مه‌ترسیێن ب عه‌ره‌بكرن و شیعه‌كرنا شنگالێ
مه‌ترسیێن ب عه‌ره‌بكرن و شیعه‌كرنا شنگالێ
باسنيوز:سمۆ شنگالی
پێشه‌كییه‌كی پێویست:
به‌هۆی دووره‌ده‌ستیی شنگال له ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه كه هه‌ر ئه‌م دوورییه، یه‌كێكه له خاڵه لاوازه‌كانی شنگال له هه‌ر هێرش و په‌لامار و ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌بردنی ململانێشدا له‌سه‌ر شنگال، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه وه‌ك شنگالییه‌ك كاتێك ته‌ماشای میدیاكانی كوردستان و گوێ لە لێدوان و موزایه‌ده‌ی هه‌ندێك له سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م، به ئاشكرا دیاره هیچ زانیارییه‌كیان له‌باره‌ی شنگال و مێژووی و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و پێكهاته‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت كه‌شوهه‌واكه‌شییه‌وه نییه، بۆیه به پێویستی ده‌زانم ئه‌گه‌ر دووباره‌ش بێت، پێش هه‌ر شتێك، هه‌ندێك زانیاریی زه‌روور و وازلێنه‌هێنراو بخه‌ینه ڕوو.
شنگال ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری كوردستانی سووریا له دووریی زیاتر له 80كم له نزیكترین شوێنی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به پشتێنیه‌كی تێكه‌ڵ له عه‌ره‌بی سوننه و شیعه و توركمانی سونه و شیعه ده‌وره دراوه، باكوری شنگال ناوچه‌كانی ڕه‌بیعه و زوماره، لای ڕۆژهه‌ڵاتییه‌وه ته‌له‌عفه‌ر و ڕۆژئاواشی كوردستانی سووریایه و له باشووریشه‌وه قه‌زای به‌عاجه. پێش داگیركردنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه له ئابی 2014، ژماره‌ی دانیشتوانی قه‌زای شنگال ده‌وروبه‌ری 350 هه‌زار كه‌س ده‌بوو: 80٪یان زیاتر كوردن و له‌وانه 60 تا 65یان ئێزدین كه زۆرینه‌كه‌یان له سه‌نته‌ری هه‌ردوو ناحیه‌ی سنونێ له باكووری شنگال و گرعزێر له باشووری شنگال و كۆمه‌ڵگەكانی باكوور و باشووری شاری شنگال و لە ته‌واوی گونده‌كانی نێو زنجیره چیای شنگال نیشته‌جێن. ڕێژه‌ی دانیشتووان پاش ئێزدی، كوردی شیعه و سوننه، دوای ئه‌وان عه‌ره‌ب (زۆربه‌یان ته‌عریبی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانن)، ئینجا توركمان و ده‌یان خێزانی مه‌سیحیشی تێدا مابوون.
به‌گشتی شنگال له‌ڕووی جوگرافی و سیاسیشه‌وه، شوێن و پێگه‌یه‌كی زۆر ستراتیژی هه‌یه، ته‌نانه‌ت هه‌ر بۆ زانیاری، كاتی خۆی له 1991دا، سه‌دام له‌سه‌ر لووتكه‌ی چلمێرای چیای شنگاله‌وه 39 سارووخی به‌ره‌و ئیسرائیل هاویشت، تا ئێستاش بنكه‌ی ئه‌و سارووخانه له‌سه‌ر چلمێرا ماون. سه‌ری چلمێرا كه به‌رزترین لووتكەی چیای شنگاله، تا ساڵی 2014 به‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه بوو، ئێستا به‌داخه‌وه به‌ده‌ست په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌یه. چیای شنگال، 74كم درێژه، 13 تا 17 كم پانه، 1460م به‌رزه. ده‌یان گه‌لیی خۆش و گوندی دڵڕفێن و كانیاوی تێدایه. كه‌شوهه‌وای چیای شنگال، ته‌واو وه‌ك كه‌شوهه‌وای باقی چیاكانی كوردستانه.
