ژبه‌ر ئێزديبوونێ وه‌لاتيه‌كى ئێزدى دئێته‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان

باسنيوز:
کوردێکی ئێزدیی خەڵکی عەفرین لە سووریا، کە لەلایەن گرووپێکی ڕادیکاڵەوە دەستگیر کراوە و بەهۆی ئێزدیبوونییەوە بۆ ماوەی پێنج شەو و ڕۆژ ئازار و ئەشکەنجە دراوە دەڵێت: ”ئێزدییەکانی عەفرین بەزۆر ناچاری گۆڕینی ئایینەکەیان دەکرێن و جزیەیان لێ وەردەگیرێت“. 

پیر مستەفا، یەکێکە لە کوردە ئێزدییەکانی عەفرین، کە ئێستا ئاوارەی قەزای شێخان بووە، چیرۆکی ئەو کارەساتە بۆ هەفتەنامەی (باس) دەگێڕێتەوە، کە لە عەفرین بەسەر ئێزدییەکان هێنراوە و گوتی: ”ئەو کارەساتەی ئێستا بەسەر عەفریندا دێت، هیچی لە کارەساتەکەی شنگال کەمتر نییە، چونکە لە عەفرینیش کچ و کوڕی ئێزدی ڕفێندراون و دەڕفێندرێن، ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن، سەرانە و جزیە بەزۆر لە خەڵک دەستێندرێت. تەنانەت لەژێر فشار و هەڕەشەدا، گرووپە میلیشیاییە ڕادیکاڵەکان کوردانی ئێزدیی عەفرین ناچار دەکەن ئایینی خۆیان بگۆڕن، مەزارگە و پەرستگاکانیان تێکداون و خاپوور کردوون، هیچ شوێنەوارێکی ئێزدییاتی لە عەفرین نەماوە، بەم دواییانەش گرووپە ڕادیکاڵەکان دەستیان بە بڕینەوە و سووتاندنی باخی زەیتوونەکان کردووە“.

سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەش دەڵێت: ”پێشتر و بەرلەوەی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە ڕادیکاڵ و میلیشیا تیرۆریستە پاشکۆکانی ئەم دەوڵەتەوە داگیر بکرێت، زیاتر لە 60 هەزار خێزانی ئێزدی لە شارەکە بوون، هاوکات 23 گوندی ئێزدی لە سنوورکە هەبوون، کەچی ئێستا تەنیا پێنج هەزار کەسی ئێزدی لە عەفرین ماون، ئەوانیش ئەوانەن، کە زوو فریای خۆیان نەکەوتوون و نەیانتوانیوە خۆیان ڕزگار بکەن. ئەوان ئێستا ڕۆژانە ڕووبەڕووی سووکایەتی پێکردن دەبنەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین“. داخیش بۆ ئەوە دەخوات، کە تا ئێستا هیچ وڵاتێکی جیهان، بەتایبەتی ئەوانەی بانگەشەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی گەلان و دیموکراسی دەکەن، بە هانای ئێزدییەکانی عەفرینەوە نەچوون و ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە.

دەبارەی تاوانەکانی گرووپە میلیشیایی و تیرۆریستییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، کە ماوەیەک پێش ئێستا کچ و ژنێکیان لەلایەن گرووپە ڕادیکاڵەکان لە عەفرین ڕفێندراون و دەستبەسەر کراون، جگە لەمەش ژنێکی دیکەیشیان لێیان کوشتووە، ئەمەو سەرباری دەیان حاڵەتی دیکەی ڕفاندنی کچ و کوڕی گەنجی ئێزدی و گوتیشی: ”بەگوێرەی زانیارییەکان و ئەو ناوانەی تۆمار کراون، تا ئێستا زیاتر لە 200 کچ و کوڕی گەنجی ئێزدی لەلایەن ئەم گرووپانەوە ڕفێندراون و بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان دیار نییە“.

