200خێزانێن شنگال ئاواره‌ى هه‌رێما كوردستانێ دبن

200خێزانێن شنگال ئاواره‌ى هه‌رێما كوردستانێ دبن 

وشه‌:

 به‌ھۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی رێككه‌وتنی شنگال و خراپیی دۆخی ته‌ناهی و هه‌ڕه‌شه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ كوردانی ئێزیدی و دزینی منداڵه‌كانیان له‌ ترسی خراپی دۆخی ناوچه‌كه‌، ئه‌و ئاوارانه‌ی له‌ كه‌مپه‌كان گه‌ڕابوونه‌وه‌ بۆ شنگال، جارێكی تر ئاواره‌ ده‌بنه‌وه‌.

قادر قاچاغ به‌رپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شنگال، به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، دۆخی شنگال زۆر خراپه‌، رێككه‌وتن جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و بۆشاییه‌كی ته‌ناهی له‌ شارۆكه‌كه‌ ھه‌یه‌ و خزمه‌تگوزاریی نییه‌، ئه‌وانه‌ی ئاواره‌ی ھه‌رێمی كوردستان بوون گه‌ڕابوونه‌وه‌ بۆ شنگال، كه‌چی جارێكی تر به‌ھۆی خراپیی دۆخی ناوچه‌كه‌ ئاواره‌ی ھه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: به‌ھۆی خراپیی دۆخی شنگال و هه‌ڕه‌شه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ خه‌ڵكی شنگال و دزینی منداڵه‌كانیان، تا ئێسته‌ 200 خێزان له‌ شنگال ئاواره‌ی ھه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه‌. 

ئه‌وه‌شی گوت، هه‌ق نادرێت و رێككه‌وتنی شنگال له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق جێبه‌جێ ناكرێت، ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت ته‌نیا قسه‌یه‌ و ھیچ خاڵێكی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. 

عه‌لی عیسا به‌ڕێوه‌به‌ری ھاوئاھه‌نگی و زانیاری له‌ فه‌رمانگه‌ی ھاوئاھه‌نگی و قه‌یرانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، به‌ "وشه‌"ی گوت،  به‌ڵێ راسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌ڕابوونه‌وه‌ بۆ شنگال، جارێكی تر ئاواره‌ی ھه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند ھۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، وه‌ك ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ و بوونی گرووپی میلیشیا و جێبه‌جێ نه‌كردنی رێككه‌وتنی شنگال، به‌ڵام كه‌ ئێسته‌ جێبه‌جێ ناكرێت، دووباره‌ ئاواره‌ ده‌بنه‌وه‌.

عه‌لی عیسا ڕوونیشی كرده‌وه‌، به‌ھۆی ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌، له‌ شنگال خه‌ڵك زۆر ده‌ترسێت و به‌ره‌به‌ره‌ جارێكی تر شنگال جێدێڵن و ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌ و حكوومه‌تی عێراقیش ئاگاداری ئه‌وه‌یه‌، به‌ڵام بێ ده‌نگه‌.

تعليقات

المشاركات الشائعة