كچه‌كا ئێزدى شه‌ش رۆژە بێ سەروشوونە

رووداو- شێخان
نەجلا جەلال، کچێکی تەمەن 16 ساڵانە و کوردی ئێزدییە، ماوەی 6 رۆژە دیار نەماوە و هیچ سۆراخێکی نییە. نەجلا دەچێتە ماڵی مامی لە کەمپی ئیسیان لە قەزای شێخان. دوای چەند کاژێرێک لە گەیشتنی بە ماڵی مامی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی ماڵباتەکەی چووەتە دەرەوەی کەمپەکە و هێشتا نەگەڕاوەتەوە.

نەجلا کە خوێندکاری پۆلی 10ی ئامادەیی بوو، شەوی 9-10-2018 لە كەمپی ئیسیانی سەر بە قەزای شێخان ناسنامە و کەلوپەلەکانی خۆی پێچاوەتەوە و رۆیشتووە، ئەوە 6 رۆژە کەسوکارەکەی بەدوایدا دەگەڕێن و نەیاندۆزیوەتەوە.  


جەلال دەخیل، باوكی نەجلا، کاتێک ناوی کچەکەی دێت دەست دەکات بەگریان و بە دڵی پڕەوە باسی کچەکەی دەکات و دەڵێت: " ئێمە لە نێوان كەمپی ئیسیان و شنگال دەژیاین، بەڵام چووینەوە بۆ شنگال بۆ ئەوەی منداڵەكانمان خوێندنەكەیان تەواو بكەن. دوای ئەوەی نەجلا بووە پۆلی 10ی ئامادەیی، گوتی دەچمە ماڵی مامم بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنەکەی بدات. ئەو دەڵێت: "كچەكەم تاقانەی 6 برایە و زۆرمان خۆشدەوێت، بە ژیانی دڵمان نەشكاندووە، یان قسەیەكی ناشیرینمان پێنەگوتووە، نازمان هەڵگرتووە، كە گوتیشی دەچم بۆ ماڵی مامم رێگەم دا بچێت".

باوکی دەڵێت: "نەجلا کێشەی نەبوو، نازانم چۆن ئەمە روویداوە، نازانم چۆن کاژێر 12ی شەو بەبێ ئەوەی کەس بزانێت و ئاگاداربێت رۆیشتووە، ئەوە نزیکەی یەک هەفتەیە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، دایکی لە خەفەتی ئەو تەندروستی تێکچووە".

هەر لەوبارەوە فەیسەڵ دەخیل، مامی نەجلا، کە ئەو كچە شەو لە ماڵی ئەوان رۆیشتووە و نەگەڕاوەتەوە، بە (رووداو)ی گوت: "نەجلا هات بۆ لامان گوتی ئەمساڵ لای ئێوە خوێندنەكەم تەواو دەكەم، ئێمەش دڵمان پێخۆشبوو، چونكە نەجلا كچێكی ژیرو زیرەك بوو، ئەو شەوە هەموومان بەیەكەوە نانی ئێوارەمان خوارد، بەیەكەوە كۆبووینەوە، نەجلا زۆر ئاسایی بوو، هەستمان نەكرد كە بەتەمای شتێكە، وەك هەموو جارێك ئاسایی بوو".

نەجلا دوای خەوتنی هەموو ئەندامانی خێزانی مامی، نیوەشەو شتەکانی پێچاونەتەوە و کەمپەکەی جێهێشتووە، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بزانێت بۆ کوێ رۆیشتووە و چی بەسەر هاتووە، رۆیشتنێک کە بۆ کەسوکارەکەی شپرزەیی و خەمێکی قووڵی دروستکردووە و ماڵەکەی پڕکردووە لە چاوەڕوانی.

کەسوکاری نەجلا هەمان رۆژ کە زانیویانە رۆیشتووە، هەواڵیان داوەتە پۆلیس، بەڵام تا ئێستا پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەبارەی نەجلا دەستنەکەوتووە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە. 

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک سەبارەت بە ونبونی ئەو کچە بە (رووداو)ی راگەیاند: " لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە قەزای شێخان  کەسوکاری ئەو کچە سکاڵایان تۆمار کردووە  و داوا دەکەن کچەکەیان بدۆزینەوە، ئێستا لە لێکۆڵینەوەداین بۆ ئەوەی لە چارەنووسی دڵنیابینەوە". 

تعليقات

المشاركات الشائعة