كاروبارێن ئێزديان:سێ هەزار و 530 گرتيێن ئێزدى ژ ده‌ستێن داعش هاتينه‌ رزگارکرن

كاروبارێن ئێزديان:سێ هەزار و 530 گرتيێن ئێزدى ژ ده‌ستێن داعش هاتينه‌ رزگارکرن 
رووداو دیجیتاڵ

دوای شەش ساڵ لە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، دەیان چیرۆکی نەبیستراو لەنێو خێزانە رزگاربووەکانی شنگال هەن. ئەو خێزانەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەیانبینن، هەر یەکیکیان بە رێگەی جیاواز لە دەستی داعش لە موسڵ، تەلەعفەر، رەققە و تەبقە رزگاربوون، کۆچەر هەسن، باسی چیرۆکی خۆی و منداڵەکانی دەکات کە لەژێر دەسەڵاتی داعش چییان بەسەر هاتووە. 
 
کۆچەر رزگاربووی دەستی داعشە و باس لەوە دەکات، پێنج مانگ لەژێر زەوی لە زیندانەکانی داعش بوونە، منداڵەکانیان هەموو لێ سەندوونە. "بە ئێمەیان دەگوت، ئێزدی کافرن و دەبێت نەمێنن". 
 
نزیکەی 300 ژنی کوردی ئێزدیی دانعەمەر لە دەستی داعش رزگاربوون، بەشێک لەوان، هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەیی ژیانێکی زەحمەت و قورس بەسەردەبەن و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵی خۆیان.
 
رۆژی 3ـی ئابی 2014 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیى کوردانی ئێزدی لەلایەن پەرلەمانەوە دیاریکراوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "بۆ ئەوەیە لەڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قوربانییەکانی". 
 
خوناف عیدۆ رزگاربوویەکی دیکەی دەستی داعشە و دەڵێت، هەموومانیان کردە ئۆتۆمبێلەوە و بردیانین بۆ تەلەعفەر، 25 رۆژ لە تەلەعفەر ماینەوە. "ماڵی هەموومانیان وێرانکرد و کچەکانیان بردین، بوکەکانیان بردین و منداڵەکانیشیان بردین. ئێمە چی بکەین و دەسەڵاتمان نەبوو". 
 
بێزا مەندۆ رزگاربوویەکی دیکەیە، باسی ئەو رۆژە دەکات داعش چووەتە شنگال، دەڵێت، "جلەکانمان دەشۆرد، گوتیان داعش هات، دوو ئۆتۆمبێل هاتن و هەموویان بردین". 
 
خێزانێکی دیکە کە هەموو ئەندامەکانیان کەوتبوونە دەستی داعش، تاوەکو ئێستاش 11 کەسیان رزگارکراون و پێنج کەسیان بێسەروشوێنن دەڵێن، "چارەنووسی پێنج منداڵمان دیار نیین، شەش ساڵ تێپەڕدەبێت و هێشتا چاو لەڕێی ئەو منداڵانەین بگەڕێنەوە". 
 
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لە 2014/08/03وە تاوەکو 2020/07/29 لە کۆی شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێنراو لەلایەن داعشەوە، سێ هەزار و 530 کەسیان رزگارکراون و دوو هەزار و 887 ئێزدی لە دەستی داعش ماون یان هیچ شتێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانرێت". 

تعليقات

المشاركات الشائعة