بەڕێوەبەرایەتیی كۆچبەرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت بەمەبەستی چاودێریی دۆخی كۆچبەرانی كورد، هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ نوێنەرایەتییەكانی هەرێم و ڕێكخراوەكانی پەنابەراندا هەیە، هەروەها دژی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانیشن.
نەزهەت حوسێن، بەرێوەبەری پەنابەران و ڕەوەندی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕێژەی كۆچبەرانی كورد لە كۆی ڕێژەی كۆچبەرانی عیراقی نادیارە، بەڵام ئێمە بەردەوام چاودێریان دەكەین و بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگیمان لەگەڵ نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێم و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی كۆچبەران هەیە."
هەروەها گوتیشی: "بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی بەردەستن كۆچبەرانی كورد لە كەمپەكانی یۆنان و بوڵگاریا و فلەندا و ئەڵمانیا نیشتەجێن و دۆسیەی 273ی كۆچبەری كوردی ونبووشمان لایە كە بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی گەشتكردن لە بەندیخانەكانی بولگاریا و یۆنان دان. جگە لەوانەش لەسەر خەرجی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەرمی 158 كۆچبەری كورد گەڕێنراونەتەوە هەرێمی كوردستان."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "زۆربەی كۆچبەران ئێزدی و مەسیحییەكان لەناو هاووڵاتیانی كوردستانیش زۆربەیان خەڵكی پارێزگای سلێمانین و دواتریش دانیشتوانی پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر و كەركووك دێن."
ڕوونیشی كردەوە: "حكوومەتی عیراقی هەوڵی بە زۆر هێنانەوەی پەنابەران دەدات لە ئەڵمانیاوە كاری لەسەر دەكات و لەو چوارچێوەیەشدا 7 هەزار و 342 پەنابەر ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ عێراق تۆمار كردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێم دژی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی كوردە."
هاوکات نەدا سدیق، لە لیژنەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ڕوونی كردەوە "بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی كۆچبەرانی كورد بە پێویستی دەزانرێت لیژنەیەكی دەرخستنی ڕاستییەكان سەردانی وڵاتی یۆنان و بولگاریا بكات، چونكە كوردەكان بەو دوو وڵاتەدا بەرەو ئەورووپا تێدەپەڕن، لەوێ تووشی زۆر گرفت دەبنەوە، بەڵام تاكوو ئێستا لیژنەی ناوبراو دروست نەكراوە و هەوڵی بەردەوامیش دەدرێت بۆ دیاریكردنی ئەو لیژنەیە."
ئەوەشی ئاشکرا کرد: "چوونی ئەو لیژنەیە و نووسینی ڕاپۆرتی ڕاستییەكان بەرچاوڕوونی دەداتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هۆكارەكانی كۆچكردن و چۆنیەتیی چارەسەری دۆسیەی كۆچبەران و چارەسەری كێشەكانی ناو هەرێمیش كە هۆكاری كۆچكردنن."
تعليقات