ڤیان دەخیل: چارەنڤيسێ زێده‌تر ژ هەزار زارۆكێن ئێزيدی دیار نینە و بەغدا کێمترخەمە

هەولێر-KDP.info- 
نوێنەری ئێزدییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە دەکات ژمارەیەکی زۆر منداڵی ئێزدی لە نێو داعش چارەنووسیان نادیارە..دەشڵێت، بەغدا کەمتەرخەمە بەرانبەر بەو کەیسە.
دوای هێرشی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بۆ سەر شەنگال هەزاران کەس لە ئێزدییەکان کەوتنە دەست ئەو گرووپە چەکدارە و بەشێکیان کوژران و بەشێکیان بازرگانیان پێوە کرا و و بەشێکی دیکەش منداڵی ئێزدی بوون، کە نزیکەی ٢ هەزار منداڵی ئێزدی کەوتنە دەست داعش و بەشێکیان بۆ کاری توندوتیژی بەکار هێنراون، لەو بارەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی هۆشداری دا لەوەی ئەو منداڵانە بۆ کاری تیرۆریستی بەکار دەهێنرێن، بەشێکیشیان بازرگانییان پێوە دەکرێت، بۆیە لەو بارەوە ساڵی ٢٠١٦ ڕاپۆرتێک لەسەر بەکارهێنانی منداڵ درایە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە.

(ڤیان دەخیل)، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشکی ئێزدییەکان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تا ئێستا ئەوەی ئێمە زانیبێتمان ١٠٦٠ منداڵی ئێزدی لە دەست داعشدا بوون، زۆربەی ئەو منداڵانە لە سەربازگەی داعش مەشقیان پێ دەکرا، بەشێکیان خۆیان تەقاندەوە، بەشێکیان ڕایان کردووە بۆ دەوڵەتی دیکە، هەندێکیان لە سووریان، بەشێک لە منداڵان گیراون و لە حکوومەتی عێراق گل دراونەتەوە، کە نزیکەی ١٠١٠ منداڵن، لەگەڵ چەند چەکدارێکی داعش. ئێمە پێشبینی دەکەین ئەو منداڵانە هی ئێمە بێت، بۆیە زۆر هەوڵ دەدەین ئەو منداڵانە ببینن و پشکنیکی وردیان بۆ بکەین.''

(ڤیان دەخیل) گوتی: ''هەوڵ هەیە بۆ هێنانەوەی ئەو منداڵانە و تەواوی منداڵەکانیش کوڕن، کچەکان دیار نین چیان لێ هاتووە، بەشێکی دیکەی منداڵەکانیش لەگەڵ خێزانەکانی مووسڵ و تەلەعفەر ماون، تا ئێستا ڕادەستیان ناکەن و ناویان گۆڕاوە و ئایینیان گۆڕاوە، ناتوانن بە کوردیش قسە بکەن، بۆیە چوار ساڵە ئەوانە کاریان لەسەر دەکرێت، باوک و دایکیان ناناسنەوە و خێزانەکانیش ناوێرن منداڵەکان بدەنەوە، چونکە ئەگەر بزانن منداڵی ئێزدین، ئەوە دەردەکەوێت ئەو خێزانانە داعشن، بۆیە بە پێشبینیی من زۆربەی منداڵە ئێزدییەکان لە تەلەعفەر و ڕەققە و مووسڵن.''

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: ''بەشێک لەو منداڵانە لە تورکیا فرۆشراون، بەشێکیان لە حەڵەبن، بۆیە بەداخەوە تا ئێستا بەغدا لەوبارەوە کەمتەرخەم بووە، ئێستا زیاتر لە ٪٨٠ی ئێزدییەکان ئاوارە بوون، ئەوە ٧٣ فەرمان لەسەر ئێزدییەکان کراوە، ئەو هەڵمەتانە مندالی ئێزدی و ژنی ئێزدی دەکەنە قوربانی، بەڵام دواین هێرش بۆ سەر ئێزدییەکان زۆر دڕندانە بوو، بۆیە هەرکەسێک دەستی لەو کارەدا هەبێت، دەبێ ڕادەستی بەغدا بکرێت.''

تعليقات

المشاركات الشائعة