نوونه‌رێ حكوومه‌تا هه‌رێمێ ل پۆلۆنيا:هه‌موو هه‌ولان دێ ده‌ين بۆ جينۆسايد ناساندنا كۆمكوژييا ئێزديان

کڕاکۆڤ-KDP.info- 
پیشانگایەکی وێنەیی لەبارەی ئیزدییەکان بەناوی "با ڕووناکی ببێتەوە"، لە پەرتوکخانەی گشتیی شاری کڕاکۆڤ کرایەوە.

پیشانگاكه‌ کە لە لایەن دکتۆر ئارتور ڕۆجێڤیچ Artur Rodziewicz، كه‌ توێژەری زانستییە لەسەر پرسی ئێزدییەکان ساز دراوه‌ و بە هاوکاریی پەیمانگەی توێژینەوەی کوردناسی لە زانکۆی یاگێلۆنیان ڕێک خراوە.

لە بۆنەکەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا زیاد ڕەووف و  ژمارەیەك لە قوتابیانی کورد و پۆڵۆنیایی، پرۆفیسۆران و توێژەرانی زانستی و نوێنەرانی میدیاکان بەشدارییان تێیا کردبوو.

بەڕێوەبەری پەرتوکخانەی گشتی وێڕای بەخێرهێنانی میوانانی، گوتی، کردنەوەی ئەو پیشانگە بۆ ئێمە زۆر گرینگە بۆ نیشاندانی نەریت و کولتووری میللەتانی دیکە.

  دواتر خاتوو یۆئاننا بۆخێنسکا سەرۆکی بەشی توێژینەوەی کوردی لە زانکۆی یاگێلۆنیان وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی کولتووری ئێزدییەکانی کرد و هاوکاریی خۆی بۆ کردنەوەی پیشانگاکە و ڕێکخەرانی نیشان دا.

هەر بەو بۆنەیەوە، زیاد ڕووف نوێنەری حکوومەتی هەرێم وتەیەکی پێشکەش کرد. لە قسەکانیدا نوێنەری حکوومەت ئاماژەی دا بەوەی، لەسەر پرسی ئێزدییەکان هەموو هەوڵێك لە وڵاتی پۆڵۆنیا دەدەین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەدەستی تیرۆریستانی داعش بەسەریان هاتووە.

ڕووف هه‌روه‌ها تیشكی خستە سەر ئەو ڕاڤە یاسایییەی کە وەکو نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا بە هاوکاریی پسپۆری شارەزا و یاساناسی نێودەوڵەتی ئیرێنێوش کامینسکی لە چاپ دراوە و بڵاو کراوەتەوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی پرسەکە لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا. دواتر باسی هەموو ئەو چالاکییانەی دیکەی کرد کە لەو بارەیەوە لە وڵاتی پۆڵۆنیا ئەنجام دراون لەوانە ڕێکخستنی خۆپیشاندان لەبەردەم تەلاری پەڕلەمانی پۆڵۆنیا و، پێشکەشکردنی یادداشتێك کە تیایدا داوا کرا پەڕلەمانی پۆڵۆنیا ئەو کۆمەڵکوژییە بەجینۆساید بناسێنێت و، ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە لە پەڕلەمان دەستی پێکردبووە و هیودارین کە بەزووترین کات پەڕلەمانی پۆڵۆنیا ئەو بڕیارە بدات.

دواتر ئارتور ڕۆجێڤیچ سوپاسی هەموو میوانەکانی کرد بۆ ئامادەبوونیان و ئاماژەی دا کە ئەو وێنانە لە ئەنجامی سەردانێکی ئەو بۆ کوردستان بەدەستی هێناوە لە کامپی ئاوارەکان و شوێنی پیرۆزی ئێزیدییەکان. دواتر بانگهێشتی میوانەکانی کرد بۆ سەیرکردنی وێنەکان.

پیشانگاکە مانگێك بە کراوەیی دەمێنێتەوە تاکو زۆرترین کەسایەتیی ڕۆشنبیر و خەڵكی پۆڵۆنیا سه‌ردانی بكه‌ن و بیانبینن.

تعليقات

المشاركات الشائعة