ئێزدیێن عەفرینێ دئێنه‌ ناچاركرن ئایینێ خۆ بگهۆرن

رووداو-رۆژئاوای کوردستان
لە هەرێمی عەفرین و شاری حەلەب، پێش قەیرانی سووریا، نزیکەی 50 هەزار کوردی ئێزدی دەژیان. بەگوێرەی پیر شامۆ لێکۆڵەری کوردی ئێزدی، ئێستا ژمارەی کوردانی ئێزدیی بۆ کەمتر لە 25 هەزارکەس کەم بووەتەوە. 

عەلی ئیسۆ، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئێزدییەکان لەبارەی دۆخی ئێستای کوردانی ئێزدیی عەفرین و پێشێلکارییەکانی دژیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دوا. بەپێی قسەکانی ئیسۆ، ژمارەیەکی زۆریان کوژراون و لە هەندێک لە گوندەکانیان ئێزدییەکان بە ناچاری فێری نەریتەکانی موسڵمانان دەکرێن.

بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ و بە نزای ئایینی بە زمانی کوردی پاراو، کوردە ئێزدییەکانی رۆژئاوای کوردستان رەگ و ریشەی رەسەنایەتییان بەنێو دەشت و دۆڵ و چیا بڵاو کردبووەوە. لەو مەزارگانە نیشانە و بەڵگەی کۆن و رەسەنایەتی کوردە ئێزدییەکانی هەرێمەکە هەن. لەو شوێنەدا ئێزدییەکان، موسڵمان و کریستیانەکان دەبوونە میوانی یەک و ئومێدی خۆیان بە ژیانێکی هاوبەش و ئارام لە ناوچەکە هەڵدەچنی.

بەڵام دوای هێرشی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەوان، دۆخی کوردانی ئێزدی بەتەواوەتی گۆڕا. عەلی ئیسۆ بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئێزدییەکان، پێشێلکارییەکانی دژی کوردە ئێزدییەکانی عەفرین روون دەکاتەوە. 

بەپێی قسەکانی ئیسۆ، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، ئەو کوردە ئێزدیانەی کەوا لە گوندەکانیان ماون ناچار دەکەن فێری نوێژ و بیروباوەڕی ئیسلامی ببن.

لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، کوردە ئێزدییەکانی ناوەندی شاری عەفرین، لە شارۆچکەی جندرێس و 24 گوندی هەرێمەکە، لە سێ دەڤەری دەشتی چوومێ، دەڤەری شکاکا و چیای لێلون نیشتەجێ بوون. بەگوێرەی پیر شامۆ، لێکۆڵەری ئێزدییەکان، پێش دەستپێکی قەیرانەکانی سووریا، نزیکەی 50 هەزار کوردی ئێزدی لە عەفرین و حەلەب هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان بۆ خوار 25 هەزار کەس کەمبووەتەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة