مه‌ترسیا روودانا فه‌رمانا 75ێ لسه‌ر ئێزديان هه‌یه‌

باسنيوز:
22 گوندی کوردانی ئێزدی لە عەفرین هەن و نزیکەی 200 هەزار کوردی ئێزدی، نیشتەجێی ئەو ئەو گوندانە و کوردستانی رۆژئاوان. دوای ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا و گرووپە ئیسلامییە توندڕۆ و چەتەگەرییەکان بۆ سەر ناوچەکە، کوردانی ئێزدیی عەفرین بوونەتە ئامانجی گرووپە ئیسلامییە توندڕۆکان و لەم ڕووەوە زیانی گەورەیان لە ئێزدییەکان داوە. جگە لە بەزۆر دەرکردنیان لەسەر زەوی و ماڵ و موڵکی خۆیان، هەروەها تەقاندنەوە و خاپوورکردنی پەرستگاکانیان، تا ئێستاش ئەو گرووپە ئیسلامییە توندڕۆیانە زیاتر لە 60 کوردی ئێزدیان ڕفاندووە و بەدیلیان گرتوون.

کاوە عیدۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤینی ئێزدییەکان، لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ (باس)، ئاشکرای کرد کەوا ڕێکخراوەکەی ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوشی کوردانی ئێزدی لە سووریا دەکات و دەڵێ: “ ڕێکخراوەکەمان بەوردی چاودێریی بارودۆخی کوردانی ئێزدیی سووریا دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لە عەفرین دەژین. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، دوای داگیرکردنی عەفرین لە لایەن سوپای تورکیا، تا ئێستا 22 گوندی کوردانی ئێزدی لەو ناوچەیە کەوتوونەتە ژێردەستی سوپای ئەو وڵاتە و بەم هۆیەوە، 80٪ ی ئەو کوردە ئیزدییانەی لە عەفرین دەژیان کە ژمارەیان 200 هەزار کەسە، ئاوارەی شارۆچکەی شەهبانەی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد بوونە”

عیدۆ ئاماژە بەوە دەکات کە ژیانی ئەو کوردە ئێزدییانەی ئاوارەی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد بوونە، زۆر خراپە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش بەرەو خراپتر دەچێت. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرووپە ئیسلامییە توندڕۆکان هێرشی دڕندانە دەکەنە سەر ئەو کوردە ئێزدییانەی لە ناوچەکانیان ماونەتەوە و گوتی: “ گرووپە ئیسلامییە توندڕۆکان، ئەوانەی پێیان دەڵێن گرووپە ڕادیکاڵەکان، هێرشی گەورە و بەردەوام دەکەنە سەر ئەو کوردە ئیزدییانەی لە دەڤەرەکانیان ماونەتەوە و تا ئیستا زیاتر لە 60 کەسیان لێ رفاندوون و لای خۆیان دیلیان کردوون، کە 30 لەوان ژن و 30 دیکەیشیان پیاون. ئیسلامییە توندڕۆکان لە بەرانبەر ئازادکردنی ئەو کوردە ئێزدییە دیلانە، داوای بڕێکی زۆری پارە دەکەن”.

سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین، جەخت لەوە دەکاتەوە، کەوا زیاتر لە پێنج ساڵە ئەو کوردە ئێزدییانەی عەفرین بوونەتە ئامانجی گرووپە ئیسلامییەکان و ڕۆژ دوای ڕۆژیش هەڵوێست و ڕەفتار و سیاسەتەکانیان لە بەرانبەر ئەو کوردە ئیزدییانە توندتر دەبێت و دەشڵێت: “ تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی سڤیل، بە دەستی چەتە و میلیشیاکانی ئەو توندڕۆ ئیسلامییانە کوژراون. جگە لەمەش، ئیسلامییەکان کە ئامانجیان قڕکردنی کوردانی ئێزدییە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەو کوردە ئێزدییانەی ئاوارە بوونە، نەگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵی خۆیان. هاوکات هەموو ڕێگایەک تاقی دەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو 20٪ی کوردانی ئێزدی کە لە ناوچەکانیان ماونەتەوە، عەفرین و گوندەکانیان جێ بهێڵن. بۆ ئەمەش بە زۆرداری دەریان دەردەکەن و لە بەرانبەردا، خێزانە عەرەبەکان دێنن و لەسەر ماڵ و موڵکی ئەوان نیشتەجێیان دەکەن. بۆ نموونە یەکێک لەو خێزانە کوردە ئیزدییانەیان کە دەرکردووە، خێزانێکی عەرەبی غوتەی ڕۆژهەڵاتیان هێناوەتە سەر ماڵ و موڵکەکەی”.