خوێندنی كوردی كه یه‌كێكه له پایه‌كانی كوردستانیبوونی شنگال، هه‌ر له حه‌فتاكانه‌وه به‌ته‌واوی قه‌ده‌غه كرابوو، له 2003 كرایه‌وه و قۆناغێكی زۆر باشی بڕی، به‌ڵام به‌داخه‌وه له پاش 2014ه‌وه دیسان نه‌ما، تا ئێستاش ئه‌و حاڵه‌ته خه‌ته‌رناكه به‌رده‌وامه. هه‌رچی نیشانه‌ی كوردی و كوردستانیبوونی شنگال كه به‌عس له‌نێوی بردن، یان قه‌ده‌غه‌ی كردن، تا ئه‌مڕۆ وه‌ك خۆی به‌رده‌وامه و ئه‌و ته‌عریبه‌ی سه‌دام كردی، حوكمڕانانی ئێستای عێراق له‌سه‌ری به‌رده‌وامن بگره زۆرخراپتریش.
له‌لایه‌نی ئینتیما و جه‌ماوه‌ری حزبییه‌وه، شنگال، له‌ڕووی مێژووییه‌وه قه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاستییه، به كۆمه‌ڵێك هۆكار كه دواترین و دیارترینیان كاره‌ساتی شنگاله، ئێستا ئه‌و وه‌زعه حزبییه وا نه‌ماوه نه‌خاسمه له دوای ١٦ی ئوكتۆبه‌ر و چۆڵبوونی گۆڕه‌پانه‌كه بۆ په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی و گرووپگه‌لێكی عێراقچی، به‌ڕاستی ئێستا دۆخەکە زۆر خراپه، به‌تایبه‌تی له‌نێو ئێزیدییاندا كه وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد، زۆربه‌ی دانیشتوانی شنگال پێكدێنن.
هۆكاره‌كانی ئه‌و گۆڕانه‌ش: كاره‌سات و لێقه‌ومان و په‌رتبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی، هه‌ندێك هه‌ڵه و بێتوانایی به‌پرسانی شنگال پاش و پێش كاره‌ساته‌كه‌ش، هه‌ژاریی، فشارێكی له ڕاده‌به‌ده‌ری سیاسی و ئابووریی، غیابی دیار و ئاشكرا و كاریگه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان له شنگال پاش ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئوكتۆبه‌ر، هۆكارگه‌لێكی دیكه‌ش زۆرن كه لێره‌دا ڕه‌نگه بواری نووسینیان نه‌بێت.
ڕاستتان ده‌وێت، تا داموده‌زگا شه‌رعییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان نه‌گه‌ڕێنه‌وه شنگال و به‌رنامه‌یه‌كی ڕوون و تۆكمه نه‌بێت بۆ دڵدانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ خزمه‌تی شنگال و ئێزدییان، ڕۆژ به ڕۆژ دۆخەکە به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت و حكوومه‌تی عێراق به شیعه و سوننه‌وه، په‌كه‌كه و نه‌یارانی كوردستان به‌گشتی دۆخەکە ده‌قۆزنه‌وه و گه‌ر وا بڕوات، ئه‌گه‌ر زوو فریا نه‌كه‌ون، دوور نییه شنگال به یه‌كجاری له‌ده‌ست بچێت. بۆ گێڕانه‌وه‌ی شنگال، كات له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان نییه. ئایا ده‌توانین بیگێڕینه‌وه؟ به دڵنیاییه‌وه به‌ڵێ، ئه‌گه‌رچی ئاسان نییه، بگره زۆریش قورسه. ئه‌ی چۆن؟ ده‌بێت به وردی دیراسه بكرێت و پێش هه‌ر هه‌نگاوێك، حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پلانێكی كوردستانیی پته‌و دابڕێژرێت كه هه‌موو لایه‌نه سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوورییەکانی له‌به‌رچاو بگرێت.
