مەسعود بارزانی رایگەیاند، خۆیان بەهاوپەیمانی هەر وڵاتێك دەزانن كە شەڕی تیرۆر بكات و پێویستە جگە لە شەڕی سەربازی شەڕی فكری و ئابووریی تیرۆریش بكرێت، دوای دەیان ساڵ قوربانیدانیش گەلی كوردستان بڕیاریداوە ڕیفراندۆم ئەنجامبدات.
ئەو وتانەی مەسعود بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەیەكیدا هات لەگەڵ بۆیكۆ بۆریسۆڤ سەرۆك وەزیرانی بولگاریا كەلە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە.
بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، لە دوای دەیان ساڵ قوربانیدان گەلی كوردستان بڕیاری ئەوەی داوە كە ڕیفراندۆم بكات لەپێناو دیاریكردنی چارەنووسی خۆی.
وتیشی، "خۆمان بە هاوپەیمانی هەر وڵاتێك دەزانین كە شەڕی تیرۆر بكات و پێویستە جگە لە شەڕی سەربازی شەڕی فكری و ئابووریی تیرۆریش بكرێت و ئەو ڕەگوڕیشانەیش وشك بكرێن كە بوونەتە هۆكاری سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر".
هاوكات بۆیكۆ بۆریسۆڤ سەرۆك وەزیرانی بولگاریا رایگەیاند، شەڕی تیرۆر ئەولەویەتی وڵاتەكەیەتی بۆیە هاوكاری گەلی كوردستان دەبن، هێماشی بەپێگە و بایەخی هەرێمی كوردستان دا لە ناوچەكە و ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕیووە بۆ فراوانكردنی پەیوەندیی ئابووری و فەرهەنگی لەگەڵ هەرێم.
تعليقات