مالا ئێزدیان:پشتى ب داوى هاتنا شهرێ داعش ل باغۆز 384 ئێزدى هاتينه رزگاركرن
مالا ئێزدیان:پشتى ب داوى هاتنا شهرێ داعش ل باغۆز 384 ئێزدى هاتينه رزگاركرن
رووداو دیجیتاڵساڵێک و 10 مانگ بەسەر راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی باغۆز وەکو دوایین ناوچەی داعش لە بەشی رۆژهەڵاتی فورات لەلایەن هەسەدە تێدەپەڕێت. بەرپرسی گیراوانی دەستی داعش لە ئەنجوومەنی ماڵی ئێزدیان دەڵێت، لەوکاتەوە لانیکەم 384 ژن و منداڵی کوردی ئێزدی لە کامپی هۆل دۆزراونەتەوە و رزگارکراون.
مەحموود رەشۆ، بەرپرسی گیراوانی دەستی داعش لە ئەنجوومەنی ماڵی ئێزدیان لە رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەو کاتەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە 23ی ئازاری 2019 کۆنترۆڵکردنی دوایین خاڵی داعشیان لە باغۆز راگەیاند، تاوەکو ئێستا لانیکەم 384 ژن و منداڵی ئێزدی رفێندراوی دەستی داعش لە کامپی هۆل دۆزراونەتەوە و رزگارکراون، کە بەشی زۆریان منداڵ بوون".
بەرپرسی گیراوانی دەستی داعش لە ئەنجوومەنی ماڵی ئێزدیان لە رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "ئەوانەی لە کامپی هۆل رزگارکراون پێکهاتوون لە 150 ئافرەت و 234 منداڵ، بەڵام هیچ پیاوێک لەنێو رزگاربووەکان نییە یان نەدۆزراوەتەوە. پێمانوایە هێشتا کوردی دیکەی ئێزدیش هەبن و بە هۆکاری تایبەت نەتوانن ناسنامەی ئێزدیبوونی خۆیان ئاشکرابکەن. بۆیەش گەڕانمان لەنێو کامپی هۆل و کامپەکانی دیکە بەردەوامە".
بە گوتەی رەشۆ "لە کامپەکەدا هەڵگرانی وڵاتینامەی 65 وڵاتی جیاواز هەن، لەوانەش وڵاتانی ئەوروپی، عێراقی، ئێرانی، ئەفغانی و سووری و هتد..، کە بەشی زۆریان لە ژنانی چەکدارانی پێشووی داعش پێکهاتوون".
ئەو بەرپرسەی گیراوانی دەستی داعش لە ئەنجوومەنی ماڵی ئێزدیان باسی لەوەش کرد "بەشێکی ئێزدییەکان ناوێرن ناسنامەیان ئاشکرا بکەن و بەشێکیشیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بیری ئەو رێکخراوەوە".
مەحموود رەشۆ ئەوەی خستەڕوو "ئەو خانەوادانەی لە کامپی هۆل-دان بەشی زۆری ئەندامانیان ناوەکانیان خوازراوە. بەشی زۆری منداڵە کچەکان ناوەکانی وەکو زەینەب، فاتیمە و خەدیجەیان لێ نراون. هەرچی کوڕەکانیشە بەشی زۆری ناوی خوازراوی محەممەد و عومەریان لێ نراون".
ساڵی 2014 داعش لە عێراق و سووریا خەلافەتی راگەیاند، نزیکەی 40 هەزار کەس لە دەرەوەی عێراق و سووریا پەیوەندییان پێوەکرد، کە یەک لەسەر سێی ئەو کەسانە لە وڵاتانی ئەوروپییەوە بوون.
دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە شەڕکردن لەگەڵ داعش و زیاتر لە 11 هەزار شەهید و 21 هەزار بریندار، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە توانییان سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر داعش لە بەشی رۆژهەڵاتی فورات رابگەیێنن.
دوایین قۆناخی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە دێرەزوور لە 10-09-2018 لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدە بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد. لە 07-03-2019 چەکدارانی داعش لە باغۆز گەمارۆ دران، دەیان چەکدار و هەزاران ئەندامی خێزانی داعش لەو شوێنە خۆیان رادەستی هەسەدە کرد، 23-03-2019 هەسەدە کۆنترۆڵکردنی باغۆزی راگەیاند.
تعليقات