ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا، دەستدرێژیی سێکسی و هێرشکردنە سەر ژنانی کوردی ئێزدی ئیدانەکرد و پشتیوانی وڵاتەکەیشی بۆ دووپاتکردنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 29-6-2017، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆنفرانسی ژنانی رزگاربووی تووندوتیژی سێکسی بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا، ژمارەیەک ژنی کوردی ئێزدی کە لەسەر دەستی چەکدارانی داعش دووچاری دەستدرێژی سێکسی بوون، لەگەڵ نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە خۆی یەکێکە لە قوربانییەکان بەشدار بوون.
کۆنفرانسەکە لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر ژنەکانی کۆسۆڤۆ و هۆلۆکۆستی جووەکانیش راوەستا، کە ئەزموونی قوربانیانی کۆسڤۆ و جووەکان دوو وڵاتی سەربەخۆی لێ هاتووەتە بەرهەم.
مێرکڵ لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، لە شەڕدا تووندوتیژیی سێکسی زیاتر دەبێت، لەڕووی دەروونییەوە دەبێ چارەسەری جددی بۆ گرفتەکە بکرێت، ئەڵمانیا سەنتەری تایبەت بەو پرسە دادەمەزرێنێت، بەڵام دەبێت وڵاتانیش بەرەنگاری ببنەوە و جیهان گرنگی بەو پرسە بدات.
راوێژکاری ئەڵمانیا دەستدرێژیی سێکسی و هێرشکردنە سەر ژنانی کوردی ئێزدی ئیدانەکرد و رایگەیاند، ئەڵمانیا پشتیوانی لە ژنانی ئێزدی دەکات، هەموو هاوکارییەک بۆ باشتربوونی دەروون و تەندروستی ئەو ژنانە دەکات کە رووبەڕووی هەڕەشەی تووندوتیژی سێکسی بوونەتەوە.
هاوکات لەکاتی بینینی نادیە موراد، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی: چۆن دەتوانن هاوکاریی زیاتری کچانی کوردی ئێزدی بکەن کە لەدەستی داعش رزگار بوون؟ ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند: وەک لە گوتارەکەمدا ئاماژەم پێدا، بەردەوام دەبین و هاوکارییان دەکەین. جەختیشی کردەوە کە گرنگە ئەوان هاتوون و بێدەنگییان شکاندووە.
تعليقات