گه‌نجه‌كێ ئێزدى داهێنانه‌كێ ل جیهانا یاریا ته‌پاپێ دا دکه‌ت
رووداو - ئەڵمانیا
ده‌وران كوردێکی ئێزدی باكووری كوردستانە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، له ته‌مه‌نی 20 ساڵییه‌وه هه‌موو توانای خۆی بۆ داهێنانەکەی بەکارهێناوە، به تامهزرۆییەوه باسی ئه‌و پرۆژه‌یه‌یمان بۆ ده‌كات كه بووەته داهێنانێكی نوێ له جیهانی یاریی تۆپی پێ له ئه‌ڵمانیا.
كۆمپاس ترێنه‌ر ناوی داهێنانەکەی دەورانە کە منداڵ زۆر به ئاسانی و خێرایی فێری ته‌كنیكەکانی لێدانی تۆپ و گۆڵکردن و هونەرەکانی دیکەی یاریکردن دەکات.
دەوران دەڵێ، له‌دوای هه‌ر بیرۆكه‌یه‌ك ده‌بێت به وردی بەدواداچوون بكه‌یت و بزانیت ئه‌و بیرۆكه‌یه هه‌یه یاخود ئه‌و شته بوونی هه‌یه، كێشه‌كه له‌وه‌دایه تۆ هیچ ناوێكت بۆ ئه‌و شته نیه تاوەکو بگەڕێیت به‌دوایدا، تۆ به‌دوای شتێك‌دا ده‌گه‌ڕێیت كه ته‌نها له مێشكی تۆدا بوونی هه‌یه.
ساڵی 2017 دەوران له ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌كاتی سەیرکردنی یاریی تۆپی پێدا بیرۆكه‌کەی بۆهات. ده‌وران باوکی چوار منداڵه، كوڕێكی له ته‌مه‌نی چوار ساڵییه‌وه یاریی تۆپی پێ دەكات، له یانه‌یه‌كی ناوداری هۆڵه‌ندی.
دوای ئەوەی ده‌بینێت چه‌ندین ته‌كنیكی قاچ له یاریی تۆپی پێدا زۆر گرنگه و بۆ منداڵان ئاسان نییه فێربوونی، بۆیه به خۆی و بیرۆكه‌كه‌یه‌وه ده‌چێته كۆمپانیای دێربه‌ر ستار كه تایبه‌تە بە دروستکردنی تۆپی مانشافتی ئه‌ڵمانیا، له‌وێ پرۆژه‌كه‌ی ده‌خاته سه‌ر مێزی به‌رپرسانی ئه‌و كۆمپانیایه.
داهێنەری کورد ده‌روان سه‌زه‌ك، یه‌كه‌م كه‌سبوو له جیهان لە ساڵی 2017 ئامێری بڕینی نانی دۆنه‌ری داهێناوە، لەبەرئەوە مەدالیای سیلڤه‌ری تایبەت بە داهێنەرانی لە ئه‌ڵمانیا پێبەخشرا.
خۆشه‌ویستیی كوڕه‌كه‌ی بۆ یاریی تۆپی پێ، ده‌ورانی كردووه بە داهێنه‌ری ئامێری كۆمپاس ترێنه‌ر کە لە رێگەیەوە دەتوانن بە خێرایی فێری ته‌كنیكی یاریکرن، لێدانی تۆپ و پاس ببن.
داهێنانه‌كه‌ی دەوران هێندە سه‌رنجڕاكێش ده‌بێت كه كۆمپانیای دێربی ستار ده‌بێته هاوبه‌شی ده‌وران و سه‌رپه‌رشتیی لۆجستی و بازاڕ بۆ پرۆژه‌کەی پەیدا ده‌كات، له هه‌مانكاتدا ناودارترین گۆڤاری وه‌رزش سپۆرت بیڵد كه هه‌فتانه ته‌نها له ئه‌ڵمانیا نزیكه‌ی 300 هه‌زار دانەی دەفرۆشێت، بوونه‌ته هاوبه‌شی پرۆژه‌كه‌ی ده‌وران و رێكلامی بۆده‌كه‌ن.
جێم كوڕی ده‌ورانه و ته‌مه‌نی 13 ساڵه، یاریزانێكی به‌توانایه و له یانه‌یه‌كی هۆڵه‌ندیی ناودار یاریده‌كات، ئه‌و ته‌كنیكه‌ی باوكی كارئاسانیی بۆ ئەو و هاوڕێكانی كردووە.
داهێنانەکەی دەوران ئێستا لە ئەڵمانیا دەنگی داوەتەوە و لە رێگەی ئۆنلاینەوە خواستی زۆری لەسەرە و فرۆشی زۆرە. زۆربه‌ی یانه‌كان ئێستا راهێنان به یاریزانه‌كانیان له رێگه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه ده‌كه‌ن.
ده‌وران ئێستا سه‌رقاڵی پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌یە و هه‌ر له ئێستاوه سپۆنسه‌ره‌كانی به تامهزرۆییەوه چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن.
تعليقات