"هه‌تا نهۆ %10 ئاواره‌ ڤه‌گه‌رياينه‌ شنگال"

باسنيوز:
په‌رله‌مانتارێكى كوردانی ئێزدی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ئێزدییه‌كان جارێك به‌ ده‌ست تیرۆریستانی داعش و جارێكى تریش به‌ ده‌ست میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی قوربانییان داوه‌.

شامۆ شێخۆ، په‌رله‌مانتارى ئێزدی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ چوار ساڵه‌ ئێش و ژانی ئێزدییه‌كان درێژه‌ى هه‌یه‌ و ئێزدییه‌كان هێشتا دۆخى ژیانیان باش نییه‌ و ده‌ربه‌ده‌ربوونه‌ و ئێستاش ئازیزانمان له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كاندا نێژراون و ته‌رمەکانیان ده‌رنه‌هێنراوه‌ تاوه‌كو له‌ شوێنی شایسته‌ بیانێژنه‌وه‌ و ئێستا ناوچه‌ ئێزدینیشنه‌كان به‌تایبه‌ت شنگال بووه‌ته‌ شوێنى ده‌ستێوه‌ردانى ئه‌جێنداى ده‌ره‌كى و نا ئارامییه‌كى ته‌واو باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كێشاوه‌ و ژیان له‌ شنگال نه‌ماوه‌، واتا ئێستا شنگالییه‌كان دوو جار قوربانیان داوه‌ جارێك به‌ده‌ست تیرۆریستانى داعش و جارێكى تریش به‌ ده‌ست حه‌شدى شه‌عبی".

ئاشكراشی كرد، تاوه‌كو ئێستا له‌ %10 خه‌ڵكى شنگال گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شنگال، ئه‌وانیش دۆخى ژیانیان باش نییه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخى ئاواره‌ ئێزدییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، شامۆ شێخۆ، گوتی: "دۆخى بژێویان خراپه‌ و ئه‌وان چوار ساڵه‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا ژیان ده‌گوزه‌رێن و سه‌رما و گه‌رماش كاریگه‌رى ده‌خاته‌ سه‌ر ئاواره‌كان و له‌ ژیانی ئاواره‌یی بێزاربوونه‌ و ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ى كه‌ به‌سه‌ر كوردانى ئێزدی هات بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك تووشی نه‌خۆشی سایكۆلۆژی ببن و خه‌ڵكانێك هه‌ن بێ ئومێدبوونه‌ له‌ داهاتووى خۆیان، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت دۆخى ژیانى ئه‌و ئاوارانه‌ باش بكرێت".

تعليقات

المشاركات الشائعة