جێگری نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو رایگەیاند حکومەتی عێراق خەریکی ئامادەکردنی پلانێکی گەورەیە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق، ئاشکراشی کرد لە سەرەتای شەڕی موسڵەوە هەزار کچی کوردی ئێزدی رزگارکراون.
لیز گراندێ، جێگری نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق گوتی "حکومەتی عێراقی خەریکی داڕشتنی پلانێکە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی حەوت پارێزگای عێراق، کە زیاتر لەهەموو پارێزگاکانی دیکە بەهۆی داعش زیانیان بەرکەوتووە. پاشان ئەوان ئەو پلانە پێشکەشی کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانەوەی عێراق دەکەن".
گراندێ، کە دووەم باڵاترین بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق، لە بەغداوە بۆ رۆژنامەنووسانی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد و گوتی "دەتوانم بڵێم لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە نزیکەی هەزار کچی ئێزدی رزگارکراون".
بەڵام بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی بەغدا، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات شەڕی موسڵ تاوەکو دوای مانگی رەمەزانیش بەردەوام بێت. لیز گراندێ دەڵێ "تێگەشتنی من ئەوەیە؛ لەوانەیە ئۆپەراسیۆنی موسڵ چەند هەفتەیەک، یان چەند مانگێکی دیکە بخایەنێت".
بەڵام حکومەتی عێراق پەلەیەتی بۆ ئەوەی دوای موسڵ، راستەوخۆ دەستبکات بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە. لیز گراندێ بە رووداوی راگەیاند "نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستاوە خەریکی دروستکردنی هەشت کامپە بۆ ئاوارەکانی حەویجە".
سەرەڕای نزیکبوونەوەی کۆتایی داعش لە عێراق، ئەوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەجدییەوە باسی لێوە ناکرێت داهاتووی سیاسی عێراقە و، دیپلۆماتکارەکانیان دەڵێن "داهاتووی عێراق بۆ بەغدا و هەولێر جێدێڵین".
لەسەر داوای ئەمریکا، رۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەبارەی موسڵ ئەنجامدا، نیکی هایڵی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "ئێمە لە رەوشی مرۆیی موسڵ نیگەرانین. لەکاتێکدا دانیشتووان رادەکەن، دەمانەوێت هەموو شتێک بکەین بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل. لەبەرئەوە گوێگرتن لە راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئەو دۆخە وادەکات چاومان زیاتر لەسەر ئەو ئامانجەمان بێت".
هەر لەو لێدوانەیدا بۆ رووداو، باڵیۆزی ئەمریکا رەتیکردەوە قسە لەسەر نزیکبوونەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنوورەکانی سووریا بکات.
تعليقات