دیندار زێباری: ل 2021 تیرۆرستێن داعش دێ ئێنه‌ دادگه‌هكرن

باسنيوز:
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رای دەگەیەنێت بڕیارە تیرۆرستانی داعش دادگایی بكرێن و یەکەم دادگاییش لە ناوەڕاستی ساڵی 2021دا دەبێت.

د. دیندار زێباری، لەمبارەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە: لە دوای هێرشی تیرۆیستانی داعش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی خستە گەڕ و چەند تیمێکی دامەزراند بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک لە ڕێکەوتی 25/11/2014 بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی‌تر و ئازادکردنیان، هەروەها دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە و چارەسەرکردن و لیژنەیەکی تایبەت بە دیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش دامەزراون، تا ئێستا (٢٦٠٠) کەیسی رفێندراوانی ئێزیدی، کریستیان، شەبەک و تورکمان تەواو بووە و زیاتر لە (٣٠٠٠) کەیسیش لە لێکۆڵینەوە دایە، لەڕووی دەروونییەوە (١٢٧٨) ئافرەت لە سەنتەری راوێژکاری پارێزگای دهۆک چارەسەر کراون.

 ئێستا حکوومەتی هەرێم لەڕێگەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتیی هەرێم دەکات لە تیمی نیشتمانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەردەوامیدان بەم پرۆسەیە.

سەبارەت بە کارەکانی تیمی یۆنیتاد د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "ئێستادا تیمی یۆنیتاد (١٢٩) فەرمانبەر لە خۆدەگرێت لە (٤٨) وڵات کە نیوەیان ئافرەتن، هەروەها بەشی هەرە زۆری پسپۆڕەکانیان هاووڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانن و لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاجیاکان، تیمی ناوبراو کاری هەڵدانەوەی لە (١٦) گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆجۆ تەواو کردووە و تا ئێستا (٣٤١) روفات لەو گۆڕانە دەرهێنراون، و لە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەتحاڵەکان کراوە و بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتی و نیشتمانییە کارپێکراوەکان دانپێدانانی گومانلێکراوان تۆمار کراوە."

ئاماژەی بەوەش کرد: "دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەلایەن تیمی یۆنیتادەوە، بەپێی ئەو ستراتیژییەی لە ساڵی 2019 پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، کاری پێشینەی تیمەکە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە داعش لە شنگال، نەینەوا و سەربازگەی سپایکەر لە تکریت ئەنجامی داون".

دەربارەی کاری پێشینەی تیمەکە زێباری رای گەیاند": کەیسی ئێزیدییەکان و ئەو تاوانانەی لە شنگال ئەنجام دراون و کەیسی سپایکەر کاری زۆریان لەسەر کراوە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و لێکۆڵینەوە لەگەڵ گومانلێکراوان و دیکیۆمێنتکردنیان".

 سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە دەشتی نەینەوا دەرهەق بە ئێزیدییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی‌تری ئەم ناوچەیە ئەنجام دراون وەک سوننە، ئێزیدی، کریستیان، کاکەیی، شەبەک و تورکمان، ئەمانە ڕووبەڕووی دەستدرێژی و رفاندن بوونەتەوە، هەروەها شوێنە پیرۆز و کەلتوورییەکانیشیان لەلایەن داعشەوە خاپوور کراوە. کەیسەکانی دەشتی نەینەوا تا راددەیەک ئاڵۆزن، بۆیە لێکۆڵینەوەکانیش کاتێکی زۆر دەخایەنێت، تا ئێستا مەترسییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە و خزمەتگوزاری پێویستی ژیانی رۆژانە لە ناوچەکە نییە و زۆربەی دانیشتوانی نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان".

سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان و بە دیکیۆمێنتکردنیان دیندار زێباری گوتی: "تیمی یۆنیتاد بڕێکی زۆر زانیاری دەست کەوتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆربەی ئەو بەڵگە نووسراوانەی کە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش دەستیان کەوتووە، دیکیۆمێنتیان کردووە و تا ئێستا زانیاری لەبارەی دەیان هەزار کەیس کۆ کراوەتەوە کە دەکاتە زیاتر لە (14.5) تیرابایت، هەروەها تیمی ناوبراو بڕی (960 هەزار دۆلاری ئەمریکیی تەرخان کردووە بۆ دابینکردنی کەلوپەل و مەشقکردن بە ئەندامانی تیمی پسپۆڕانی نیشتمانی بۆ کارکردن لە چوارچێوەی یۆنیتاد، و بڕیار وایە قۆناغی داهاتووی کاری لێکۆڵینەوەی تیمەکە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەست پێ بکات".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشی گەیاند: "تیشکی خستە سەر تیمی نیشتمانی عێراق کە کار دەکات لەگەڵ یۆنیتاد گوتیشی: "بڕیار وایە تیمێکی پسپۆڕانی نیشتمانی دادوەران لەسەر ئاستی عێراق دابمەزرێت، بۆ کارکردن لەگەڵ تیمی یۆنیتاد بۆ هەماهەنگی و پەرەپێدانی توانای دادوەرانی عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراون کە بە گوێرەی پێوەرە نێودەڵەتییەکان دەگاتە ئاستی تاوانەکانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵ. تیمی دادوەرانی عێراق کە هەرێمیش لەخۆ دەگرێت، یۆنیتاد پرۆگرامێکی مەشق و راهێنان بۆ ئەو دادوەرانە ئامادە دەکات، چونکە بەشداری راستەخۆیان دەبێت لە لێکۆڵینەوەکان و ئەگەر پێویست بێت لە پرۆسەی دادگایی کردنیشدا ئامادە دەبن، کە بڕیار وایە یەکەم دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە رۆڵی هەرێم لە تیمی پسپۆر و دادوەرانی نیشتمانی عێراق لە چوارچێوەی یۆنیتاد رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: یۆنیتاد ژمارەیەکی ناوی پێشکەش کرد وەک پسپۆڕی نیشتمانی، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە دەرفەت بدرێت بە (دادوەران، کەسانی شارەزا و چالاکوانان) بۆ کارکردن وەک پسپۆڕی نیشتمانی لە چوارچێوەی یۆنیتاد، هەروەها هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت بۆ  دڵنیا بوون لەوەی هیچ گرفتێکیان نییە بەتایبەتی لەرووی ئەمنییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەن خۆمانەوە چەند دادوەرێکمان پێشنیار کرد کە بۆ ماوەیەک راستەوخۆ کاریان لەسەر ئەو کەیسانە کردووە و شارەزاییەکی زۆریان هەیە، بۆیە رۆڵیان دەبێت لە گێڕانەوەی مافی کەسوکاری قوربانیان و قەرەبووکردنیان و ئەنجامدانی دادگاییەکی عادیلانە.

تعليقات

المشاركات الشائعة