ژیانا دوو كوردێن ئێزیدی د مەترسیێ دايه‌

ئێزيدخان نيوز:
دوو كوردی ئێزیدی خەڵكی كۆمەڵگەی گرعوزێری سەر بە شارۆكەی شەنگال كە ئێستە لە سووریان و تیرۆریستانی داعش دەیانەوێ بیانفرۆشن، مامی ئەو دوو كوردە ئێزیدییەش دەڵێ، تیرۆریستان داوای نزیكەی سێ دەفتەر دۆلار دەكەن لە بەرامبەر ئازادكردنیان، بەڵام ئەو پارەیەم نییە و داواكارم هاوكاری بكرێین تا ئازادیان بكەین.

نەواف غەریب خدر مامی ئەو دوو كوردە ئێزیدییە بۆ "وشە" گوتی، براكەم و خێزانەكەی لە كاتی هاتنی داعش بۆ ناوچەكەمان كەوتنە دەست تیرۆریستان و هیچ چارەنووسێكیان دیار نییە، بەڵام ئێستە پێوەندیمان پێوە كراوە و دەڵێن كچێكی 20 ساڵان و كوڕێكی 12 ساڵان كە هەردووكیان برازای منن لەلایەن داعشەوە لە سووریا دەفرۆشرێنەوە و نرخی 27 هەزار و 500 دۆلاریان بۆ داناون، ئێمە ئەو پارەیەمان هەبووایە، لێمان دەكڕینەوە و دەمانهێنانەوە لای خۆمان، بەڵام ئەو پارەمان نییە و چاوەڕێ دەكەین خێرخوازان و لایەنە پێوەندارەكان هاوكاریمان بكەن، سەردانی نووسینگەی ڕزگاركردنی كوردانی ئێزیدیشمان كردووە، ئەوان گوتوویانە پارەمان بۆبێ یەكسەر ڕزگاریان دەكەین.

هەروەها گوتی، ئەمە دەرفەتێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی بتوانم برازاكانم لە دەستی داعش ڕزگار بكەم، چونكە ئەو دەرفەتەم لە دەست بچێ، ئەستەمە جارێكی تر بتوانین ڕزگاریان بكەین، بۆیە داواكارین هاوكاریمان بكرێین.

ئاماژەی دا، دوێنێش كچێكی تر بە 150 هەزار دۆلار ڕزگار كراوە و كۆمەڵێك ئەندامی خێزانەكەی ئێمەیش تا ئێستە لە دەست تیرۆریستانن و كوڕێكم و برایەكەم و ئەندامانی خێزانەكەی و ئامۆزایەكم تا ئێستەیش چارەنووسیان دیار نییە.

بەگوێرەی دوا ئاماری نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی كوردی ئێزیدی، تا ئێستە سێ هەزار و 190 كەس ڕزگار كراون و نزیكەی سێ هەزار و 100 كەسی تریش تا ئێستە لە ژێر دەستی تیرۆریستانن و چارەنووسیان دیار نییە.


تعليقات

المشاركات الشائعة