پتريا ژنێن ئێزدى بۆ باژێرێ رەققە ل سووریا هاتينه‌ ڤه‌گوهاستن و بەشه‌ك ل تەلعەفەر و بەعاجن

رووداو- هەولێر

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان لەدەستی داعش، رایدەگەیەنێت کە تاوەکو ئێستا سێ هەزار کوردی ئێزدی لەوانەی لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون، ئازادکراون. پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدیش دەڵێت تائێستا 5 ملیۆن دۆلار لە رزگارکردنی ئەو کەسانەدا خەرجکراوە.


رۆژی 11/11/2014 نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد کە دۆسیەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کوردە ئێزدیانەی لەلایەن داعشەوە رفێنراون، دەکرێتەوە. ئێستا نووسینگەیەکی تایبەت بە ئازادکردنی رفێنراون لە شاری دهۆک کراوەتەوە و تاوەکو ئێستاش چەندین ئێزدی لە رێگەی ئەو نووسینگەیەوە رزگار کراون.


حوسێن کۆرۆ، بەرپرسی نووسینگەی بەدواداچوونی رفێنراوان لە پارێزگای دهۆک بە (رووداو)ی راگەیاند:" تاوەکو ئێستا 3004 کەسمان لە دەستی چەتەکانی داعش لە عێراق و سووریا رزگار کردووە کە 1087 یان ئافرەت بوون و 334یشیان پیاو بوون، ئەوانی دیکەش منداڵ بوون، 3400 کەسیش ماون رزگار بکرێن".


سەبارەت بەو کەس و لایەنانەی یارمەتییان داون بۆ رزگارکردنی ئەو ئێزدیانە، حوسێن کۆرۆ گوتی "جگە لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ وڵاتێکی ئیسلامی و عەرەبی و رێکخراوێکی بیانی و نێوخۆیی هاوکاریی نەکردووین".
حوسێن کۆرۆ ئامادە نییە چۆنیەتی رزگارکردنی ئەو کەسانە لەژێر دەسەڵاتی داعش ئاشکرا بکات و دەڵێ :"ئێمە راسپێردراوین بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکەی لەژێر دەستی داعشن، ئێستا ئەوان کڕین و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی داعش پێوەدەکرێت، بە زۆر ئاینیان پێ گۆڕیون، ئێمە هەموو رێگایەک دەگرینە بەر بۆ ئازادکردنیان".


پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی داعش رفاندوونی، زۆرتر لە رێگەی کڕینەوەیان بووە لە بازاڕەکانی داعش، پاشان هێنانەوەیان بە پارەیەکی زۆر بە هاوکاریی سەرۆک هۆز و کەسایەتییە عەرەبەکانی عێراق و سووریا. بەشێکیشیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان و ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانانەوە رزگارکراون. 


ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت چەندینجار داوای لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق کردووە کار بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانە بکەن، یان هاوکاری ماددی رزگارکراوەکان بکەن، بەڵام هیچیان نەکردووە.


ڤیان دەخیل ئاشکرای کرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نزیکەی 5 ملیۆن دۆلاری لە کڕینەوەی ئەو ئێزدیانەدا خەرج کردووە".


ڤیان دەخیل کە وەک چالاکڤانێکی کوردی ئێزدی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەبارەی شوێنی ئەو ژنانە دەڵێ: "بەشی زۆریان بۆ شاری رەققە لە سووریا گواستراونەتەوە بەشێکیشیان لە تەلعەفەر و بەعاجن".


ساڵی 2015 رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی: (هەڵاتن لە دۆزەخ . ترس و تۆقاندن و بە کۆیلەکردنی سێکسی لەنێو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق) چیرۆکی 42 کچ و ژنی ئێزدیی رزگاربووی لە زمانی خۆیانەوە گواستبووەوە کە چۆنیەتی مامەڵەکردنی داعش و کڕین و فرۆشتن و بەکەنیزەککردنیان دەگێڕایەوە.
رزگاربووان دەنێردرێنە دەرەوە

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەرێمی بادن لە ئەڵمانیا رێککەوتنێکی هەبوو بۆ ئەوەی چارەسەری دەروونی بۆ نزیکەی 2000 ژن و منداڵی ئێزدی بکرێ.
مەحما خەلیل قایمقامی قەزای شنگال بە (رووداو)ی راگەیاند: "جگە لەوانەی رەوانەی ئەڵمانیا کراون، 400 ژن و منداڵ ئامادەکراون و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەی رۆمانیا بکرێن و لەوێ چارەسەر وەربگرن".


رۆژی 3/4/2015 یەکەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان، لە پەرستگای لالش لە قەزای شێخان ساز کرا. بەپێی راپۆرتی کۆنفرانسەکە، دوای پەلاماری داعش بۆ شنگال، 430 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون. 1800 کەس کۆمەڵکوژ کراون، زیاتر لە 3 هەزار ژن و منداڵ کە ناوی 1661 کەسیان پشڕاست کراوەتەوە، لەلایەن داعشەوە رفێنراون. هەروەها 500 کەسیش ونبوون کە ناوی 254 کەسیان لەلایەن کەسوکاریانەوە پشتڕاست کراوەتەوە. 600 کەسیش بەهۆی برسێتی و تینوێتی مردوون.

تعليقات

المشاركات الشائعة