کچه‌كا ئێزيدی چیرۆکا رۆژێن رەش يێن بن دەستێ داعش ڤه‌دگه‌رينت

باسنيوز:
پێشتر بە تەلەفۆن پەیوەندییم پێوە کرد، داوام لێ کرد گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیی لەگەڵ ئەنجام بدەم، گوتی: “بۆیە رازی دەبم تا تاوانەکانی داعش بۆ جیهان ئاشکرا بن، ئەگەر نا توانای گێڕانەوەی ئەو رۆژگارە تاڵانەم هەموو دژوارییەم نییە”. مەرجیشی ئەوە بوو کە من و ئەو بۆ چاوپێکەوتنەکە بەتەنیا بین.


ئەو لە کەمپێکی قەزای زاخۆ لەژێر خێوەتدا دەژی. کچێکی رەشتاڵەی هەژدەساڵانە، کە سەیری دەکەی بەئاشکرا ئاسەوار و باری ئەو هەموو خەمەی رۆژانی دیلیی دەستی داعشی پێوە دیارە.


نارین (ناوەکەی خواستراوە) خەڵکی کۆچۆیە، ئەو گوندە داعش کۆمەڵکوژیی تێدا ئەنجام دا. چیرۆکی هەموو کوردانی ئێزدی دژوارە، بەڵام گوندی کۆچۆ جیاوازترە، چونکە دوای پازدە رۆژ لە داگیرکردنی ناوچەکانی دەوروبەریان داعش گەمارۆیان دەدات و دەست لە گەنج و پیریان ناپارێزێت و ژنەکان بە کەنیزە دەگرێت و مامەڵەیان پێوە دەکات.


کاتێک دەستی بە گێڕانەوەی چیرۆکی رۆژە سەختەکانی ژیانی کرد، گوتی: “رێکەوتی ٣-٨-٢٠١٤ بوو، من لەگەڵ خیزانەکەم (دایک و باوک و خوشکەکانم) رامانکرد بۆ گوندی (قنێ)ی نزیک شەنگال، ئۆتۆمبێلکمان بینی هات ئاڵایەکی رەشی (لالەالااللە) پێوەبوو. زانیمان ئەوە ئۆتۆمبێلی داعشە. لێمان نزیک بوونەوە و بە عەرەبی پێیان گوتین، مەترسن هیچتان لێ ناکەین. ئێمەش باوەڕمان پێ کردن، بەڵام نەیانهێشت بڕۆین، دیاربوو چاوەڕێی ئۆتۆمبێلی تریان دەکرد. دوای کەمێک ئۆتۆمبێلێکی تری داعش هات، دۆشکەی لەسەر بوو. ئەمجارە بە هەموویان چواردەوری ئێمە و ئەو خێزانانەیان گرت کە لەو ناوچەیە بووین. ژن و منداڵ و گەنج و پیریان جیاکردەوە”. 
نارین دەڵێت: “ئەو رۆژە تا ئێوارە ژن و منداڵەکانیان بردین بۆ شنگال، ئێوارە بردیانینە قوتابخانەیەک بۆ تەلەعفەر، هاوکات بیری کۆمەڵکوژیی قنێی کەوتەوە، کۆمەڵکوژیی قنێ، بە جارێک ١٥٠ کەس بوون. ئەوانیش ویستبوویان لە کۆچۆوە بڕۆنە چیای شنگال، بەڵام لەترسا هەڵەیان کردبوو. بۆیە هەموو پیاوەکانیان گرت و کۆمەڵکوژیان کردن، لەو کۆمەڵکوژییەدا تەنیا دووکەس رزگاریان بوو، یەکیان برایەکی من بوو. حەوت گوللەی بەرکەوتبوو، ئێستا بۆ چارەسەر لە ئەوروپایە".


نارین دەگێڕێتەوە: "کاتێک پیاوەکانیان کوشت، ئێمە نزیکەی هەشتا ژن دەبووین، بردیانین بۆ شنگال، بۆ شەو ئێمەیان بردە تەلەعفەر، لە رێگا رووی رەشاشیان کردە سەری کچی مامم و گوتیان، یان موسوڵمان دەبن یان دەستدرێژیی سێکسیتان دەکەینە سەر. هەموومان زۆر ترساین، دەمانویست هەرچییان گوت بە قسەیان بکەین. کە گەیشتین ئێمەیان بردە قوتابخانەی ئەزهار، کە ئاویان دەداینێ بەهۆی ئەوەی کلۆری زۆر بوو، ئەوەی دەیخواردەوە دەبوورایەوە، تینوێتی و گەرماش تینی بۆ هەمووان هێنابوو، ناچار خواردمانەوە".


