مه‌ترسيه‌ك ل سه‌ر شنگالێ ئاشكه‌رابوو

باسنيۆز:له‌زگين جۆقى
قایمقامی قه‌زای شنگال رای دەگەیەنێ، ئێران له‌ڕێی به‌غداوه‌ كار ده‌كات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌ست به‌ سه‌ر قه‌زای شنگالدا بگرێت، هەوڵیش دەدا ته‌له‌عفه‌ر ببێته‌ پارێزگا و شنگالیش قه‌زایه‌كی سه‌ر به‌ ته‌له‌عفه‌ر بێت، به‌غدا و ده‌وڵه‌تانی دوژمنیش پشتیوانی له‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن.

مه‌حما خه‌لیل قایمقامی قه‌زای شنگال بۆ (باس)ی ئاشكرا كرد، ترس هه‌یه‌ هه‌ندێك كه‌سی ئێزدی سازش بۆ ئێران و به‌غدا بكه‌ن و واز له‌ خواستی به‌پارێزگابوونی شنگال بهێنن، چونكه‌ پرۆژه‌ هه‌یه‌ ته‌له‌عفه‌ر ببێته‌ پارێزگا و شنگالیش وه‌ك قه‌زایه‌ك بمێنێته‌وه‌ و بخرێته‌ سه‌ر ته‌له‌عفه‌ر. ئێمه‌ ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ هه‌ندێك كه‌سی ئێزدی له‌ژێر گوشاری ئێران و به‌غدادا، پشتیوانی له‌م پرۆژه‌یه‌ بكه‌ن.


قایمقام روونیشی كرده‌وه‌، هه‌ندێك شاندی ئێزدی به‌ ناوی ئێزدی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و كه‌سیی خۆیان ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئێمه‌ له‌و شاندانه‌ ده‌ترسین كه‌ له‌به‌ر گوشاری به‌غدا سازش له‌سه‌ر مافی شنگال بكه‌ن، به‌وه‌ی له ژێر گوشاری وڵاتانی بیانی گرێبه‌ستێكی نایاسایی و ناده‌ستووری له‌گه‌ڵ به‌غدا واژۆ بكه‌ن، كه‌ شنگال نه‌بێته‌ پارێزگا و ته‌له‌عفه‌ر ببێته‌ پارێزگا و شنگالیش قه‌زایه‌كی سه‌ر به‌ ته‌له‌عفه‌ر بێت، ئێمه‌ ده‌ترسین ئێزدی بۆ خۆیان پشتیوانی له‌ پرۆژه‌ی به‌غدا و ئێران بكه‌ن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر خه‌ڵكی شنگال و پاشه‌ڕۆژی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی كوردستان.



مه‌حما خه‌لیل ئه‌وه‌شی گوت: "ئێران بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی كار ده‌كات كه‌ ده‌ست له‌ كاروباری قه‌زای شنگال وه‌ربدات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌كاری بهێنێ، ئه‌مه‌ش ئاڵۆزیی مه‌زنتر بۆ شنگال دروست ده‌كات، چونكه‌ مه‌به‌ستی ئێران ئه‌وه‌یه‌ خۆی بگه‌یه‌نێته‌ نێو شنگاله‌وه‌ تا پتر له‌ سووریا نزیك ببێته‌وه‌، چونكه‌ شنگال له‌گه‌ڵ سووریادا هاوسنووره‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی شنگال هیچ كاتێك به‌ ژیانی ئاسایی خۆی شاد نه‌بێت، هه‌رده‌م له‌نێو كێشه‌ی لایه‌نانی سیاسیی بیانیدا بێت، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی ده‌بێت به‌ سه‌ر دۆسێی جینۆسایدی ئێزدیان، سه‌رباری دروستكردنی كێشه‌ و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شنگال بۆ سه‌ر زێدی خۆیان."

قایمقامی شنگال ئه‌وه‌شی گوت، کە وا دیاره‌ كه‌ به‌غدا و ئێران ئه‌م هه‌ستیارییه‌ی شنگال بۆ خواست و مه‌به‌ستی خۆیان به‌كار ده‌هێنن، ئیدی بۆیه‌ گرنگه‌ ئێزدی ببنه‌ یه‌ك ده‌ست و پێكه‌وه‌ له‌ شنگالدا كار بكه‌ن، هه‌موویان پشتیوانی له‌ پرۆژه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ن بۆ به‌پارێزگابوونی شنگال.


ئه‌وه‌شی خسته‌ روو، شنگال له‌ لالشی نوورانی دوور ناخرێته‌وه‌، ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كار ده‌كات شنگال ببێته‌ پارێزگا، خه‌ڵكی شنگالیش نایه‌نه‌وێ چی سه‌ر به‌ عیراق بمێننه‌وه‌، ئیدی سه‌یره‌ له‌م كاته‌دا هه‌ندێ خه‌ڵكی ئێزدی رازی بن كه‌ ته‌له‌عفه‌ر ببێته‌ پارێزگا و شنگالیش ببێته‌ قه‌زایه‌كی سه‌ر به‌ ته‌له‌عفه‌ر، ئه‌و ته‌له‌عفه‌ره‌ی به‌ هه‌زاران كچ و ژن و منداڵی ئێزدیی تێدا ئه‌شكه‌نجه‌ دران و تووشی زوڵم و زۆردارییه‌كی زۆر هاتن، ئیدی ویژدانی مرۆڤایه‌تی چۆن قبووڵ ده‌كات شنگال سه‌ر به‌ ته‌له‌عفه‌ر بێت، ئه‌مه‌ مه‌حاڵه‌ و پێویسته‌ هه‌موو ئێزدی وشیار بن به‌رانبه‌ر به‌ پیلانی دوژمنان.

تعليقات

المشاركات الشائعة