دوو پەرلەمانتارێن پۆلۆنیا بۆ ناساندنا ئەنفال و كۆمەلكوژیا کوردێن ئێزدی کار دکەن

پۆڵۆنیا-KDP.info- 
 لە دیداریاندا لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، دوو پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە دەڵێن، بەدواداچوون بۆ ئەو یادداشتە دەكەن كە نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەت پێشكەشی پەرلەمانی پۆڵۆنیای كردووە، تاوەكو لیژنەی پەرلەمانی بۆ مافەكانی مرۆڤ كاری لەسەر بكات بۆ پرسی ناساندنی ئەنفال بە دەستی بەعس و كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان بە دەستی داعش وەكو دوو تاوانی جینۆساید و دژی مرۆڤایەتی.

(زیاد ڕەئووف) نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا، لەسەر بانگهێشتی (مارچین دوشێك) Marcin Duszek  پەرلەمانتاری سەر بە پارتی یاسا و دادپەروەری دەسەڵاتدار لە پۆڵۆنیا، سەردانی تەلاری پەرلەمانی ئەو وڵاتەی كرد، لە دیدارەكەیشدا پەرلەمانتار (پشیمیسلاڤ چارنێچسكی) Przemysław Czarnecki - جێگری سەرۆكی لیژنەی پەرلەمانی بۆ پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادە بوو، كە سەر بە هەمان پارتی سیاسییە.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا و پەیوەندیی نێوان نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، خرایە بەر باسەوە.

هەردوو پەرلەمانتار ڕایانگەیاند كە، كار دەكەن بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان پۆڵۆنیا و هەرێمی كوردستان. پەرلەمانتار (پشێمیسلاڤ چارنێچسكی) ئاماژەی دا كە لە پەرلەمانی پۆڵۆنیا لیژنەیەك پێك دەهێنرێت بۆ پرسی ئاساییشی نیشتمانی كە ئەوەیش ڕەنگە ببێتە سەكۆیەكی باش بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی پۆڵۆنیا-كوردستان.

لەسەر داوای نوێنەری حكوومەتی هەرێم، پەرلەمانتارانی ناوبراو ڕایانگەیاند كە بەدواداچوون دەكەن بۆ ئەو یادداشتەی كە نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەت پێشكەشی پەرلەمانی پۆڵۆنیای كردووە، تاوەكو لیژنەی پەرلەمانی بۆ مافەكانی مرۆڤ كاری لەسەر بكات بۆ پرسی ناساندنی ئەنفال بە دەستی بەعس و كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان بە دەستی داعش وەكو دوو تاوانی جینۆساید و دژی مرۆڤایەتی.

تعليقات

المشاركات الشائعة