گۆڤاره‌كا ئه‌مریكی: ئۆباما ئه‌گه‌رێ سه‌ره‌كی يێ جینۆسایدا ئێزدیان بوو
وشه:
دوای تێپه‌ڕینی پێنج ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژیی كوردانی ئێزیدی له شنگال، ئێسته‌یش پاراستنی ژیان و كه‌رامه‌تی پێكهاته ئاینییه جیاوازه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له دۆخێكی زۆر خراپدایه و كارێكی قورسیشه سه‌ركرده‌كانی ڕۆژئاوا بێنه سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه پێكهاته ئاینییه جیاوازه‌كان بپارێزن.
گۆڤاری "تابڵێت مه‌گه‌زین" ڕاپۆرتێكی له‌وباره‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی، له 2014 كاتێك داعش وه‌ك گرێیه‌كی شێرپه‌نجه‌ی هاته عێراق بوو به گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر تێكشكاندنی سنووره‌كانی ئه‌و وڵاته و وێرانكردنی ته‌واوی شار و ناوچه‌كان و كوشتوبڕی، زیانه‌كانی هاتنی تیرۆریستان بۆ عێراق یه‌كجار زۆره، به‌ڵام هیچیان به قه‌د جینۆسایدی ئێزیدی و كریستیانه‌كان نین، كه به‌هۆی جیاوازی ئاین له‌گه‌ڵ داعشه توندڕۆكان، به شێوه‌یه‌كی زۆر وه‌حشیانه و دوور له هیچ به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تی كه‌وتنه گیانی خه‌ڵكی ئه‌و دوو پێكهاته ئاینییه جیاوازه كه له ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شارۆكه‌ی شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌ژین.
دوای چه‌ندان جار كۆمه‌ڵكوژی كردن، پاش ڕووخانی سه‌دام، ئاشووری و كریستیانه‌كان به گشتی نموونه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان به شێوازێكی زۆر گونجاو بۆ ژیان زانی، كه له‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌ی پێكهێنه‌ری ئه‌وانن، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و لامه‌ركه‌زییان پێ بدرێ و خه‌ریكی ژیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان بن و به‌شێوه‌یه‌كی دادوه‌رانه داهاتی ناوچه‌كه به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی دابه‌ش بكرێت، به‌ڵام میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له ڕێی به‌غداوه هێرشیان كرده‌وه سه‌ر ئه‌و ناوچانه و جارێكی تر خه‌ونی ئه‌و خه‌ڵكه‌یان له‌بار برد، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسیان وه‌كو هه‌ولێر لێ بێت، نه‌ك وه‌كو ناوچه‌كانی تری عێراق كه له‌وپه‌ڕی دواكه‌وتوویی و بێ خزمه‌تگوزاریدا ده‌ژین.
مایكل یواش توێژه‌ری كه‌نه‌دی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئاشووری دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه پرۆژه‌ی به پارێزگاكردنی ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر درا بوو و به هیچ شێوه‌یه‌كیش بۆ جیابوونه‌وه له عێراق نه‌بوو، به‌ڵكوو جۆرێك بوو له دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ داهاتووی ئه‌و وڵاته یه‌كی ده‌گرته‌وه.
سامانسا پاوه‌ر توێژه‌ری ئه‌مه‌ریكی له گۆڤاری فۆرێن پۆلسی پێشتر له 2007 بڵاوی كرده‌وه، كه عێراق كۆمه‌ڵگایه‌كی زۆر له باره و هه‌مووان ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه پێویسته ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوی ورد بهاوێژێ و ڕێ له دووباره‌بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كان كه پێشتر به‌رانبه‌ر كورد و شیعه به‌كارهاتوون و پێشبینی ده‌كرێ له داهاتوویش به‌رانبه‌ر پێكهاته‌كانی تر ئه‌نجام بدرێ، به‌شێوه‌یه‌ك بنه‌بڕ بكات، كه هیچ كه‌س له‌و وڵاته هه‌ست به مه‌ترسی نه‌كات، له‌سه‌ر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زه‌وی.
له سێی ئابی 2014 دوای ئه‌وه‌ی داعش چه‌كی پێشكه‌وتووی سوپای عێراقی كه‌وته ده‌ست و هێرشی كرده سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه توانی تا نزیك هه‌ولێر پێشڕه‌وی بكات، به‌ڵام له شنگال كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دا، ئه‌ویش بریتی بوو له كوشتی ته‌واوی خه‌ڵكی ئێزیدی له گوند و ناوچه‌كان و بردنی كچ و ژنه‌كانیان بۆ بازاڕه‌كانی مووسڵ و دواتریش سووریا و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان وه‌ك كه‌نیزه‌ك.