بارودۆخی ئێستای شنگال؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌رچه‌نده ئامارێكی فه‌رمی له‌به‌رده‌ستدا نییه، به‌ڵام ڕێژه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه ده‌ڤه‌ری شنگال، ناگاته 40٪ی خه‌ڵكه‌كه. ئه‌ڵبه‌ت ده‌بێت بڵێین ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه زۆرینه‌یان خه‌ڵكه بێده‌ره‌تان و هه‌ژاره‌كه‌ن، جیا له‌وانه‌ی كه به ناچاری كوڕ و پیاوه‌كانیان بوونه‌ته پۆلیس، یان سه‌ربازی عێراقی، پێش ئه‌مانه‌ش ئه‌و خه‌ڵكانه‌ن كه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ن، یان ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا دژی كوردستانیبوونی شنگال بوون و ئێستا پشتیوانیی حه‌شدی شه‌عبی و حكوومه‌تی عێراقن.
نابێت ئه‌و خه‌ڵكه‌شمان له‌بیر بچێت، به‌تایبه‌تی له‌نێو ئێزدییاندا كه كوردستانیان خۆش ده‌وێت، به‌ڵام به‌هۆی كاره‌ساته‌كه‌وه دڵیان شكاوه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئێستاش به ناچاری له‌ژێر ده‌ستی حه‌شدی شەعبی و په‌كه‌كه‌دا ده‌ژین.
نزیكه‌ی سێ له‌سه‌ر چواری ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه دانیشتووی ناحیه‌ی سنوونێ و كۆمه‌ڵگه و گونده‌كانی باكووری شنگالن، چاره‌كێكیان خه‌ڵكی سه‌نته‌ر و گوند و كۆمه‌ڵگه‌كانی باشووری شنگالن، كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌لبه‌نات نه‌بێت كه زۆر له سه‌نته‌ری شاری شنگاله‌وه نزیكه.
له‌ڕووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه، ڕاستییه‌كه‌ی له‌چاو ئه‌و وێرانكاری و ئه‌و هه‌موو هه‌ڵایه‌ی حكوومه‌تی عێراق و لایه‌نگره‌كانی ده‌یكه‌ن، هیچی وا نه‌كراوه و تا ئێستا زۆربه‌ی شوێنه‌كانی سه‌نته‌ری شار و كۆمه‌ڵگه و گونده‌كان وێرانن. كاره‌با زۆر كه‌مه به‌گشتی نێو سه‌نته‌ری شنگال نه‌بێت كه جارجار ده‌گاته دوازده سێزده سه‌عاتی ڕۆژانه.
ئاو هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه له كۆمه‌ڵگه‌كاندا زۆر زۆر كه‌م بووه و نه‌بووه، ئێستاش هه‌ر نییه و جارجارە بە كه‌می هەیە. ڕێگه‌وبانه‌كان زۆر خراپن و ته‌قریبه‌ن وه‌ك جاران ماونه‌ته‌وه.
شنگالی ئێستا له‌ڕووی ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه:
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، زۆری و بۆریی ئه‌و هێزانه‌ی ئێستا له شنگالن، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی دڵنیایی و ئه‌مان و ئاسووده‌یی بۆ خه‌ڵكه گه‌ڕاوه‌كه مسۆگه‌ر بكه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه تووشی دڵه‌ڕاوكێیان كردوون، به هیچ شێوه‌یه‌ك ودۆخی ئه‌منی جێی متمانه‌ی خه‌ڵكه‌كه نییه. سه‌رنجی هه‌ره بنچینه‌ییش ئه‌وه‌یه، هه‌موو شوێنه هه‌ستیاره ستراتیجییه‌كان: وه‌ك سنووری سووریا و لووتكه‌كانی چیای شنگال، به‌ده‌ست هێزه‌كانی لایەنگری ئێران كه بریتین له حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه.
