ل هندستانێ دوو کوردێن ئێزدی خەلاتێ دایکا تێرێزا وەرگرت
رووداو - مۆمبای
لە مۆمبای هەریەکە لە لەیلا تەعلو، کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و ئێدیس پەشار، رزگاربووی کومەڵکوژی گوندی کۆچۆ، خەڵاتی دایکە تێرێزایان وەرگرت.
ناسر عەلی، نێردراوی رووداو لە مۆمبای رایگەیاند: "کاژێر 7:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 21-10-2018، هەریەکە لە لەیلا تەعلو، کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و ئێدیس پەشار، رزگاربووی کومەڵکوژی گوندی کۆچۆ، خەڵاتی دایکە تێرێزایان وەرگرت و لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەش گوتەیەکیان پێشکەش کرد".
ئێدیس پەشار سلۆ، لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە بە بەشداربووانی رێوڕەسمەکەی راگەیاند، لە گوندی کۆچۆ 28 کەسی ماڵی ئێمە گیران و داعش ژمارەیەکی کوشتن، بە هەوڵی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان 19ـیان رزگارکران و گەڕانەوە.
دواتر لەیلا تەعلو، کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش، لەگوتەیەکدا سەرنجی بەشدارانی بۆ چیرۆکی کارەساتباری خۆی راکێشا و رایگەیاند، 19 کەسمان بە دەستی داعش دەستگیرکران، 10 کەسیان بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئازادکران.
د. ئەبرایم ماثیا، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ھارموونی فادێشن کە ساڵانە ئەو مەراسیمە رێکدەخات، بە رووداوی راگەیاند بوو کە ئەوان، لەڕێگەی بەشی ئینگلیزی پۆرتاڵی رووداو زانیارییان لەسەر رزگاربووەکانی دەستی داعش دەستکەوتووە و دەشڵێت: "دواتر ئێمە پەیوەندیمان بە ناسر عەلی (بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک) کرد و زانیاریی زیاترمان لێ وەرگرت. بە پشتبەستن و پێشنیازکردنی ئەو بوو کە ئێمە دوو ئێزدیمان لە ھەرێمی کوردستانی عیراقەوە پەسندکرن و دواتر داوەتنامەی فەرمیمان بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نارد".
بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمەکە شاندێکی کوردانی ئێزدی سەر بە نووسینگەی رفێندراوەکان لە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی چوونەتە وڵاتی ھیندستان و بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کردووە.
حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رفێندراوەکان لە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە بەناوی ھەموو کوردانی ئێزدی و خەڵکی کوردستان بەشدارین لەو رێوڕەسمەدا و پەیام و ئێش و ئازاری کوردانی ئێزدی دەگەیێنینە خەڵکی ھیندستان و بەشداربووانی رێوڕەسمەکە".
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەش بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوە ئێزدییەکانی سەر بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا رایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رزگارکردنی رفێنراوەکان هاوکاربێت.
حوسێن قائیدی گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێکی قسەکانیدا رەخنەی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت، کە هاوکاریان نەبوونە لە رزگارکردنی رفێنراوەکانیان و هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە پێویستزانی بۆ ئەوەی رفێندراوەکانیان رزگاربکەن.
خەڵاتی دایکە تێرێزا لە ساڵی 2005ـەوە ساڵانە دەبەخشرێتە 10 کەسایەتی و چالاکڤانی جیھانی کە رۆڵیان لە کاری خۆبەخشی و خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و ئاشتی ھەبووە لە جیهاندا.
تعليقات