زارۆيێن رزگاربوويێن ئێزدى دێ دوو مليۆن ديناران وه‌رگرن

رووداو- هەولێر 
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دەڵێت، داوای بڕی دوو ملیۆن دینارمان بۆ هەر منداڵێکی رزگاربووی دەستی داعش کردووە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش رەزامەندی لەسەر داوە.

حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داتا و زانیارییەکی لەبارەی کوردە رفێندراوەکانی دەستی داعش داوەتە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بڕە پارەیەکیان پێبدرێ، پێش ماوەیەک رەزامەندی لەسەر پێدانی دوو ملیۆن دینار بە هەر کچ و ژنێکی رزگاربووی دەستی داعش درا.

لەبارەی پێدانی بڕە پارەیەکیش بە منداڵانی رزگاربووی دەستی داعش گوتی، بەر لە چەند رۆژێک لە سەردانێکمدا بۆ کەربەلا و کۆبوونەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومی، داوامانکرد ئەو دوو ملیۆنە منداڵانیش بگرێتەوە، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیش بەڵێنی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەیدا.

حوسێن قائیدی گوتیشی:" تاوەکو ئێستا قۆناخێکی پێدانی پارە بە رزگاربووان تەواوبووە، لەم چەند رۆژەش قۆناخی دووەم دەستپێدەکات و چاوەڕواندەکرێ لە قۆناخی سێیەمدا منداڵانی رزگاربووش سوودمەندبن لەو پارەیە".

تعليقات

المشاركات الشائعة