ئه‌ڵبه‌ت ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌ین كه تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی شنگالی لایه‌نگری كوردستانن، له‌نێو ئه‌وانه‌دا كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌ر زۆرینه‌ن
ئه‌و هێزه سه‌ربازی و ئه‌منییانه‌ی له شنگالن، بریتین له چه‌ند فه‌وج و لیوایه‌كی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و چه‌ندین لیوای حه‌شدی شه‌عبی كه سه‌ر به توندڕه‌وترین گرووپه‌كانی حه‌شدی شەعبین، هه‌روه‌ها چه‌كدارانی په‌كه‌كه كه ژماره‌یان له‌چاو پێش١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا ده‌یان هێنده‌ن.
ئه‌وه‌ی زۆر جێی مه‌ترسییه له‌سه‌ر چاره‌نووسی شنگال و دۆخی ئێستای، هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌یه له‌سه‌ر ڕاكێشانی ئێزدییه بێده‌ره‌تان و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان بۆ ڕیزه‌كانیان له‌ڕێی دامه‌زراندن و مووچه‌ی زۆر و ناونووسكردنی هه‌زارانی دیكه‌ش و ڕاسپاردنی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و هێزانه به‌و كه‌سانه‌ی كه زۆر نه‌یاری كوردستان و لایه‌نگری عێراق و حه‌شدی شه‌عبین.
ئه‌و هێزه پێنج شه‌ش هه‌زار كه‌سییه‌ی پۆلیسی فیدراڵیش كه به‌مدواییانه و پاش ڕێككه‌وتنی شنگال، چوونه‌تە نێو ده‌ڤه‌ره‌كه، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان توركمانی شیعه‌ی ته‌له‌عفه‌رن و چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی بوون، ته‌نانه‌ت به‌ده‌گمه‌ن ئێزدیشیان تێدایه، ئێستاش له‌ژێر فه‌رمانی قیاده‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا كار ده‌كه‌ن.
هێزه‌كانی په‌كه‌كه و لقه‌كانی له شنگال:
پاش هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، هێزه‌كانی سه‌ر به په‌كه‌كه، سه‌ره‌كیترین مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر شنگال و گه‌وره‌ترین هۆكاری ئاڵۆزبوونی دۆخی شنگال و ئیستیغلالكردنی ئێزدییه‌كان و هه‌ژاری و ئازار و كێشه‌كانیانن. ئاسته‌می یه‌كه‌می به‌رده‌م ڕێككه‌وتنی شنگالیشه كه له نێوان كوردستان و عێراقدا له مانگی یازده‌دا ئیمزا كرا.
له شنگال، به‌تایبه‌تی له چیا و باكووری شنگال، په‌كه‌كه، هێزی سه‌ره‌كی و حاكمی ناوچه‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت قایمقامی ناشه‌رعی و به‌ڕێوه‌به‌رانی ناشه‌رعی فه‌رمانگه‌كانیش، په‌كه‌كه دایناون.
له‌ڕووی سه‌ربازیشه‌وه، شنگال بووه‌ته قه‌ندیلێكی دووه‌م، ئه‌گه‌ر ئێستا یه‌كه‌م نه‌بێت، چونكه بووه‌ته مۆڵگه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی په‌كه‌كه و خه‌لفیه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له كوردستانی سووریا. ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سۆر كه گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدییان بوو نزیكترینیشیانه له سنووری كوردستانی سووریا، به‌ته‌واوی هه‌ر له شنگالیش دابڕێنراوه و كراوه‌ته سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی په‌كه‌كه.
په‌كه‌كه، به تایبه‌تی له چیای شنگال، زۆر خۆی قایم كردووه و ده‌كات، سه‌دان تونێل و تووله‌ڕێ و بنكه‌ی شاردراوه و جبه‌خانه‌ی چه‌كوته‌قه‌مه‌نی داناوه. ئه‌و باره‌گا داخستن و پاشه‌كشه‌ی په‌كه‌كه و ده‌رچوونیان له شنگال كه پاش ڕێككه‌وتنی شنگال باس ده‌كران، له نواندن و فێڵێكی هاوبه‌شی حكوومه‌تی عێراق و حه‌شدی شەعبی و په‌كه‌كه زیاتر هیچی دیكه نه‌بوو.
