توركيا ناهێلت زارۆكه‌كێ ئێزدی ڤه‌گه‌رته‌ كوردستانێ

رووداو- دهۆك
دوای هەوڵێكی زۆر، 40 رۆژ لەمەوبەر لازم لە رێگەی قاچاخچییەكەوە بە 8000 دۆلار لە چەكدارانی داعش كڕدرایەوە، بەڵام بەر لەوەی بگاتەوە هەرێمی كوردستان، لە شرنەخ لەلایەن سوپای توركیاوە دەستگیر دەكرێ‌ و بە باوكی دەڵێن ئەوە كوڕی تۆ نییە.
لازم قاسم لەگەڵ دایك و باوكی و پێنج خوشك و برای، لە رۆژی سێی ئابی 2014 لە گوندی كۆچۆ كەوتنە دەست چەكدارانی داعش. هەر زوو باوكیان لێیان جیاكرایەوە و برانە دەرەوەی گوند و دەستڕێژی گوللەیان لێكرا، باوكی لازم كە بە سەختی بریندار ببوو، دواتر توانی خۆی رزگار بكات و بگاتە چیای شنگال.
قاسم عەبدۆ دەڵێت هیچ ئومێدی نەمابوو جارێكی دیكە خێزانەكەی بە زیندوویی ببینێتەوە، بەڵام دوای چوار مانگ دوو كوڕەكانی رزگار كران. ئەوان زانیارییان هەبوو كە لازم و دایكی و خوشكەكانی لە تەلعەفەرن.
بەپێی زانیارییەكانی قاسم، تاوەكوو شەش مانگ لەمەوبەریش لازم لە تەلعەفەر بوو، پاشان رەوانەی سووریا كرابوو. باوكی لازم دەڵێت: "كچێكی گوندەكەمان سێ مانگ پێش ئێستا رزگار كرا. ئەو گوتی لازم و دایكی لە سووریا بوون. منیش دەستم بە پەیوەندی كرد لەگەڵ ئەوانەی كاری رزگاركردنی كوردی ئێزدی دەكەن، دواتر وێنەی لازمیان بۆ ناردم، پێشانی ئەو كچەم دا كە رزگاربووبوو، گوتی بەڵێ‌ ئەوە خۆیەتی".
قاچاخچییەكان لە سووریا داوای هەشت هەزار دۆلار لە قاسم دەكەن لە بەرامبەر رزگاركردنی كوڕەكەی. باوكی لازم دوای هەوڵێكی زۆر توانی پێنج هەزار دۆلار كۆبكاتەوە، قاسم دەڵێت "بە قاچاخچیم گوت تەنیا پێنج هەزار دۆلارم هەیە، گوتی كێشە نییە ئەو پێنج هەزار دۆلارە بنێرە، دوای رزگاركردنی لازم سێ‌ هەزار دۆلارمان بۆ پەیدا بكە".
قاچاخچییەكان كوڕەكەی قاسم لە دەستی داعش رزگار دەكەن و دەیهێننە توركیا، قاسمیش دەچێتە توركیا بۆ بینینی كوڕەكەی. قاسم باسی ئەو چركەساتە دەكات كە كوڕەكەی بینیوە و دەڵێت: "كە بینیم توند توند لە باوەشم كرد، هەردووكمان زۆر گریاین. زمانی كوردی بە باشی بیر نەمابوو، چونكە كە داعش رفاندی تەمەنی تەنیا سێ‌ ساڵ بوو، لە تەلعەفەر لە ماڵێكی توركمان بووە، بە توركمانی قسەی دەكرد".
بەڵام خۆشییەكەی قاسم هەر هەتا سەر سنوور بەردەوام بوو، كاتێك ویستیان بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، لەلایەن سوپای توركیاوە لە ئۆتۆمبێل دەهێندرێنە خوارەوە و لێی دەپرسن ئەوە چی تۆیە، ئەویش دەڵێ‌ كوڕمە، بەڵام سەربازەكان باوەڕی پێناكەن و دەڵێن دەبێ‌ پشكنینتان بۆ بكرێ‌. قاسم دەڵێت: "هاوارم كرد، جەندرمەیەكی تورك لێیدام و كوڕەكەیان لێسەندم و بردیان".
قاسم لەگەڵ جەندرمەكان دەچنە نەخۆشخانەیەكی شاری شرنەخ و لەوێ‌ پشكنین بۆ خۆی و كوڕەكەی دەكرێ‌، بەڵام قاسم دەڵێت تاوەكو ئێستا دوو جار چووەتە شرنەخ و هێشتا ئەنجامی پشكنینەكانی دەرنەچوون.
قاسم هیچ شتێك لەبارەی هاوژینەكەی  و دوو كچەكەی نازانێ‌، بەڵام دەڵێت برینی لازم لە هەموویان بەسوێترە، چونكە دڵنیایە لەوەی زیندووە، بەڵام ناهێڵن پێی شادبێتەوە. ئەو داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات هەرچی زووە خەمێك لە كوڕەكەی بخۆن".

تعليقات

المشاركات الشائعة