خەڵکی کوردستان بەشدارین لەو رێوڕەسمەدا و پەیام و ئێش و ئازاری کوردانی ئێزدی دەگەیێنینە خەڵکی ھیندستان و بەشداربووانی رێوڕەسمەکە".
خەلاتی دایکە تێرێزا لە ساڵی 2005ـەوە ساڵانە دەبەخشرێتە 10 کەسایەتی و چالاکڤانی جیھانی کە رۆڵیان لە کاری خوبەخشی و خزمەتکردنی مروڤایەتی و پێکەوەژیان و ئاشتی ھەبووە لە جیهاندا.
تعليقات