په‌كه‌كه، ته‌نسیقێكی ته‌واوی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی نایانگاتێ بۆ په‌كه‌كه‌ی جێ هێشتوون. له ناوچه‌كانی سه‌ر سنووری سوریا، له گونده‌كانی بارا، سیبا و قه‌راجی كولك، قیاده‌كانی په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی خه‌ریكی قاچاخچێتی هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كن، ته‌نانه‌ت هێنان و بردنی ئه‌و عه‌ره‌به ته‌عریبانه‌ی شنگال كه له‌گه‌ڵ داعش بوون و ده‌ستیان له كوشتن و تاڵان و ڕفاندنی ئافره‌تانی ئێزدی‌دا هه‌بووه، ئێستا به‌رانبه‌ر پاره‌یه‌كی زۆر عه‌فوویان ده‌كه‌ن و به خۆیان و ماڵ و منداڵه‌وه ده‌یانگه‌ڕێننه‌وه شنگال.
به عه‌ره‌بكردن و به شیعه‌كردنی شنگال:
سیاسه‌تی هه‌ره مه‌ترسیداری مه‌زهه‌بییانه‌ی به شیعه‌كردنی شنگال زۆر خه‌ته‌رناكانه به‌رده‌وامه و تا بڵێی هه‌موو ئه‌و شنگالی و ئێزدییانه‌ی دڵسۆزی شنگال و كوردستانیبوونی شنگالن، هه‌راسان كردووه به كوردانی شیعه‌مه‌زه‌بی شنگالیشه‌وه، ئه‌و ته‌عریب و ته‌شییعه به شێوازێك جێبه‌جێ ده‌گرێت كه ته‌نانه‌ت له ترۆپكی ته‌عریبكردنی شنگال و به‌هێزیی ڕژێمی سه‌دامدا، شنگال وه‌زعی وا خراپ نه‌بووه و هێنده‌ی ئێستا مه‌ترسیی له‌سه‌ر ناسنامه‌ی شنگال و داهاتووی و پێكهاته‌ی خه‌ڵكه‌كه‌شی نه‌بووه. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت دۆخی ئێستای شنگال له ڕسته‌یه‌كدا كورت بكه‌ینه‌وه ده‌بێت بڵێین: شنگال له ته‌عریبێكی ده‌یان ساڵه‌ی به‌عس و پێش به‌عسیشه‌وه به خێرایی هه‌نگاو ده‌نێت بۆ ته‌شیعێكی خه‌ته‌رناكی ئه‌وتۆ كه نه‌ك هه‌وڵی دیپلۆماسی و دانوستاندن و ڕێككه‌وتنی شنگال چاره‌سه‌ری ناكات، بگره مانایه‌ك بۆ ماده‌ی 140یش نامێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق زۆر ڕاستگۆیانه‌ش هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی بنێت، چونكه ده‌مێك بۆ نموونه به‌پێی مادده‌ی 140 ئاماری گشتیی شنگال و ڕاپرسی ده‌كرێت، شنگال بووه‌ته شارێكی عه‌ره‌بیی شیعیی ئه‌وتۆ كه كه‌سی وا نامێنێته‌وه ده‌نگ به گه‌ڕانه‌وه‌ی شنگال بدات بۆ سه‌ر هەرێمی كوردستان. ده‌زانم ئه‌مه بۆچوونێكی خه‌ته‌رناك و تاڵه، به‌ڵام ڕاستییه‌كی سه‌ر ئه‌رزه و ده‌بێت هه‌رچی زووتره چاره‌سه‌رێك بۆ پێشگیری لە به‌عه‌ره‌بكردنی تێكه‌ڵ به شیعه‌كردنی شنگال بدۆزرێته‌وه.