 بۆ گەیشتن بە سەر و سۆراخی ئەو ڕفێندراوانەش پیر مستەفا دەڵێت: ”لەبەرامبەر ئازادکردنی گەنجەکانمان، ئەو گرووپانە داوای پارە لە کەسوکاریان دەکەن، هاوکات هەڵکوتانە سەر ماڵی ئێزدییەکان و بردنی پارە و زێڕ و سەروەت و سامانیان بەشێکە لە کردەوە قێزەونەکانی ئەم گرووپە تیرۆریست و ڕادیکاڵانە“.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی ئەوەی گرووپەکان دەوری عەفرینیان داوە و هیچ ڕێگەدەربازێکیان بۆ خەڵکەکە نەهێشتووەتەوە، هیچ کەس لەوانەی لەوێ ماونەتەوە، ناتوانن ڕابکەن، هەر کەسێکیش هەوڵی ڕاکردن بدات و ئاشکرا ببێت، جگە لە ئازار و ئەشکەنجەدان، بە بڕێکی زۆری پارە سزا دەدرێت. بەشێوەیەکی گشتی، دۆخی ئەوانەی ئێستا لە عەفرین بەناچاری ماونەتەوە، لەوپەڕی خراپیدایە، مەگەر بڕە پارەیەکی زۆر بدەیت و بتوانیت کەسێک بدۆزیتەوە هاوکارت بێت، بۆ ئەوەی ڕێی دەرچوونت نیشان بدات.  

ئەو بۆ هەفتەنامەی (باس) ئاشکرایشی کرد، ئەو گرووپە توندڕۆ و تیرۆریستییانە چوونەتە ناو ماڵی ئێزدییەکانی عەفرین و خانووەکانیان کردوون بە بارەگا، هەروەها هەندێکیان کردوونەتە زیندان و تیایاندا خەڵکی بێتاوان زیندانیی دەکەن و ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن و ناچار بە گۆڕینی ئایینەکەیان دەکەن.

دواجار باس لە چیرۆکی دەستبەسەرکردنی خۆی و ئەشکەنجەدانی بە دەستی ئەو گرووپانە دەکات و دەڵێت: ”من لە ماڵی خۆم بووم، بیرم لە ڕاکردن کردەوە، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ خێزانەکەم چووینە گوندی باسوانی، لەوێشەوە چووینە گوندی عشق قبار لە عەفرین، شەو گەیشتینە شوێنەکە. بۆ بەیانی بە مەبەستی کڕینی خواردن و پێداویستیی بۆ منداڵەکان، چوومە بازاڕ، دوو ئۆتۆمبێلی چەکداریی سەر بە گرووپی ئەبوو هەمزە هاتن و چەکیان لەسەر سەر ڕاگرتم و لە زەوی درێژیان کردم و گوتیان تۆ ئێزدی و دەبێ ئایینی خۆت بگۆڕیت، دواتر بردمیانە زیندان و بۆ ماوەی پێنج شەو و ڕۆژ ئازار و ئەشکەنجەیان دام و تا ئەوەی نەمدەتوانی دانیشم و بەناچاری و بۆ ئەوەی دەست لەو دڕندەییەیان هەڵگرن، شایەتمانیم هێنا“.

لە درێژەی قسەکانیدا و دەربارەی چۆنیەتیی دەربازبوونیشی لەو دۆزەخە گوتی: ”لەناو زیندان ڕێک کەوتین، کە بچم بۆ ڕۆژی دواتر هاوسەر و منداڵەکانیشم بێنم، تا ئایینی خۆیان بگۆڕن. هەر ئەوە بوو گەڕامەوە، بە خێزانەکەمم گوت هەر ئەمشەومان ماوە لێرە، دەبێ چارەیەکی خۆمان بکەین، دەنا هەموومان دەکوژرێین. ئەوە بوو یەک دوو کەسمان دیتەوە و لەبەرامبەر پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر، ڕێینوێنیی دەرچوونیان کردین و بە هەر جۆرێک بێت، توانیمان قوتار بین“.

جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دواتر خۆیان گەیاندووەتە هەرێمی کوردستان و سوپاسی خەڵکی هەولێر و دهۆک و شێخانیشی کرد، کە هاوکارییەکی زۆری خەڵکی ئێزدیی عەفرینیان کردووە و گوتی: ”ئێستا نزیکەی 73 خێزانی ئێزدیی خەڵکی عەفرین لە هەولێر و  46یشیان لە دهۆک، نیشتەجێ بوونە“.

تعليقات

المشاركات الشائعة