په‌رله‌مانێ كوردستانێ په‌يامه‌كێ ئاراسته‌ى ئێزديان دكه‌ت

په‌رله‌مانێ كوردستانێ په‌يامه‌كێ ئاراسته‌ى ئێزديان دكه‌ت  
وشه‌:
سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ یادی‌ شه‌ش ساڵه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ ئێزیدییه‌كان په‌یامێكی‌ بڵاو كرده‌وه‌ و رای‌ گه‌یاندووه‌، سوپاسی قاره‌مانییه‌تی پێشمه‌رگه‌ و هاوكاریی وڵاتانی دۆست ده‌كه‌ین كه‌ ڕێگه‌یان نه‌دا پێشڕه‌وییه‌كانی تاریكپه‌رستانی داعش زیاتر بێته‌ ناو قووڵایی خاكی كوردستان.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م دووی‌ ئاب، سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ په‌یامێكدا ڕای‌ گه‌یاندووه‌، سبه‌ی‌ یادی رۆژێكی ره‌ش له‌ مێژووی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ سێی‌ ئابی ساڵی 2014 و رۆژانی دواتر تیرۆریستان به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیا هێرشێكی دڕندانه‌یان كرده‌سه‌ر شنگال و كچ و ژنانی كوردانی ئێزدییان هاوشێوه‌ی چاخه‌ به‌ردینه‌كان به‌بارمته‌ برد و پیاو و گه‌نجانیشیان زینده‌به‌چاڵ كرد.

سوپاسی قاره‌مانییه‌تی پێشمه‌رگه‌ و هاوكاریی وڵاتانی دۆست ده‌كه‌ین
" ئێمه‌ كه‌ یادی ئه‌و ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، سوپاسی قاره‌مانییه‌تی پێشمه‌رگه‌ و هاوكاریی وڵاتانی دۆست ده‌كه‌ین كه‌ ڕێگه‌یان نه‌دا پێشڕه‌وییه‌كانی تاریكپه‌رستانی داعش زیاتر بێته‌ ناو قووڵایی خاكی كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌شیان له‌چه‌پۆكی ره‌شی تیرۆریستانی داعش پاراست و ئه‌فسانه‌ی داعشیان تێكشكاند" له‌ په‌یامه‌كه‌دا وا نووسراوه‌.

په‌رله‌مانی‌ كوردستان داوا ده‌كات كه‌ حكوومه‌تی عێراقی به‌ئه‌ركی ئه‌خلاقی و به‌رپرسیارییه‌تیی خۆی هه‌ڵبستیت و رێگه‌ به‌ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و تیمی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ لیكۆڵینه‌ و له‌تاوانه‌كانی داعش بدات كه‌ ئه‌و تاوانكارییه‌ دۆكیۆمینت بكات و له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رپرسیارانی ئه‌و تاوانكارییه‌ دادگایی بكرێن و قه‌ره‌بووی قوربانیان بكرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها داواكارن كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌موو تاوانكارییه‌كان له‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان به‌جینۆساید بناسێنیت و قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی كوردستان بكرێته‌وه‌ و به‌یاساو پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی، كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانی تری‌ ناوچه‌كه‌ و دنیا له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوانكاریی له‌و جۆره‌ بپارێزێت.

تعليقات

المشاركات الشائعة