كچ و ژنێن ئێزدی داخوازا ژیانهكا باشتر دکەن
كچ و ژنێن ئێزدی داخوازا ژیانهكا باشتر دکەن
ژمارەیەك پارێزەری تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەكان و پسپۆڕی یاسا نێودەوڵەتییەكان لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی بەرفراوانیان لەبارەی جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە لە باشووری كوردستان و عێراق ئەنجامداوە. ئەو ژن و کچانەی کوردانی ئێزدی کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا قسەیان کردووە، داوای داهاتوویەکی باشتر دەکەن.
ئەنجامدەرانی لێکۆڵینەوەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ زیاتر لە هەزار ئاوارە کردووە، زۆربەیان کچ و ژنی کوردانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعشن. ئەوان دەیانەوێت كێشە هەنووكەییەكانیان چارەسەربكرێن، نیگەرانییەكانیان بڕەوێنرێنەوە و داهاتوویەكی باشتریان بۆ دابینبكرێت.
لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤاری هومن رایتسی ئەمریکی لەژێر ناونیشانی "چ دادپەروەرییەك بۆ جینۆسایدی ئێزدییەكان؟" بڵاوکراوەتەوە. لە ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ بەشێک لە کچ و ژنانی کوردانی ئێزدی، لێکۆڵەران گەیشتوون بەوەی، رزگاربووان بەلایانەوە گرنگە قەرەبوو بكرێنەوە و دادپەروەری بۆ ئەوان تەنیا سزادانی تاوانباران نییە".
دەرخستنی راستییەکان، گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و چارەسەركردنی برینەكانیان ئەو خاڵانەن کە کوردانی ئێزدی داوایان دەکەن.
بەگوێرەی سەنتەری نەرویجی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆڵۆکۆست و کەمینە ئایینییەکان کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەیان کوردی ئێزدی ئەنجامداوە.
"مەرجی ئێزدییەکان بۆ گەڕانەوە گەرەنتی پارێزگاریکردنیان، دانپێدانان بە مافی یەکسانیان لەچوارچێوەی یاسای عێراق، ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دیکەیان لە پارێزگای نەینەوا و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی داعشە".
بەگوێرەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، نزیکەی دوو هەزار کچ و منداڵی ئێزدی هێشتا کێشەی دەروونییان هەیە، ئەوەش بەهۆی رۆژانی سەختی کاتی هێرشی داعشەوە.
دکتۆر خان ئیلهان خزیلخان، دەروونناسە و بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری دەروونناسیدا بەدەستهێناوە، توێژینەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت، "رەخساندنی ئەمن و ئاسایش سەرەکیترین چارەسەرە بۆ ئەو ئێزدییانەی بەهۆی داعشەوە تووشی ترۆما بوون. ئەو ئێزدییانەی چارەسەری ترۆمایان بۆ دەکرێت، نابێت رووبەڕووی هیچ هەڕەشە و دیپۆرتکردنەوەیەک نەبنەوە".
لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیدا هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی رفێنراوان، قەرەبووکردنەوەی رزگاربووان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان زیاتر جەختیان لێدەکرێتەوە.
هەرچەندە لەو رۆژەدا بەڵێنی دڵخۆشکەر لەبارەی ژیانیان دەدرێت، بەڵام دوای شەش ساڵ لەوەی بەسەریانهات، کوردانی ئێزدی پێیانوایە ئەوەی کراوە لە ئاست چاوەڕوانی و بەقەبارەی پەیمانی بەرپرسان نییە.
ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی شنگالدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای شەهیدبوونی سەتان کوردی ئێزدی، سەتان هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەر بوون، هەزاران کەسیش لەلایەن داعشەوە شوێنبزرکران.
تاوەکو ئێستا لەکۆی 550 هەزار کوردی ئێزدی لە باشووری کوردستان، 360 هەزاریان ئاوارەن و 100 هەزار کوردی ئێزدیش چوونەتە دەرەوەی وڵات و تەنیا 20%ی خەڵک گەڕاونەتەوە شنگال. زۆرینەیان لە 14 کەمپی سنووری دهۆک دەژین. لە دەرەوەی وڵاتیش زۆربەی پەنابەرانی ئێزدی چوونەتە ئەڵمانیا.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان لە دهۆک دەڵێت: تاوەکو ئێستا نزیکەی "2 هەزار و 900 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ئەوانیش رزگاربکەین".
پاش شەش ساڵ، ئەوەی عێراق بۆ ئێزدییەکانی کردووە، پێدانی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە بۆ هەر خێزانێک کە بیەوێت بگەڕێتەوە ناوچەکەی، بەڵام هێشتا زۆر لەوانەش كە گەڕاونەتەوە ئەو پارەیان وەرنەگرتووە.
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆری میدیایی رووداوی رایگەیاند: لە 3-8-2014 تاوەکو 29-07-2020 لەکۆی 6417 ئێزدی رفێنراو لەلایەن داعش، 3530 کەسیان رزگاریان بووە و 2887 ئێزدی لەدەستی داعش ماون یان هیچ شتێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانرێت. بەو پێیە دوای شەش ساڵ لە کارەساتی شنگال و نزیکەی پێنج ساڵ لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی تاوەکو ئێستا 45%ی ئێزدییە رفێنراوەکان بێسەروشوێنن.
نزیکەی دوو مانگ دوای کۆنترۆڵکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، چەکدارانی ئەو رێکخراوە لە 3-8-2014 هێرشیانکردە سەر شنگال و سەتان هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و دەیانیش شەهیدبوون و هەزاران کەسیش بێسەروشوێن کران. بەڵام لە رۆژی 13-10-2015 پێشمەرگە شنگالی لە دەستی داعش دەرهێنا و کۆنترۆڵی کردەوە.
تعليقات