رێڤه‌به‌ريه‌ك بۆ پێكڤه‌ژيانا ئایینان ل هەرێما کوردستانێ دێ ئێته‌ ڤه‌كرن

ھەولێر-KDP.info-
 پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان گرینگییەکی تایبەتی ھەیە و ھەرێمی کوردستان لە حەوت نەتەوە پێکھاتووە، لە ڕووی یاسایی و کلتورییەوە کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە و حکوومەتی ھەرێمی کورستان-یش بە مەبەستی زیاتر گرینگیپێدانی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بەیانی لە دیوانی ئەوقاف بەڕێوەبەرایەتییەک دەکرێتەوە، بە ناوی ''پێکەوە ژیانی ئاینەکان''.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی (٧)ی ئەمساڵ، بڕیاری دا بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکی تازە لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئایینی، بە ناوی ''بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینەکان''.

لەم بارەیەوە بەرپرسی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، (مەریوان نەقشبەندی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە مەبەستی زیاتر قووڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان، بە پێی فەرمانێکی وەزاری بە ژمارە (١٩١٠) لە ٩ی ٧ی ٢٠١٧، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بڕیاری دا بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکی تازە لە دیوانی وەزارەت بە ناوی ''بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینەکان''، (ئەمیر عوسمان مەولوود)، وەک بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینی دەستنیشان کراوە.''

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک،  لە  ١٥ی ٨ی ٢٠١٧، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ''ئازادیی ئایینی لە جیھان''دا بڵاوی کردەوە، لە بەشی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان و عێراق تیشکی خستە سەر ئەو تاوانانەی، کە داعش دەرھەق بە نەتەوە جیاوازەکانی (کورد، ئێزدی و شیعەکان) ئەنجامی داون.

تعليقات

المشاركات الشائعة