بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی رزگاربوونی ژمارەیەک کچ و ژنی کوردی ئێزدی لەژێر دەستی داعش راگەیاند. ئاماژەی بەوەش كرد كە هەندێک لایەن بۆ بابەتی حیزبی و راگەیاندن کردوویانەتە دەستکەوت بۆ خۆیان.
حوسێن کۆرۆ، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رزگارکردنی 8 کوردی ئێزدی لەژێر دەستی داعش راگەیاند، كە 5 لەوان ژن و 3 رزگاربووشیان منداڵ بوون.
بە رزگاربوونی ئەو 8 كەسە، ژمارەی ئەو كەسانەی تاوەکو ئێستا رزگارکراون گەیشتە 2 هەزار و 936 کەس، نزیکەی 3 هەزار و 400 کەس لەژێر دەستی داعشدا ماون.
كۆرۆ جەختی لەوە كردەوە بەردەوام دەبن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی هەموویان: "چۆن لە رابردوودا مزگێنیمان دابووە خەڵکی خۆمان، ئینشائەڵڵا لە رۆژانی داهاتووشدا مزگێنییەكی خۆشتر دەدینە کەسوکاری خۆمان".
حوسێن کۆرۆ گوتیشی "رزگارکردنی سەرجەمیان لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی سەر بە سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بەداخەوە لە رۆژانی رابردوودا هەندێک لایەن خۆیان لەو بابەتە کردە خاوەن و، ئاماژەیان بەوە دابوو گوایە ئەوان رزگاریان كردوون، ئەمەشیان وەکو بابەتێکی حیزبی بۆ خۆیان گەڕاندبووەوە، ئێمە وەکو نووسینگەی رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە".
لەبارەی چۆنییەتی رزگاركردنیان حوسێن کۆرۆ گوتی، ماوەیەکی زۆرە نووسینگەکەیان بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای دهۆک و وەزارەتی پێشمەرگە و هەندێک لەو کەسانەی لەگەڵیان کاردەکەن، توانیویانە ئەو کەسانە لەژێر دەستی تیرۆریستان رزگار بکەن.
تعليقات