پەرلەمانێ عێراقێ داخوازێ ژ حكوومەتێ دكهت ببتە ئەندام ل دادگهها تاوانێن نێڤ دەولەتی
وشه:
بە مەبەستی پاراستنی پێكهاتەكان و سزادانی تاوانباران، لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق داوا لە حكوومەت دەكات ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. پەرلەمانتارێكی لیژنەكەش دەڵێ، هەموو پێكهاتەكانی عێراق رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، ئەگەر عێراق ئەندام بێت لەو دادگایە ئەوا عێراقییەكان دووبارە جینۆساید نەدەبوونەوە وەك ئەوەی لە شنگال و سپایكەر رووی دا.
ئەمڕۆ شەموو 13ی نیسان/ ئەپرێل، یوسڕا رەجەب، پەرلەمانتاری لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بینای پەرلەمان، داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
ئەو داوایەی ئەو پەرلەمانتارە هاوكاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی كیمیاباران و جینۆسایدی كوردە كە ساڵی 1983 دەستی پێ كرد و تا ساڵی 1988 بەردەوامی هەبوو، لەم ماوەیەدا زیاتر لە 182 هەزار كورد لەلایەن رژێمی بەعس ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدكران و هەزاران گوند و شارەدێ بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن.
رەجەب لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بەوە دا كە هەموو پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكانی عێراق رووبەڕووی جینۆساید و ئەنفال بوونەتەوە، هەر لە كیمیابارانی شاری هەڵەبجە و ناوچەكانی تری كوردستان تا دەگات بە شاڵاوی ئەنفال لە سەردەمی رژێمی بەعس، دوای ئەویش لە پاش 2003 ئەمجارە كوردانی ئێزیدی جینۆسایدیان بەرانبەر كرا، هەروەها شیعەكان لە سەربازگەی سپایكەر جینۆساید كران.
زیاتر گوتی، "ئەگەر عێراق ئەندامبووایە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەوا تاوانبارانی جینۆسایدی كوردان لە كیمیاباران و ئەنفال رووبەڕووی دادگای نێودەوڵەتی دەكران و دوای 2003ێش هەموو حكوومەتەكانی دواتر تا بە ئێستە دەگات زیاتر گرنگی بە پاراستنی هاووڵاتییانی خۆی دەدا و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی و سپایكەر رووی نەدەدا".
جێی باسە تا ئێستە عێراق نەبووەتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان و زۆرێك لە پێكهاتەكانی تر بە بەردەوام ئەو داوایە لە عێراق دەكەن.
تعليقات