حكوومەتا هەرێما كوردستانێ به‌هايێ ئاڤا مالان كێمكر

 حكوومەتا هەرێما كوردستانێ به‌هايێ ئاڤا مالان كێمكر 

باسنيوز:

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكان و بەشێوەیەک بەرزترین ئاستی كرێی ئاو مانگانە نابێت لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت.

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی شارەوانی کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا هاتووە: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنماییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی هەمواركردەوە و هاوكات بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكان كە بەرزترین ئاستی كرێی ئاو نابێت لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت، وێڕای ئەمە بڕیاری لێخۆشبوونیشی لە بەشێكی قەرزەكانی دا، وەك نموونە: ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بۆ چەند مانگێك بڕێكی زۆر پارەی بۆ هاتبێتەوە، لە كاتی دانەوەی قەرزەكەیدا هەر مانگەی 45 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت".

ئاماژە بەوەش دراوە، "ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكە هاووڵاتی هەرچەندی ئاویش بەكار بهێنێت، بەڵام لە 45 هەزار دینار زیاتری لێ وەرناگیرێت، وەك نموونە: ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بەگوێرەی پێوەرەكەی مانگی بای سەد هەزار دیناریش ئاو سەرف بكات، تەنیا 45 هەزار دینار دەدات، سەبارەت بە دانەوەی قەرزەكانیش، ئەگەر هاوبەشێك بڕی 400 هەزار دیناری بۆ چوار مانگ بۆ هاتبێتەوە، ئێستا لەكاتی دانەوەی قەرزەكەیدا مانگی تەنیا 45 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە لەبری ئەو چوارسەد هەزار دینارە قەرزە، تەنیا 180 هەزار دینار دەداتەوە حكوومەت، ئەمەش رێژەیەكی زۆری لێخۆشبوونە".

هەروەها لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی روونیشکراوەتەوە، "وێڕای جەختكردنەوە لە بەستنی پێوەری ئاو و سزادانی ئەو كەسانەی نەیانبەستووە، بەڵام لەلایەكی دیكەوە ئەگەر هاووڵاتییەك پێوەری ئاو ببەستبێت لە قازانجی خۆیەتی، بۆ نموونە: ئەوكات بەگوێرەی پێوەرەكە پارە دەدات، ئەگەر مانگی بای 10 هەزار دینار ئاوی سەرف كردبێت، هەر ئەوەندەی بۆ هەژمار دەكرێت، بەڵام ئەگەر هەمان هاووڵاتی مانگانە بەگوێرەی هەمان پێوەر، بای سەد هەزاری سەرف كردبێت، تەنیا 45 هەزارەكە دەدات، لەو حاڵەتەدا هاووڵاتی چەند جار قازانج دەكات".

تعليقات

المشاركات الشائعة