ئاڤهدانكرنا شنگالێ دەست پێ كر
وشه:
پارێزگاری نەینەوا رای گەیاند كە دەستكراوە بە ئاوەدانكردنەوەی 1400 خانووی وێرانبووی شارۆكەی شنگال، لەو كاتەی بڕیارە هەینی داهاتوو لایەنی پێوەندیدار دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كوردانی ئێزیدی لە گوندی كۆجۆی سەر بە شنگال بكەن.
وەك لە رۆژنامەی "سەباح"ی فەرمی عێراقیدا هاتووە، نەوفەل عاگووب پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی كردووە، لیژنەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان لە پارێزگای نەینەوا دەستی كردووە بە ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی 1400 خانووی رووخاوی هاووڵاتییان لە شنگال وەك یەكەم هەنگاو كە بەدەستی چەتەكانی داعش وێران كراون.
زیاتر گوتی، هەردوو كۆمپانیای فاو و سەعد بە هاوكاری بژاردەیەكی ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی نەینەوا دەستیان كردووە بە پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك لە خانووری رووخاوی هاووڵاتییانی ئێزیدی بۆ یارمەتیدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.
هاوكات بەپێی زانیارییەكان بڕیارە سەعات نۆی بەیانی رۆژی هەینی داهاتوو لە رێوڕەسمێكی شایستەی ئاینیدا، دەسەڵاتدارانی پێوەندیدار گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كوردانی ئێزیدی لە گوندی كۆجۆی سەر بە شارۆكەی شنگال هەڵبدەنەوە.
لە 5ی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تا ئێستە لە سنووری شنگال دۆزراونەتەوە، گەیشتووەتە 71 گۆڕی بەكۆمەڵ، جیا لە دەیان گۆڕی تاك.
تعليقات