نارین بەردەوامە لە گێڕانەوە: "دواتر ئێمەیان بردە زیندانی بادووش، ژنی تری ئێزدی لێبوو، قاعەیەکی زۆر گەورەی هەبوو. هەشت رۆژ لەوێ هێشتیانینەوە و خواردنیان نەدەداینێ. خواردنمان لە رۆژێکدا تەنیا یەک خەیار یان یەک تەماتە بوو. خەڵکم دەبینی لەبرسا دەبوورایەوە. براکەم تەمەنی دە ساڵ بوو هاتن لە ئێمەیان جیاکردەوە و بردیان بۆ سەربازگەی مووسڵ، دوای ئەوە دایکمیان جیاکردەوە و من و خوشکەکەمیان بردە مووسڵ، دوو رۆژ لە ماڵێك هێشتیانینەوە. دواتر لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی گەنج بردیانین بۆ بەعاج، کچی مامێکم و خوشکەکەشم لەگەڵمان بوون، دوای ئەوە خوشکە گەورەکەمیان بردە سووریا، ئەو کچانەی ماینەوە، شەست تا حەفتا کچ دەبووین. کردیانینە ماڵێکی زۆر بچووکەوە. لەوێ بە دار لێیان دەداین. سووکایەتیی زۆریان پێ دەکردین".


نارین باس لە خۆکوشتنی کچێکی هاوڕێی دەکات: "دوو کچی هاوڕێم چوونە حەمام خۆیان بکوژن، یەکیان ناوی (سەنا) بوو (ناوەکە خواستراوە). ئێستا لەناو ئێزدییەکان زۆر بەناوبانگە. یەکەم کچی ئێزدی بوو کە وەک خۆ بەدەستەوەنەدان دژی داعش، خۆی کوشت. تەمەنی بیست ساڵ بوو. چووە حەمام بە مووس دەستی خۆی بڕی و خۆی کوشت، کاتێک داعشەکان زانییان چوون لاشەکەیان هێنایە دەرەوە و بە پێکەنینەوە گوتیان، بۆیە خۆی کوشت تا سێکسی لەگەڵ نەکەین، بەڵام وا بە مردوویی سێکسی لەگەڵ دەکەین و ئەوە بوو کردیان".


لە کاتی گێڕانەوەی ئەو رۆژانەی خۆی، پێی دەگوت (رۆژە رەشەکان) کەم پشوومان دەدا، عارەقە بە ناوچەوانیدا دەهاتە خوارەوە و دەستەکانی دەلەرزین. زۆر لەژێر کاریگەریی دڕندایەتیی داعشدا بوو، بەڵام کچێکی ئازا بوو، ئەو دەیگوت: “بەڵێنم داوە هەوڵی ئاساییبوونەوەی ژیانم بدەم و بڕۆمە بەر خوێندن، تا هەم دژایەتیی بیری داعش بکەم و پەیامی ئاشتی بڵاو بکەمەوە”.


دوای پشوویەکی کورت، باسی لەو رۆژانە کرد کە ئەمجارە داعش کچی (جوان و ناشیرینیان) جیا دەکردەوە: "دواتر ئێمەیان بردە قوتابخانەیەک لە بەعاج، دوو ژوور پڕ لە کچ بوو. داعشەکان هاتن یەکیان بە پێکەنینەوە گوتی (هەمووتان مەترسێن، ناشیرینەکان نابەین) ئەوەی پێیان گەنج و جوان بوو بردیان، ئێمە پازدە کەس مابووین بردیانینە تەل عوزێر، تیروپشکیان لەسەر کردین. من بەر کەسێکی سووری کەوتم ناوی فەیسەڵ بوو، بە (ئەبو گازی) بانگیان دەکرد. تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو. زۆر کەڵەگەت و قەڵەو بوو. پێیەکی پلاتین بوو، خوشکێکم بەر کەسێکی تر کەوت خەڵکی مووسڵ بوو. من و خوشکێکم لەگەڵ هاوڕێیەکمان، هەرسێکیان بردینە ماڵێک پێکەوە دەستدرێژیی سێکسییان کردە سەرمان، هاوکات لە یەک ژوور. کاتێک جلیان لەبەر داکەندین گوتیان، ئێوە عەبد و سەبایان، بۆیە ئازادن لە جل لەبەرکردن. هەر جلێکتان لەبەربێ ئاساییە. دوایی بەزۆر بردیانینە حەمام!".


