سه‌رۆك بارزانی‌ داخوازيه‌كێ‌ ئاراسته‌ی‌ ئێزدیان دكه‌ت

 سه‌رۆك بارزانی‌ داخوازيه‌كێ‌ ئاراسته‌ی‌ ئێزدیان دكه‌ت

وشه‌:

له‌ سه‌ڵاحه‌دین سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ میر حازم ته‌حسین به‌گ میری ئێزیدییان و ئه‌نجوومه‌نی ڕۆحانیی ئێزیدی كرد.

به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵێكی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌، له‌ دیدارێكدا ڕۆشنایی خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی خوشك و برا ئێزیدییه‌كان و ڕه‌وشی شنگال و ته‌حه‌دیاتی به‌رده‌م ئاساییبوونه‌وه‌ی ژیانی ئێزیدییه‌كان له‌ ده‌ڤه‌ری شنگال، میر حازم به‌گ و بابا شێخ عه‌لی و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ڕۆحانیی ئێزیدی، سوپاسی سه‌رۆك بارزانییان كرد كه‌ هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ ئێش و ئازاری ئێزییدییه‌كان بووه‌.

داوایان كرد كه‌ سه‌رۆك بارزانی هه‌موو تواناكانی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان بتوانن به‌ ئاسووده‌یی بۆ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌، كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ كۆسپ و ئاسته‌نگه‌كان نه‌مێنن و ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ له‌باره‌ی‌ شنگالدا، به‌ زوویی جێبه‌جێ بكرێت.

وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌، شاندی میوان داوای ئه‌وه‌شیان كرد كه‌ ئێزیدییه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمدا پشك و ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی دووپاتی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌، هه‌میشه‌ پاڵپشتی داواكاریی خوشك و برایانی ئێزیدی بووه‌ و هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ پشت و په‌نای ئێزیدییه‌كان بوونه‌، له‌ شه‌ڕی داعشدا بۆ ئازادكردنی ده‌ڤه‌ری شنگال، پێشمه‌رگه‌ 500 شه‌هیدی داوه‌. 

سه‌رۆك بارزانی به‌ پێویستی زانی كه‌ ڕێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ بكرێ، داواشی كرد كه‌ ئێزیدییه‌كان یه‌كڕیزیی ناوخۆیان بپارێزن و ڕێ نه‌ده‌ن ده‌نگی لابه‌لا و نامۆ زیان له‌ یه‌كگرتوویی و شوناس و ئاینی ئێزیدییه‌كان بدات و ده‌بێ ئێزیدییه‌كان مكوڕ بن له‌سه‌ر ماف و داوا ڕه‌واكانی خۆیان.

تعليقات

المشاركات الشائعة