عسمەت میر تەحسین بەگ:ده‌ڤه‌رێن ئێزدیان بووينه‌ جيێ ناکوكى و هه‌ڤركيێن سیاسی يێن هه‌رێمى و نێڤ ده‌وله‌تى

  عسمەت میر تەحسین بەگ:ده‌ڤه‌رێن ئێزدیان بووينه‌ جيێ ناکوكى و هه‌ڤركيێن سیاسی يێن هه‌رێمى و نێڤ ده‌وله‌تى

دهۆک-KDP.info- 

عسمەت میر تەحسین بەگ، کەسایەتیی دیاری ئێزدییان و کوڕی میری کوچکردوو میر تەحسین بەگ، لەسەر چەندین مژار لەسەر ڕەوشی کوردانی ئێزدی لە کوردستان و عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان قسە دەکات.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێستا ئێوە ڕەوشی ئێزدییان چۆن دەبینن و ڕەوشیان لە چ ئاستدایە؟

میر عسمەت: هەڵبەت ڕەوشی ئێزدییان خراپە، پێمان وابوو ئێزدییەکان دەتوانن بە ئاشتییانە بژین لەم وەڵاتەدا، بەڵام وا دەرنەچوو. لە دوای ٢٠١٤ خەڵک ئاوارە بوون، ئەوەی دەرگای بە ڕووماندا کردووەتەوە تەنیا هەرێمی کوردستان بوو. سەرۆک بارزانی هەر لە یەکەم ڕۆژی کۆمەڵکوژیی ئێزدییانەوە هاوکار و پشتیوانی ئێزدییان بوو و بە بڕیاری جەنابیان هەموو هاوکارییەک لە سەرانسەری کوردستان پێشکێشی کوردانی ئێزدی کرا.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێستا ناکۆکیی سیاسی لە ناوچە ئێزدییەکان هەیە بە دیدگای ئێوە ئەم ناکۆکییانە گەیشتوونەتە چ ئاستێک؟

میر عسمەت: بەداخەوە ناوچەی ئێزدییان بووەتە شوێنی ناکۆکی و ململانێیی سیاسیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، لەمەشدا ئێزدییەکان دەبنە قوربانی و دەستی گەورەتر لە قەبارەی ئێزدییان کەوتووەتە ئەو جوگرافیا سیاسیەی ئێزدییان تێیدا دەژین، بۆیەشە دەبێ هەرچی زووە ئەم کێشەیە لەسەر ئاستی وەڵاتانی دنیا چارەسەر بکرێت، ناکرێ ناوچەکانمان ببنە شوێنی تەسفیەحساباتی خەڵکانی تر.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کەسی ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا دەژین و ئاوارەن، چۆن دەبێ لە وەڵاتی خۆیاندا ئاوارە بن؟

میر عسمەت: جێگای داخە ئێزدییەکان ئاوارەن، ئێستا ناوچەکانیان کاول کراوە، خزمەتگوزاری لە ناوچەکانیان نییە، ئەگەر شوێنی ئێزدییەکان ئارام بووایە، ئاوارە نەدەبوون، دەبێ خزمەتگوزاری و گرەنتیی ئەمنییان هەبێت تا بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، خەڵک گەرما و سەرمای کەمپەکانیان هەڵبژاردووە و نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، چونکە ئەمنیەت و خزمەتگوزاری لە ناوچەکانیان نییە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ڕەوشی شنگال چۆن دەبینن؟

میر عسمەت: دەبێ ئەو خەڵکەی شنگال یەکگرتوو بن، دەبێ لەوێ سیاسەتێکی سەرکەوتوو پەیڕەو بکرێت و ئێزدییەکان یەکگرتوو بن و وەک پێش ساڵی ٢٠١٤ بتوانن بە ئارامی بژین.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێزدییەکان دەڵێن: عەرەبی دەوروپشتی شنگال دەستیان هەبوو لە ڕژانی خوێنی ئێزدییان، ئێستاش لەملا و لەولا دەیانەوێت جۆرە سولحێکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن و دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ئێوە بە دەسەڵاتداری ئێزدییان ج دەڵێن؟

میر عسمەت: هەموو عەرەب نا، بەڵام بەشێک لە هۆزەکانیان دەستیان هەبوو لە ڕژانی خۆینی ئێزدییان و دەبێ دادگایەکی عادیلانە هەبێت بۆ ئەوەی ئەم کەسانە لە ڕووی یاساییەوە دادگایی بکرێن، ئێمە پشتیوانی لە هەموو یاسایەک دەکەین کە عادیلانە بێت.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: زیاتر لە ٢٥٠٠ کەسی ئێزدی ڕفێنراوی دەستی داعشن، چ داواکارییەکتان هەیە؟

میر عسمەت: ڕزگارکردنی ڕفێنراوان، شتێکی پیرۆزە بۆ هەموو لایەک، بۆیەش داوا لە هەردوو حکوومەتی هەولێر و بەغدا و تەواوی ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کار لەسەر ئەم کارە بکەن بۆ ڕزگارکردنی هەموو ڕفێنراوانی دەستی داعش، سوپاس سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەکەین ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە ڕزگارکردنی ئەم ڕفێنراوانە و سوپاسی هەموو لایەک دەکەین کە دەستیان هەبێ لە ئازادکردنی ئەم کەسانە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێستا لە مینبەرەکانی دنیا پرسی جینۆسایدی ئێزدییەکان پرسێکی گرنگە، داواکاریتان چییە؟

میر عسمەت: دەبێ ئەم کۆمەڵکووژییە بە جینۆساید بناسرێت، چونکە ئەوەی بە سەرمان هات شتێکی کەم نەبوو، داوا لە هەردوو حکومەت دەکەم پەلە بکەن بۆ ئەوەی پرسەکە بە جینۆساید بناسرێت.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: دۆخی ئێزدییان لە سووریا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

میر عسمەت: جێگای داخە ئێزدییەکان لە سووریا بەرەو نەمان دەچن، دیمۆگرافییەکەشیان گۆڕاوە، ئەو گرووپانە هەموو شتێکیان لە ناوچەکانیان کردووە بۆ ئەوەی ئێزدییەکان لەو ناوچانە نەمێنن، دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوڕێک لەو پێکهاتانە بداتەوە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: دەبێ ئێزدییەکان چۆن پشکدار بن لە حکومەتە خۆجێییەکانی دهۆک و مووسڵ و حکوومەتی هەرێم و عێراق؟

میر عیسمەت: دەبێ هەردوو حکوومەت بە برای پچووک سەیرمان کەن و دەبێ ئێزدییەکان لە هەردوو حکوومەت پشکدارییان هەبێت، هەرچەندە لە حکوومەتی هەرێم باشە، بەڵام دەمانەوێت مافی خۆمان پێ بدەن، چونکە ئێزدییەکان دەیانەوێت خزمەت بە گەل و وەڵاتی خۆیان بکەن و ئێزدییەکان کەسانی خەمخۆر و وەڵاتپاریزن، داوا لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت دەکەین، لە هەموو جومگەکاندا پشکدارییەکی کارا بە ئێزدییان بکرێت.

تعليقات

المشاركات الشائعة