نارین دەڵێت: “لەو ماڵە هەمیشە لێیان دەداین و لە هەمان ژوور دەستدریژیی سێکسیان دەکردە سەرمان. بۆیە هەموومان پێکەوە بڕیاری خۆکوشتنمان دا. پێکەوە ژەهری مشکمان خوارد تا بمرین، بەڵام زوو بردیانینە خەستەخانە و نەیانهێشت بمرین. دوای ئەوە هەموو پەت و شتێکیان لێ ستاندین کە ئەگەری ئەوە هەبوو خۆمانی پێ بکوژین".


هەموو ئەو ژنانەی کە دیلی داعش بوون، دەڵێن، زۆربەی داعشەکان گەنج بوون. هەموویان دڕندە و رەفتار ناشیرین بوون. خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوە بوو کە هەمیشە لە فکری سێکس و ژندا بوون. کەسیان کەمێک بەزەییان بە ئەواندا نەهاتووەتەوە.


نارین ئەوە دەگێڕێتەوە، کە فەیسەڵ چۆن کوژراوە و دواتر کێ بووەتە خاوەنی: "سێ مانگی پڕ لە دەردەسەریم لای فەیسەڵ بەڕێ کرد. لەو ماوەیەدا چووبایە هەر شوێنێک لەگەڵ خۆی دەیبردم. بۆ مووسڵ و بەعاج و سووریا. لە غابات و حەدیقە و ناو ئۆتۆمبێل، لە هەموو شوێنێک دەستدرێژیی سێکسیی دەکردە سەرم و دوای ئەوەش لێی دەدام و نانی نەدەدامێ. تکا و پاڕانەوەکانی من هیچ سوودی نەبوو. تا رۆژێک گوتی، من شەهید دەبم، ناوی خۆم نووسیوە. دوای دوو رۆژ گوتیان، لە شوێنێک خۆی تەقاندووەتەوە".


سەرەتا نارین پێی وایە بە کوژرانی فەیسەڵ کەمێک ئازارەکانی کەم دەبێت و ئیتر لە لێدان رزگاری دەبێت، بەڵام دوای ئەوە برای فەیسەڵ دێت دەیبات بۆ شەدادییە لە سووریا و دەیداتە دەست ژنی فەیسەڵ، دەڵێت، تۆ ئێستا موڵکی ژنی فەیسەڵی. نارین دەڵێت: “ژنی فەیسەڵ لە مێردەکەی خراپتر بوو بەردەوام لێی دەدام. دواتر منی بە باوکی فەیسەڵ فرۆشت. باوکی فەیسەڵ تەمەنی پەنجا ساڵ دە بوو. پازدە رۆژ لای ئەو بووم. ئەییویش لە دەستدریژیی سێکسی و ئەشکەنجەدانم بەردەوام بوو. ئەو کوردییشی دەزانی، چونکە پێشتر لە تەلەعفەر لە بێستانی ئێزدییان کاری کردووە".


دوای پازدە رۆژ پیاوە پەنجا ساڵەکە نارین دەباتە مەحکەمەی ئیسلامی و بە قازیی مەحکەمەکە دەیفرۆشێت. نارین باسی قازییەکەی دەکات و دەڵێت: "قازییەکە ناوی سەڵاحەدین وەهاب بوو. ٦٠ ساڵ دەبوو، منی بۆ کوڕەکەی کڕی و گوتی ببە بە موسڵمان لە رای خوا ئازادت دەکەم، چونکە تۆ ئیتر ژنی کوڕی منی، دوای ئەوە منی بردە مووسڵ، یەکەم ئیش جلی رەش و خیمارەی لەبەر کردم. فێری نوێژ و قورئان خوێندنیان کردم. تەمەنی کوڕەکەی حەڤدە ساڵ بوو، داعش بوو. دەبوایە من بەردەوام نوێژ بکەم و قورئان بخوێنم و رۆژووش بگرم. لە کاتێکدا خۆیان ئەوەندە بە ئیلتیزام نەبوون بۆ دینەکەیان".


