300 هەزار خێزانێن شنگالێ دکەمپان دا ژیانا خۆ دبه‌نه‌ سه‌رى

رووداو - هەولێر 

لەکۆی 550 هەزار کوردی ئێزدی، زیاتر لە 300 هەزاریان لە کەمپەکانی دهۆک و شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان ئاوارەن، ئەوان بەهۆی ئاوەداننەکردنەوەی شنگال نەگەڕاونەتەوە.

قائیمقامی شنگال پەکەکە بە هۆکار دەزانێت بۆ ئاوەدان نەکردنەوەی شنگال و دەڵێت "وڵاتان ئامادەنین بە بوونی هێزی ناشەرعی کارمەند بنێرنە ئەو ناوچانە و هاوکاری خەڵک بکەن".

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی باڵای كوردانی ئێزدی ئاشكرایكرد، كە وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەسەر ئەم بڕوایەن هەتا هێزی نایاسایی لەم دەڤەرەدا مابێ ئامادەنین یارمەتی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بدەن.

بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەموو هەوڵەكانی خستووەتەڕوو كە لەڕێگەی هەولێر و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار بۆ شنگال بكات.

مەحما خەلیل، قائیمقامی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بوونی پەكەكە لە شنگال رێگرە لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان، چونكە وڵاتانی هاوپەیمان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئامادەنین لەم دەڤەرە هاوكاری مرۆیی پێشكەش بكەن، چونكە پێیانوایە بوونی هێزی ناشەرعی وەكو پەكەكە مەترسییە لە سەر كارمەندەكانیان".
قائیمقامی شنگال ئاشكرای كرد، مانگی داهاتوو كۆنفراسی دووەمی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بە سەرپەرشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بڕیاریشە لە ئاندەیەكی نزیك كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاوەدانكردنەوەی شنگال ببەسترێت.

قائیمقامی شنگال دەڵێت "شنگال هێندەی هەموو ناوچەكانی دیكەی عێراق بە دەستی داعش وێران بووە، بۆ ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكە و قەرەبووكردنەوەی خەڵكەكەی پێویستمان بە 10 ملیار دۆلار هەیە".

بەپێی قسەی بەرپرسانی كارگێڕی شنگال لە كۆی سەتان هەزار هاونیشتمانی ئاوارەی كوردی ئێزدی، تەنیا پێنج هەزار كەسیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بوونی پەكەكە و ناسەقامگیری سیاسی و سەربازی وایكردووە خەڵك نەگەڕێتەوە شنگال، ئەگەر چەند رۆژ جارێك شەڕ و پێكدادان رووبدات خەڵك بیر لە گەڕانەوە ناكەنەوە".

ڤیان دەخیل گوتی "چەندین وڵات و رێكخراو ئامادەیی خۆیان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە شنگال دەربڕیوە، بەڵام ئەو هاوكارییانە لە رێگای سندوقی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و ئاژانس و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێ‌ ئەو لایەنانەش لەبەر بوونی هێزێكی بیانی وەكو پەكەكە ئامادەنین هیچ پرۆژەیەك ئەنجامبدەن".
بەهۆی شەڕەوە 85%ی سەنتەری شنگال وێران بووە، لە كۆی  هەشت هەزار 105 خانووی هاونیشتمانیان، نزیكەی پێنج هەزاریان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان یاخود تەقاندنەوەیان لە لایەن داعش ویران بووە، ئەو خانووانەی خاپووریش نەبوون 50%ی وێران بوونە و بە كەڵكی ژیان نایەن.

جگە لەوە شوێنە بازرگانییەکان و بازاڕەکانیش وێرانبوونە، ئەمەش وایكردووە نرخی ئەو كەلوپەلانەی لەنێو شنگال و شارۆچكەی سنونێ رۆژانە دەفرۆشرێن بە بەراورد بە بازاڕی شاری دهۆك زۆر گرانتر بێت، بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنی و سەربازییەش لەو ناوچەیە هەیە ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی كەلوپەل ئاستەنگ بووە.

بەهۆی وێران بوونی قوتابخانە و خوێندگاكانیش بەشێك لە قوتابیانی شنگال لە هەلومەرجی سەختدان و نزیكەی پێنج كیلۆمەتر دەبڕن، بۆ ئەوەی لە قوتابخانەكانی دەرەوەی شنگال بەردەوامی بەخوێندن بدەن.

تعليقات

المشاركات الشائعة