ته‌عریب و ته‌شییع (بە شیعەکردن) ئه‌مجاره‌یان له خاكه‌وه ده‌ستی پێ كردووه، بۆ نموونه هه‌موو ئه‌و لیوا و هێزانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه له شنگال جێگیر كراون، به به‌رفراوانی ده‌ستیان كردووه به كڕینه‌وه‌ی زه‌ویوزار له ئێزدییان به پاره‌یه‌كی زۆر و خه‌یاڵی به‌نیسبه‌ت ئێزدییان شنگاله‌وه، بۆ نموونه ئه‌و پارچه ئه‌رزه 400مه‌ترییه‌ی جاران به 3 ملیۆن دینار بوو، ئێستا حه‌شدی شه‌عبی له ئێزدییانی به 15 تا 20 ملیۆن دینار ده‌كڕێته‌وه، ڕۆژانه‌ش نرخه‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه، به‌ڵام حه‌شدییه‌كان گوێی پێ نادەن و به چه‌ند بێت ده‌یكڕن، له‌وه‌ش خه‌ته‌رتر، كه‌س نازانێت موڵكییه‌تی ئه‌و ئه‌رزانه به‌ناوی چ كه‌سێكه‌وه ده‌كرێت!!
ساڵانی پێشوو، پەكەكە ده‌یان دۆنم ئه‌رزه كه ده‌كه‌وێته نێوان مه‌ركه‌زی ناحیه‌ی سنوونێ و كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سووری له ئێزدییان كڕییه‌وه و خه‌ڵكه‌كه وایان ده‌زانی بۆ په‌كه‌كه‌یه، كه‌چی ئێستا ده‌ركه‌وتووه هه‌موو ئه‌و ئه‌رزانه دراونه‌ته حه‌شدی شه‌عبی و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه كراون.
له ناوچه‌كانی نێوان چیای شنگال و نێوشاری شنگال دیسان حه‌شدی شه‌عبی به سه‌دان پارچه ئه‌رزی له خه‌ڵكه‌كه كڕیوه‌ته‌وه و خۆیان بوونه‌ته خاوه‌نی. بۆ ئه‌م پیلانه خه‌ته‌رناكه‌ی میلیشیا جیاوازه‌كانی حه‌شدی شەعبی له شنگال، چه‌ند كه‌سێكی كه خۆیان سه‌ر به حه‌شدن، یان سه‌ر به په‌كه‌كه‌ن، به‌رانبه‌ر پاره ئه‌و كاره بۆ حه‌شد ده‌كه‌ن.
دیارده‌یه‌كی دیكه‌ی ترسناك ئه‌وه‌یه، ئێستا په‌كه‌كه له هه‌ر كاتێك زیاتر، ده‌ستی كردووه به خه‌ڵه‌تاندن و له‌خشته‌بردن و ڕفاندنی منداڵانی ئێزدی له شنگال و بردنیان بۆ قه‌ندیل به مه‌رامی مه‌شق و ڕاهێنان و چه‌كداركردنیان.
كورت و كرمانجی: شاڵاوی به عه‌ره‌بكردن و شیعه‌كردنی شنگال زۆر به وردی و به‌رفراوانی و به ئاشكرا به‌رده‌وامه. ڕاگرتنیشی كارێكی گه‌وره و پلان بۆ داڕێژراو و ئیمكانیاتێكی ماددی ده‌وێت، له پێش هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه پێویستی به گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه بۆ شنگال، چونكه دۆخی شنگال به‌گشتی زۆر خراپه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه و تا كات به‌سه‌ر ئه‌م دۆخە ناله‌باره‌شدا بڕوات، چاره‌سه‌ركردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی شنگال بۆ سه‌ر هەرێمی كوردستان، سه‌ختتر و ئاڵۆزتر ده‌بێت.
تعليقات