خه‌لاتێ نێڤ ده‌وله‌تى كلارا زێتكينى ب په‌رله‌مانتارا ژنا ئێزدى فه‌له‌كناس ئوجا دێ ئێته‌ دان

ئێن ئارتى  

فەلەکناس ئوجا ژنە پەرلەمانتاری ئێزیدیی هەدەپە لە شاری ئامەد، دوو ڕۆژی تری لە ئەڵمانیا خەڵاتی نێودەوڵەتیی ڕێزلێنانی کلارا زێتکینی بەهۆی هەوڵەکانی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ پێدەدرێت.

خەڵاتی ڕێزلێنانی نێودەوڵەتیی کەلار زێتکین لەلایەن حزبی چەپی ئەڵمانیا (دی لینکە) لە ڕۆژی ٣ی ئازاری ٢٠١٧دا لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا و لە ڕێوڕەسمێکدا بە فەلەکناس ئوجا پەرلەمانتاری هەدەپە دەبەخشرێت.

کلارا زێتکین بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی سەرەکیی ڕۆژی ٨ی ئازار، ڕۆژی جیهانیی ژنان دەناسرێت. حزبی چەپی ئەڵمانیاش لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بۆ ڕێزگرتن  لە هەوڵ و تێکۆشانی کلار زێتکین و بۆ بەبیرهێنانەوەی ئاست و پێگەی ژن لە سیاسەتدا خەڵاتی نێودەوڵەتیی کلارا زێتکینی داناوە.

 فەلەکناس ئوجا پەرلەمانتاری شاری ئامەدی باکووری کوردستانە و دەبێتە حەوتەمین ژن کە خەڵاتی نێودەوڵەتیی کلارا زێتکینی پێدەبەخشرێت. ئەو خەڵاتە بۆ ئەوەیە کە ڕۆڵی ژن لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بخاتەڕوو و هەروەها ئامانجی ئەوەیە کە ژیانێکی باشتر و یەکسان بۆ ژنان دابین بکرێت. بۆ ئەوەش هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادەکانی ٨ی ئازاردا بە ژنێکی چالاکوان دەبەخشرێت.

فەلەکناس ئۆجاش بەهۆی داکۆکیکردنی لە مافەکانی مرۆڤ ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بە شیاو زانراوە.

فەلەکناس ئوجا کێیە؟

فەلەکناس ئوجا ساڵی ١٩٧٦ لە بنەماڵەی کوردێکی ئێزیدیی باکووری کوردستان، لە ئەڵمانیا لە دایکبووە. 

خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە و بووەتە یاریدەدەری پزیشک. هاوکات بووەتە ئەندامی حزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا و لەو حزبەدا کار و چالاکیی ئەنجامداوە.

لە ساڵی ١٩٩٩دا و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا یەکێک لە شەش پەرلەمانتارەکەی حزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا بووە لە پەرلەمانی ئەوروپا.

لە ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٤ و پێنجەمین خولی پەرلەمانی ئەوروپادا بەرپرسی کۆمیتەی ڕۆشنبیری و پەروەردە و میدیا بووە. هەروەها ئەندامی لیژنەی هاوبەشی پەرلەمانی ئەوروپا و تورکیا بووە.

دیسانەوە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٤دا بۆ پەرلەمانی ئەوروپا سەرکەوتنی بە دەستهێنایەوە و تاوەکو ساڵی ٢٠٠٩ بەردەوام بووە لە پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی ئەوروپادا.

فەلەکناس ئوجا لە ئەوروپا یەکێک لە پشتیوانەکانی دۆزی کورد بووە و بەردەوام بەشداریی کار و چالاکیی کوردەکانی دەکرد لە ئەوروپا و یەکێک بووە لە داکۆکیاران لە پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی تورکیا کە لەلایەن تورکیاوە گوشاریان دەخرایە سەر.

فەلەکناس ئوجا، کە هاوکات هاووڵاتیی تورکیایە لە هەڵبژاردنی خولی ٢٥هەمین پەرلەمانی تورکیا لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ دا خۆی لەشاری ئامەدی باکووری کوردستان لەسەر لیستی هەدەپە بۆ پەرلەمان پاڵاوت و سەرکەوتنی بە دەستهێنا.

لە دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردن ٧ی حوزەیرانی قبوڵ نەکرد، دیسانەوە ئوجا لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ خۆی لە شاری ئامەد و لەسەر لیستی هەدەپە بۆ پەرلەمانی تورکیا پاڵاوتەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

کاتێک هێزەکانی پۆلیسی تورکیا بۆ دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران و هاوسەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان هێرشیان دەکردە سەر هاووڵاتیانی ناڕازی، ئوجا داکۆکیی لە هاوڕێکانی و هاووڵاتیان دەکرد.

یەکێک لە وێنەکانی فەلەکناس ئوجا، کە بەرگری لە ژنێک دەکات و لە هێرشی هێزەکانی هێزەکانی پۆلیسی تورکیای دەیپارێزێت بە شێوەیەکی فراوان بە میدیا جیهانییەکاندا بڵاوبوویەوە.

کلارا زێتکین کێیە؟

کلارا زێتکین لە ساڵی ١٨٧٥ لە ئەڵمانیا لە دایکبووە و داکۆکیکارێکی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و مافەکانی ژنان بووە و یەکێکیشە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی نێودەوڵەتیی ژنان.

کلارا زێتکین تاوەکو ساڵی ١٩١٧ ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا بووە.

یەکێک بووە لە هاوڕێکانی ڕۆزا لۆکزامبۆرگ بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی سپارتاکوستییەکان و حزبی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩١٨دا و تاوەکو ساڵی ١٩٢٠ لەو فراکسیۆنانەدا کاریکردووە.

زێتکین لە دوای دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٢٠ەوە تاوەکو ساڵی ١٩٣٣ بووەتە ئەندامی ئەو حزبە.

کلارا زێتکین بڕوای بە چارەسەرکردنی کێشەی ژنان لە ڕوانگەی فیمینزمی مارکسیەوە هەبووە و هەر وەک فریدرێک ئەنگڵس و ئاگۆست بێل بڕوای بەوە بووە، کە بەشداریی ژنان لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دەبێتەی هۆی بەشداریی ژنان لە بوارەکانی دیکەدا و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ڕووخانی سیستمی سەرمایەداری.

کلارا زێتکین یەکێک لە دامەزرێنەرای ڕۆژی ٨ی ئازار، ڕۆژی جیهانی ژنانە. هەروەها یەکێک لەو کەسانە بووە پشتیوانیی لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕووسیا کردووە.

کلارا زێتکین لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

تعليقات

المشاركات الشائعة