نڤيسينگهها رزگارکرنا ئێزدیان:3545 گرتيێن ئێزدی هاتينه رزگارکرن
نڤيسينگهها رزگارکرنا ئێزدیان:3545 گرتيێن ئێزدی هاتينه رزگارکرن
رووداو دیجیتاڵنووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش رایگەیاند، بەپێی دوا ئاماری نووسینگەکەیان کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندی کردووە، تا ئەمڕۆ 3 هەزار و 545 رفێندراوی ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون، بەڵام هێشتا 2 هەزار و 768 ئێزدیی دیکە رزگارنەکراون.
نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش کە بارەگای سەرەکیی لە هەرێمی کوردستانە، رۆژی دووشەممە 2021/02/15، لە دوا ئاماریدا رایگەیاند: "بەپێی نوێترین ئاماری نووسینگەکەمان لەبارەی ئێزدییە رفێندراوەکانەوە کە قوربانیی تاوانە قێزەونەکانی رێکخراوی داعشن لە 3ـی ئابی ساڵی 2014وە ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق بە گشتی نزیکەی 550 هەزار ئێزدی بوو، بەڵام بە هۆی هێرشی داعشەوە نزیکەی 360 هەزاریان ئاوارە بوون، کەچی تائێستا تەنیا 150 هەزاریان گەڕاونەتەوە شنگال."
نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی رایشیگەیاند: "ژمارەی شەهیدانی ئێزدی لە چەند رۆژی سەرەتای هێرشەکەی داعشدا گەیشتووەتە هەزار و 293 شەهید. هەر ئەو هێرشە بووە هۆی بێباوانکردنی دوو هەزار و 745 منداڵی ئێزدی."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە تا ئەمڕۆ 82 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگاڵ دۆزراونەتەوە، ئەوە جیا لە دۆزینەوەی دەیان گۆڕی تاکە کەسی، لە کاتێکدا داعش 68 گۆڕی پیرۆز و مەزارگەی ئایینیی ئێزدییەکانی تەقاندووەتەوە و ئەو هەموو رووداوانەیش بوونەتە هۆی کۆچکردنی زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی بۆ دەرەوەی عێراق.
نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش ئاشکرایشی کرد: "شەش هەزار و 417 ئێزدی لە لایەن داعشەوە رفێندراون کە سێ هەزار و 548 رفێندراویان مێن و دوو هەزار و 869 رفێندراویان نێرن."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە تا ئەمڕۆ سێ هەزار و 545 لەو رفێندراوانە لە دەستی داعش رزگارکراون، هەزار و 205ـیان ئافرەتن، 339یان پیاون، 2001 رزگارکراویشیان منداڵن، بەوەیش هێشتا دوو هەزار و 768 ئێزدیی رزگارنەکراون کە هەزار و 298ـیان مێن.
تعليقات