نارین دەڵێ: "مامەڵەی ژن و کچەکانی قازییش زۆر خراپ بوو لەگەڵم. بەردەوام سووکایەتییان پێ دەکردم و دەیانگوت ئێزدی کافرن. جنێویان پێ دەدام. دوو ساڵ لەو ماڵە بووم، یەک رۆژ نەهاتمە دەرەوە. خواردنیان دەدامێ، بەڵام یەکجار بە گوێیانم نەکردبا لێدانێکی زۆرم دەخوارد".


نارین باس لە کوڕی قازی دەکات، کە ئەویش لە داعشەکانی تر باشتر نەبووە، لەگەڵ ئەوەی گوایە ئەو موسڵمان بووە و بووەتە ژنی: "کوڕەکە ناوی عەبدوڵا بوو، ئەویش هەم دەستدرێژیی سێکسی و هەم ئەشکەنجەدانم. ئەویش رۆژێک پێی گوتم کە کردەیەکی خۆکوژی هەیە و ناوی خۆی نووسیوە، ئەوەبوو لە مانگی ١٢ی ٢٠١٥، لە رومادی خۆی تەقاندەوە".


بەقسەی ماڵی قازی ئەمجارە نارین بێوەژن بووەتەوە، بۆیە بڕیاریان داوە دوای ماوەی شەرعیی دیاریکراو بیدەنە برای عەبدوڵا: "گوتیان کاتی عەددە لای ئێمە چوار مانگ و نیوە، دوای ئەوە دەتدەینە برای ئەو. منیان کردە ژوورێک نەیانهێشت تەنیا رۆژێکیش بێمە دەرەوە. بۆیە رۆژێکیان دەرفەتم قۆستەوە و هەڵاتم، نەمزانی ئەو ماڵەی بۆ رزگاربوونیش رووم تێ کرد لە بەختی رەشم داعش دەرچوون. کە زانیان ئێزدیم و رامکردووە، زۆریان لێ دام و دەرگایان لەسەر داخستم، کە دەرگایان کردەوە رامکرد، ژن و پیاوەکە دوام کەوتن نەیانتوانی بمگرن. دوای ئەوە چوومە ماڵێکی تەلەعفەری، دیارە ئەوانیش داعش بوون. بردیانمە مەحکەمەی ئیسلامی لە مووسڵ، بردیانمە زیندانێک زۆر گەورە بوو. هەموو دەرگا و پەنجەرەی ئاسنی مەحکەم بوو. نەدەکرا بیر لە راکردن بکەمەوە. دوو رۆژ زیندانی کرام، ئەو زیندانە ژنی تریشی لێ بوو. ژنەکان عەرەب بوون، گوتیان تاوانی ئێمە زیناکردنە. دواتر منیان بردەوە ماڵی قازییەکە. نووسراوێکیان دامێ و گوتیان، ئەگەر یەکجاری تر رابکەی حوکمەکەت کوشتنە".


نارین ئەمجارە فێڵێکی تر دەکات: "کاتێک ماڵی قازی منیان دۆزییەوە، ویستیان بمدەنە کوڕەکەی تریان، منیش لە ترسی دەستدرێژیی سێکسی، بە درۆ گوتم تا جارێک هەموو قورئانەکە نەخوێنم خۆم تەسلیمی ئەو کوڕە ناکەم. بە راستی تۆبەم کردووە. بۆیە رازی بوون و منیش دەستم کرد بە قورئان خوێندن. لەو ماوەیەی کە دایاننابوو من قورئانەکە بخوێنم، بەردەوام جنێویان پێ دەدام، بەڵام لێیان نەدەدام. لەو رۆژانەدا دەرفەتێکم دۆزییەوە و دیسان رامکرد. ئەوکاتە مانگی شەش بوو.. چوومە لای سکرتێری پزیشکێک، داعش نەبوو. تەلەفۆنی دامێ و چوار رۆژ لە ماڵی خۆی شاردمییەوە".


دوای ئەوە نارین بە یارمەتیی ئەو کەسە، تەلەفۆن بۆ ماڵی باوکی دەکات و لە شوێنی خۆی ئاگاداریان دەکاتەوە، ئەوانیش لەگەڵ موهەریبێک مامەڵە دەکەن کە سەد و هەشتا وەرەقە کچەکەیان بۆ بەرێتەوە: "دوای ئەوە بە یارمەتی ئەو پیاوە، مەهەریبەکە هات منی برد و لە بازگەکان شاردمیەوە، تا گەیشتمە کۆتا خاڵی بازگەی داعش و لەوێ خزمەکانم چاوەڕێیان دەکردم".


تعليقات

المشاركات الشائعة