سه‌ره‌ڕای برین و ئازاری ئێزیدییه‌كان له‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ریان هات، به‌ڵام له مانگی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2015 دوای زیاتر له ساڵێك، هێزی پێشمه‌رگه به پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی توانیان شنگال له ده‌ست تیرۆریستان پاك بكه‌نه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته‌یش ئه‌و ناوچه‌یه ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه و بۆ ژیانی ئاسایی ئێزیدییه‌كان وه‌ك سه‌رده‌می پێش هاتنی داعش ناگونجێت.
ناوچه‌كه ڕزگاركرایه‌وه، به‌ڵام چه‌ندان هێزی جیا جیای تێدایه، دواجاریش هێزه‌كانی عێراق و میلیشیاكان هێرشیان كرده سه‌ر شنگال و ئێسته له ده‌ست ئه‌وان و هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستاندایه، كه هیچ لایه‌ك حساب بۆ ئه‌وه‌ی تر ناكه‌ن و به ویستی خۆیان ناوچه‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، هیچ هه‌ڵبژاردن و فه‌رمانگه‌یه‌ك به شێوه‌یه‌كی ئاسایی له ناوچه‌كه بوونی نه‌ماوه، بگره ئه‌وه‌یشی هه‌یه، هه‌مووی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و لایه‌نه ململانێكاره‌كان دروست كراوه.
ئێسته به‌غدا هێزی جیا جیای بۆ ئێزیدییه‌كان دروست كردووه، به‌ڵام سه‌رجه‌میان له ڕیزی حه‌شدی شه‌عبیدان، كه هێزێكی میلیشیایییه و ئامانجیان كردنه پاشكۆی ته‌واوی پێكهاته‌كانه بۆ حوكم و سیاسه‌تی هه‌میشه‌یی شیعه له عێراق، كه ئه‌مه‌یش به‌هه‌مانشێوه هیچ سوودێكی بۆ ئێزیدییه‌كان نییه، به‌ڵكوو ته‌نیا به‌شێك له خه‌ڵكه‌كه‌ی له بێكاری ڕزگاركردووه و بێكاری و هه‌ژاری ناچاری كردوون، به‌دوای میلیشیاكانی شیعه بكه‌ون.
ئێزیدییه‌كان هیچ كه‌س له ناوچه‌كه پێشوازیان لێ ناكات، زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای توندڕۆیی ئاینی بیر ده‌كه‌نه‌وه و نایانه‌وێ پێكهاته‌یه‌كی تری ئاینیان بۆ زیاد ببێ، بۆیه ئه‌وان ته‌نیا دوو بژارده‌یان له‌به‌رده‌مدایه، یان مانه‌وه له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه له‌وێ تاڕاده‌یه‌ك ئازادی ئاینی و بیروبۆچوون فه‌راهه‌م كراوه، یان ڕۆیشتن بۆ ئه‌وروپا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بوون به په‌نابه‌ر و مانه‌وه، كه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ناوچه‌كان و مێژوو و كولتووری خۆیان له ده‌ست بده‌ن.
گۆڤاره‌كه ته‌واوی ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر پێكهاته‌ی ئێزیدی و كریستیان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه به گشتی هێنرا، له‌لایه‌ن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌وه له دوای 2014 بۆ سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ئه‌و جینۆسایده‌ی ده‌رحه‌ق به ئێزیدی و كریستیانه‌كانیش كرا، به جینۆسایدی ئۆباما ناو ده‌بات، چونكه هه‌رچه‌نده له 2008ه‌وه هۆشداری له جینۆسایدی پێكهاته‌كانی عێراق له‌لایه‌ن توێژه‌ر و سیاسی و ئه‌فسه‌رانه‌وه به حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا درا، به‌ڵام حكوومه‌تی ئۆباما نه‌ك هه‌ر گوێی به‌وه نه‌گرت، به‌ڵكوو له 2011 ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایشی كشانده‌وه و ژینگه‌یه‌كی زۆر له‌بار و گونجاوی بۆ كۆمه‌ڵكوژی پێكهاته‌كان دروست كرد.
تعليقات