کەریم سلێمان:کوردێن ئێزدی مه‌حاله‌ جاره‌كا دی لگەل دەورووبەرێن خۆ بژین

دهۆک-KDP.info-
 (کەریم سلێمان)، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان دەڵێت، لەبەر ئەوەی کوردانی ئێزدی چەندین ساڵە ناخۆشی و ئیش و ئازار دەچێژن و کارەسات لە دوای کارەسات بە سەریاندا دێت، گرینگە ڕیفراندۆم بکریت.

ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لە کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکاندا، بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) بریاریان دا، ڕیفراندۆم لە کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە بچێت. زیاتر لە ٩٠%ی ناوچە ئێزدینشینەکانیش دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە.

سەبارەت بەم پرسە، (کەریم سلێمان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''زۆربەی ناوچەکانمان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و زۆربەی هۆزە توندڕەوەکانیش لەوێن و بە هیچ شێوەیەک ئەم هۆزە توندڕەوانە پێکەوەژیان لەگەڵ پێکهاتەکان قبووڵ ناکەن و دیار بوو چۆن ئەوان هاوکاری کران، لە کاتی هاتنی داعش بۆ سەر ناوچە ئێزدینشینەکان و کارەساتیان بەسەر کوردانی ئێزدیدا هینا، لەبەر ئەوەش، مەحاڵە جاریکێ دیکە ئێزدی لەگەڵ ئەمانە بژین.''

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان گوتیشی: ''ڕیفراندۆم ناوچە کوردستانییەکان دەگەێێنێنەوە سەر هەرێم و دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ ئەوەی ئێزدییان لە کوردستاندا پاراستووتر بن و پێویستە کوردستان مافە ڕەواکانی ئێزدییەکان دابین بکات و ئێزدییان توشی کارەسات و جینۆسایدێکی دیکە نەبن ''.

ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراق، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەسە، زۆربەیان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، و زۆربەی هەرەزۆریان لە دەشتی نەینەوا و پارێزگای دهۆک نیشتەجین و لە (٣-٨-٢٠١٤)دا کارەساتێک لە شنگال بەسەر کوردانی ئێزدیدا هات و زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کەس ئاوارە کران و ٩٠ هەزار کەس کۆچبەری دەرەوەی وەڵات کران و زیاتر لە هەزار کەس کوژران و زیاتر لە ٦ هەزار کەسیش ڕفێنران.''

(کەرێم سلێمان) ئاماژەیش دا: ''چی دیکە ئێزدییان ناتوانن ناوچەکانیان بە هەڵواسڕاو بمێنێت، چونکە حکوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک خۆی لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دزییەوە و جێبەجێی نەکرد. ئێستاش حکوومەتی عێراق لە زۆر بواردا هیچ شتێکی بۆ ئێزدییان نەکردووە و ئێمە بە هەموو شیوەیەک پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەین، بۆ ئەوەی چارەنووسی ناوچەکانمان گرەنتی بکرێت.''

تعليقات

المشاركات الشائعة