سوپای بەناو ئازادی سووریا یەکێکی دیکەیە لەو میلیشیایانەی بە قسەی عیدۆ، بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و گوندەکانی، پێشێلکاری دژی کوردانی عەفرین دەکەن و دەڵێت: “ ئەو گرووپە توندڕۆ ئیسلامییانە کە سەر بە سوپای ئازادی سووریان، پێشێلکاریی زەق دەرهەق بە ماف و ژیانی خەڵکی عەفرین بەگشتی و کوردانی ئێزدی بەتایبەتی، دەکەن. لە ماوەی ڕابردوودا میلیشیاکانی سوپای ئازاد ژمارەیەک خێزانی دیکەی کوردی ئێزدییان ئاگادار کردووەتەوە، کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا خانووەکانیان چۆڵ بکەن و ناوچەکە بەجێ بهێڵن. لە ئەنجامی ئەو هەڕەشە و فشارانەدا و لەکاتی بە زۆر دەرکردنی خێزانیکی کوردی ئیزدی لەسەر ماڵ و موڵکی خۆیان، ژنێک جەڵتەی دڵ لێی داوە و بە هۆیەوە گیانی لەدەست داوە”.

پێشێلکاریێکی دیکەی ترسناکی ئەو ئیسلامییە توندڕۆیانە و چەتەکانی سوپای ئازاد، تەقاندنەوە و خاپوورکردنی پەرستگاکانی ئیزدییەکانە لە عەفرین. لەم ڕووەوە سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین گوتی: “ئێستا گرووپە توندڕۆکان بە پلان و بەرنامەڕێژی، دەستیان بە تێکدان و خاپوورکردنی پەرستگاکانی ئێزدییەکان لە عەفرین و دەوروبەری کردووە و لە شوێنی پەرستگاکانیشدا، مزگەوت دروست دەکەن. ئەمەو بەبێ ئەوەی کەس هەبێت بەرگری لە کوردە ئیزدییەکان بکات”.

کاوە لەبارەی ڕەوشی کوردە ئیزدییە پەنابەرەکان، ئەوانەی لە عەفرین و دوروبەری ئاوارە بوونە دەڵێ: “جگە لەو خێزانانەی ئاوارەی شارۆچکەی شەبهانەی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد بوونە، وەکوتر 75 خێزان ڕوویان کردووەتە لوبنان و نزیکەی 110 خێزانی دیکەش ئاوارەی تورکیا بوونە و 5 خێزانی دیکەیشیان دەربەدەری ئوردن بوونە و 4 ماڵباتیش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. هەموو ئەو ئاوار و پەنابەرانە، چوار خێزانەکەی هەرێمی کوردستانیان لێ دەربچێت، ئەوانی دیکە لە سووریا و لوبنان و تورکیا و ئوردن ژیانێکی سەخت دەگوزەرێنن. سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ئەو وڵاتانە هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی و مرۆیی بۆ دابین نەکردوون، هاوکات تا ئێستا هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیش ئاوڕی لەو کوردە ئێزدییە پەنابەرانە نەداوەتەوە و بە هانایانەوە نەچوونە”.

دواجار عیدۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکات، کە ئەوەی ئێستا لە ستەم و زۆرداری ڕووبەڕووی کوردانی ئێزدی عەفرین و دەوروبەری دەبێتەوە: “ فەرمانی 75مینە کە بە بەرچاوی دونیا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لەسەر دەستی ئیسلامییە توندڕۆکان و گرووپە چەتەگەرییەکانی سەر بە سوپای ئازاد، بەسەر کوردانی ئێزدی دەهێندرێت، ئەگەر ڕێگا لەو کارەساتەی لە عەفرین و دەوروبەری بەسەر کوردانی ئێزدی هێنراوە و دەهێندرن نەگیرێ، ئەوا کارەساتێکی گەورەی تر رووبەڕووی ئیزیدیان دەبێتەوە”.

تعليقات

المشاركات الشائعة