ناديا موراد:هه‌تا ئيرۆ گەلێ ئێزدی لبەرچاڤێ جیهانێ رووبرووی كۆمكوژيێ دبت

رووداو ـ هەولێر
بەبۆنەی كۆنترۆڵكردنەوەی گوندی كۆچۆی سەربە قەزای شنگال ، باڵیۆزی نیازپاكی له نەتەوە یەكگرتووەكان پەیامێک ئاراستەی حەشدی شەعبی دەکات و، هاوكات هۆشداریدا لە مەترسی دابەشبوونی ناوچەكە.

نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەپەیامەكەیدا دەڵێت "تاوەكو ئەمڕۆ گەلی ئێزدی لەبەرچاوی جیهان رووبەڕووی كۆمەڵكوژی دەبێتەوە، ماوەی 3 ساڵ لەسەر یەك داوامان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە دۆسیەی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان بەجیدی وەربگرێت و مافی بنەڕەتی كۆمەڵكوژیان پێببەخشێت".

نادیە موراد هەروەها لە پەیامەکەیدا پێیوایە "ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا، بوونەتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و سەربازی و مافی رادەربڕین بە ئێزدییەكان نەدراوە، بۆیە دەترسم ئەو ململانێیانە ببنە هۆی دابەشبوونی شنگال بۆ سێ ناوچە یان زیاتر و ململانێكانیش لە پێناو دەستگرتن بەسەر خاك بێت نەك كەرامەتی گەلەكەم، بۆیە داوا دەكەین ناوچەكانمان كۆنترۆڵبكرێنەوە، پارێزی نێودەوڵەتیمان بۆ دابین بكرێت، دادپەروەری بچەسپێندرێت، سەرجەم تاوانبارانیش بدرێنە دادگا".

لەبارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانیشەوە باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی "كۆچۆ پڕە لە گۆڕی بەكۆمەڵ، تائێستاش 40 گۆڕ لەناوچەكانی شنگال و كۆچۆ دۆزراونەتەوە، دەترسم گۆڕێكی بەكۆمەڵی دیكە بدۆزرێتەوە روفاتی 6 براكەم و 700 كەسی دیكەی كۆچۆی تێدابێت".

نادیە موراد گوتیشی "گوندەكەم ماوەی 12 رۆژ لەلایەن داعش گەمارۆدرا، داوامان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بەهانامانەوە بێن سودی نەبوو، تاوەكو تاوانی كۆمەڵكوژیان لەدژ ئەنجامدرا، داواش لەو هێزە ئەمنییەكان دەكەم پارێزگاری لە بەڵگەكان بكەن و بیانپارێزن".

رۆژی پێنجشەممە 25-5-2017 گوندی کۆچۆ لە سنووری شنگال لەلایەن حەشدی شەعبی کۆنترۆڵکرایەوە. بەپێی راگەیێندراوێکی حەشدی شەعبی، هێزەکانی لیوای 3ی حەشد گوندی کۆچۆ-یان لە رۆژهەڵاتی بەعاج لە رۆژئاوای موسڵ کۆنترۆڵکردووەتەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة